په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٩

    من و تۆ دوو خەیاڵی تەواونەکراوین.


دڵکەش قادر

تۆ
جوانترین ماچی بەسەر لێومەوە
درێژتیرین قەسیدەی به سەر زمانمەوه
جوانترین نیگای له نێو دیەمەوه
ئەی میلی کاتژمێری تەمەنم
تۆ ئەو خۆرەی که ئاوانابی
له نێو خەیاڵـما جوانترین کۆشکی
که لێتەوه دەڕووانم بۆ شەپۆلەکانی دەریا و
من ئاوێزانی ئەو گریانه دەکەی
که له ماچێك کەوتنەخوارەوه
دوو گوڵ له نێو یەک گوڵداندا
دیلی دوو خەیاڵن
که ئازادییش ناتوانێ دیلیان بکا
دوو باڵن لەسەر فڕێنی پشتی نەوڕەسێکا
دوو دێرین له قەسیدەیەکی نەنووسراو
من خەون بەو رۆژانەوه دەبینم
که له ماڵی تۆ سەرخەوێ بشکێنم
تۆ خەون بەو رۆژانەوه دەبینی
که له ژێر ساباتێكا
یەکتری بنووسینەوه
تۆ خەیاڵ دەکەی لەسەر زمانت دیل بم
من خەیاڵ دەکەم
لە نێوچاوتا ماڵێك به زمانی عیشق
بینا بکەین.
من و تۆ
دوو خەیاڵی تەواونەکراوین.

 

٢١\١١\٢٠١٩ - سـلێمانـی
ماڵپه‌ڕی دڵکەش قادر

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک