په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٠\٢٠٢٥

میرات لە نێوان باشیی و خراپییدا!

رەهێن یاسین حەمەدئەمین

 

میرات واتا گواستنەوەی سامان، پارە، ماڵ، زەوی و مافە دارایییەکانی کەسی مردوو بە یاسا بۆ ئەو کەسانی کە مافی وەرگرتنی میراتیان هەیە، ئەم گواستنەوەیە لە سەر بنەمای یاساکانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت و مەبەستی سەرەکی تێدا پاراستنی داد و یەکسانی و مافی ئەندامانی خێزانە.


میرات یەکێکە لەو سیستەمە دادپەروەرانەیە کە دەبێت تیدا داهاتووی خێزان و ژیانی ئەندامانی و داهاتووی کەس و کاری مردوو پارێزراو بێت. بەڵام زۆر جار لەو وڵاتانەی کە تێیدا سیستەمی یاسایی بە شێوەیەکی تەواو جێبەجێ ناکرێت، نموونەی وڵاتانی جیهانی سێیەم کە کوردستانیش بە یەکێک لەو وڵاتانە پۆلینکراوە، بابەتی میرات و دابەشکردنی میراتە لەبری ئەوەی ببێتە باشە و هاوکاری بۆ کەسوکاری مردوو، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی شەڕ و ناکۆکی لە نێوان ئەندامانی خێزانەکەدا.

هەروەها لە کاتی دابەشکردنی میراتدا فروفێڵ و گزی تێ دەکەوێت. ئەوەی دەبێت بە دادوەری و یەکسانی جێبەجێ بکرێت، دەگۆڕێت بۆ ستەم و نادادپەروەری، هەموو ئەمانەش بەهۆی نەبوونی سیستەم و چاودێری یاساییەوە روودەدەن، کێشەی میرات دەبێتە هوی تێکچوونی پەیوەندی نێوان خوشک و برا و مام و خاڵ و تەواوی ئەندامانی خێزان، بە هووی میراتەوە ململانی و فروفێل و خەڵەتاندن و تەنانەت جاری واش هەیە لەوە زیاتر دەڕوات و دەگات بە تاوان، خوێنرێشتن .
بە گشتی لە کاتی دابەشکردنی میراتدا دوو توێژ بە زۆری ستەمیان بە ئاسانی لێدەکرێت ئەو دوو توێژەش ژنان و منداڵانن، بە تایبەت ئەو منداڵانەی کە بێ‌دایک و باوکن.


بە پێی یاساکان، منداڵ تا نەگات بە تەمەنی ١٨ ساڵ بە شێوەیەکی فەرمی خاوەندارێتی میرات ناکات، ئەمە وا دەکات پشکی منداڵ لە میرات بکەوێتە لای کەسانی گەورە نموونەی باپیر، داپیر، مام و خال و پوور.


کاتێک بەشە میراتی منداڵ دەکەوێتە بەر دەستی کەسانی گەورە لەبری ئەوەی پارێزگاری لێ بکەن و بۆی هەڵگرن تا کاتی گەورەبوونی منداڵەکە، کەچی بەهۆی چاوتێبڕین و بێ‌چاودێری یاساییەوە، سامانی بەشە میراتی منداڵ دەخۆن یان دەفرۆشن بۆ خۆیان. لە کوردستانی عێراق سەدان نموونەی راستەقینە هەیە کە چۆن مام یان خاڵ یان باپیرەکان ستەم لە منداڵانی بێ دایک و باوک دەکەن و هەموو رێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی بەشە میراتی منداڵەکان دەست بەسەردا بگرن و بۆ خۆیان بیخۆن، زۆر جار مام و خاڵەکان بەبیانووی ئەوەی چاودیری ئەو منداڵانە دەکەن بە مافی خۆیانی دەزانن کە بەشە میرانی منداڵەکان بۆ خۆیان ببەن، هەندێک جار لە رێگای فێڵ و خەڵەتاندنەوە دەست بەسەر بەشە میراتی منداڵاندا دەگرن، یان تەنانەت ئەگەر خەڵەتاندن بێ سوود بێت پەنادەبرێتە بەر هەڕەشە لە منداڵەکان و ناچاریان دەکەن کە دەست لەبەشە میراتی خۆیان هەڵگرن ئەگەر نە رووبەڕووی لێدان و دەرکردن لە ماڵ و تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیش دەبنەوە، لە دادگاکانی کوردستاندا سەدان دۆسیەی لەم جۆرە کارانە هەیە، بە سەردانکردنێکی پۆلیسی نەوجەوانانی کوردستان سەدان دۆسیەی هەڕشە و راوودوونانی منداڵانی بێ دایک و باووک دەبینیت.


بەراستی ئەم جۆرە لە ستەمەی کە لە منداڵان دەکرێت لە لایەن کەسە نزیکەکانیەوە بە هووی چاوتێبڕین لە بەشە میراتەکانیان نەک تەنها ستەمێکی دارایییە، بەڵکو ستەمێکی دەروونی و ئەخلاقییە، چونکە زۆر جار منداڵەکان بەتایبەتی منداڵی گەورە هەست دەکات ستەمی لێ دەکرێت بەڵام لەبەر بێ دەسەڵاتی هیچی پێناکرێت. تووشی دەیان گرفتی دەروونی دەبێت، بەهۆی نەبوونی سزای گونجاو و نەگەیشتن بە چاودێری فەرمی، ئەم جۆرە ستەمە بە ئاسایی تێپەڕ دەبێت.
چارەسەر و ڕێگاکانی پێشگرتن لەم دیاردەیە.

بۆ پێشگرتن لە خوادنی میراتی ئەوانی تر بەتایبەتی منداڵان ، پێویستە هەموو کەسێک تا لە ژیانداماوە سامانی خۆی بە نووسرا و بە فەرمی دابەش بکات و لای پارێزەر و دەستەی یاسایی بە نووسراوو هەڵکیرێت. ئەمە دەبێتە هووی پاراستنی مافی ئەندامانی خێزان و بە تایبەتتر مافی منداڵان و ئافرەتان.


هەروەها گرنگە حکومەت و دادگاکان بە ئەرکی خۆیان هەستن و یاسای پاراستنی میرات بە شێوەیەکی کارا جێبەجێ بکەن. چاودێری فەرمی لە دابەشکردنی میرات بکەن، رێگری بکرێت لە ستەم و فروفێڵ لە کاتی دابەشکردنی میراتدا بە تایبەت مافی ژنان و منداڵان پارێزراو بێت.

 

 

١٩\١٠\٢٠٢٥

rawahamajan8@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک