٢٣\١\٢٠١٤
مردن..
دارەبەرزە.*

فەتاح حەسەن
-
رەنگی مردن
تابلۆی ئازارەکان، بێ رەنگن
وەك رەنگی من.
کە لە سامی زامی مردن
رەنگ لە روخسارم پەڕیوە.
بڵێی مردن رەنگاوڕەنگ بێ؟
یان، وەك تابلۆی ئازارەکان
هەر بێ رەنگ بێ!
ئەگەر، مردن رەنگاوڕەنگ بێ!
رەنگی روخسارمی دزیوە.
چونکە مردن، تابلۆیەکی ئەبەدییە
تابلۆ ئەبەدییەکانیش بێ رەنگن.
-
وەرە توبی خوا
مەرگ، ئەمشەو خاترجەم بە
لەم کولبەی ئەحزانە وەدەرم نێ.
نەوەك جارێ بگرە سەد جار بێمنەت بە
لە باطن و لە ضاهردا منەوەر بە.
لە ناخمدا و لەبەر دیدەم تاکو مابم
مخەیەربەو بەبێ پەروا تاجی سەربە.
-
دارەبەزە
تروسکەی مۆم
بە شەونمی سەر سەوزایی
دەوروبەری گڵکۆکاندا
وەك، ئاوێزە، گوزەر دەکا.
* * *
بەمڕۆژی هەینی پیرۆزە
فاتیحایەك
لەسەر گڵکۆی، پیرێژنێك دەخوێنم
کە هاوتەمەنی دایکمە.
* * *
لە پاش مەرگت
نە کوچەیەك (شك) دەبەم، نە کەنارێك..
تیای بسرەوم.. ئەی بۆ دەڵێن..!
(جێگەی غەریبان کوچە و کەنارە)**.
* * *
مزگەوتی بێ میحرابە
کڵێسای بێ خاچە
دڵی من، بێ تۆ
دایە.
* * *
کە، دەبینم
کوڕێك لەجێی گوڵی سیسبووی
گڵکۆی باوکی،
گوڵی گەشاوە دادەنێ
لە دڵەوە گریانم دێ
بۆ دارتووە، وشکەوەبووەکەی ژورسەرت
بابە.
* * *
بە کلیلی ماڵەکەی خۆم
لەسەر قەدی سنەوبەرێك
ناوی سییانیم هەڵدەکۆڵم.
لێی دەنووسم.
دارەبەزەی پیاوێکی نامۆ.
__________________
*
دارەبەزە: دارەمەیت.
*
دێڕە شیعرێکی فۆلکلۆرە.
دانیمارک / ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|