په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٥\٢٠١٢

کورتە چیڕۆک:

مردنێک بە دەم پێکەنینەوە.


کاروان محەمەد فەتاح  


لەژێر سەماى سێبەرى دارتووەکەى ماڵى خۆمان دانیشتووم و چیرۆکێکى ئەو نووسەرە دەخوێنمەوە، کە هەمیشە بە سەرخۆشى دەینووسى، چیرۆکەکە باس لە خوشک و برایەکى تەنیا دەکات، لە گوندێک هاوشێوەى ئەم گوندەى ئێمە، بەهۆى ئەوەى کە ماڵەکەیان نزیکى دەریایە، ئاوى دەریاکە دەچێتە ژێر خانووەکەیان و بەسەریاندا دەڕووخێت، تا ئەو شەوەى کە مردن، هەر لە ماڵەوە بوون و سەردانى کەسیان نەدەکرد و کەسیش نەدەهات بۆ لایان، بۆیە پاش چەند ڕۆژێک خەڵکەکە پێیان دەزانن و لەژێر داروپەردووى خانووەکە دەریان دێنن... مردنێکى جوان و بێدەنگە... ها؟ جوانترین مردن، مردنى بێدەنگ و نهێنییە، بە جۆرێک کەس بە مردنت نەزانێت. تەماشایەکى خوارەوەى خۆم دەکەم، بێشەڵانە چڕەکەى لاى چەپى ماڵەکەمان دەبینم کە چەمێک سینگى شەق کردووە و دار و درەختى بێشەڵانەکە خۆیان بە سەر چەمەکەدا نووشتاندووەتەوە و نایەڵن تیشکى خۆرى ئەو ڕۆژەى کۆتایى بەهارى بگاتێ و بریقەى لێبێنێ.


سەرم هەڵدەبڕم... دایکم لە ژوورەکە بە سەرپۆشێکەوە دەبینم، کە چەند تاڵە قژێکى سپى بە لاڕوومەتەکانیدا هاتوونەتە خوارێ، بەدیار ئەو وێنەیەوە ڕاوەستاوە و ئەشک ئەڕێژێ کە براکەم بە بلووزێکى ڕەشەوە بەرخێکى لەباوەشدایە و بزەیەکى شیرین و لاسارانە بۆ کامێراکە دەکات، دیار بوو کە فۆتۆگرافەرەکەى زۆر ماندوو کردووە تا وێنەیەکى گرتووە، ئەو دیمەنە ڕۆژى لافاوە کتوپڕەکەى بیرهێنامەوە، ئەو لافاوەى لەگەڵ خۆیدا ئاگرى تووڕەیى هێنابوو، ئەو لافاوەى ژیانى ماڵى ئێمەى بۆ خۆى برد. دایکم لەو ڕۆژەوە لە هەموو هەورێک دەترسێت، هەرکات هەور دەبینێت، مردنى بیر دەکەوێتەوە.


ئەو ڕۆژە من و سالارى برام وەکو هەموو ڕۆژەکانى دى لەژێر ئاسمانى شیندا بەرخەکانمان بۆ ئەو بێشەڵانە برد، کە ئێستا زیاتر لە هەر شت بۆنى مردنى لێدێت، یان لانى کەم ئەمە بۆ ئێمە وایە، بەهۆى ئەوەى کە زۆر منداڵ بووین، دایکم نەیدەهێشت زۆر لە ماڵ دوور بکەوینەوە، نەک لە بەرچاوى ون بین و شتێکمان بە سەر بێت، بەرخەکانمان لەو نزیکانە لەوەڕاند و خۆمان بۆ قەراخى چەمەکە ڕۆشتین، کە شڵپوهوڕى ئاوەکە دەنگێکى نەرم و خۆشى هەبوو، وەک دەنگى گیتارى دەستى گیتارژەنێک، ئەو دەمەى کە لە کەنارى دەریادایە. لە ڕۆخى ڕووبارەکە شوێنێکمان بۆ خلیسکێنە دروست کردبوو، مەتارەیەکمان دەخستە ژێرمانەوە و لەسەرەوە بۆ خوارەوە خۆمان دەخشان، لەژوور سەرمانەوە خۆر ڕەنگی زەردێکى جوان بوو، ئاسمان هێندە شین و ساف بوو، تەنها چەند پەڵە هەورێکى پاکى تێدابوو، لە پڕ هەورێکى تۆخى ڕەش ئاسمانى گوندەکەى داپۆشى و گوێمان بەو چەخماخەیە کاس بوو، کە دەنگى وەکو لێکخشانى دوو بەردى تیژ وابوو.. بارانێکى تووند بارى.. شێوەى بارانەکە وەکو تاڵى مافوورى تەواو نەکراوى بەردەستى ژنە تەونکەرەکان بوو، ئاوى چەمەکە زیادى کرد و بە خێراییەکى سەیر دەڕۆیشت و هاژەیەکى ترسناکى هەبوو، نەمدەتوانى گوێ لەو دەنگە بگرم، ئەو دەنگە هێندەى لە مردنەوە نزیک بوو، هێندە لە ژیانەوە نزیک نەبوو، دایکم لە سەربانەکەوە بانگى لێکردین و وتى:


- کوڕەکانم، بەرخەکان بێننەوە، دڵم ئەم بارانە باش ناخوێنێتەوە و شتێکى بەدواوەیە.


ڕاستى کرد، ئەو شتەى بە دواوە بوو، کە بە هۆیەوە شەیپوورى کۆتایى ژیان لە ماڵى ئێمە لێدرا، ئێستاش هەرچەندە دەکۆشم بزانم دایکم چۆن زانى ئەو بارانە شتێکى بە دواوەیە؟ بەڵام ناتوانم ئەم مەتەڵە پڕ لە نهێنییە هەڵبێنم، تۆ بڵێى هەموو دایکەکان پێش مردنى ڕۆڵەکانیان گوێیان لە بووقى مەرگیان بێت؟ نازانم، ڕەنگە وابێ، لەوانەشە هەر تەنیا ئەمە بۆ دایکمى من ڕاست بێ، ویستم بە قسەى بکەم و بڕۆمەوە بۆ ماڵ، چونکە زۆر ترسنۆک بووم، ترسم لە هەر شت زیاتر لە وشەى ترس خۆى بوو، بەڵام (سالار)ى برام لەوە لاسارتر بوو بە قسەى دایکم بکات، ئەو بەردەوام حەزى بە کارى ڕیسک دەکرد و لە هیچ شتێک سڵى نەدەکردەوە، هەر کارێکى بکردایە بیرى لێنەدەکردەوە، من وانەبووم، زۆر بیرم لەو شتە دەکردەوە کە دەمویست ئەنجامى بدەم، مرۆڤەکان زۆربەى ئەو شتانەى بیرى لێدەکەنەوە لێى دەترسن. ویستم بە دایە بیترسێنم، بۆ ئەوەى بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە، وەلێ ئەو منداڵێکى سەرەڕۆ و چاونەترس بوو گوێى لێم نەگرت، من سەرم لەو ئازایەتى و بوێرییەى سووڕما بوو، نا..نا... ئەو ئازا نەبوو، ئەوە ترسنۆکى من بوو وا هەستم دەکرد ئەو ئازایە. ئەو تەنانەت شەوێکى هاوین لەژێر تریفەى مانگدا لە کاتى گەڕانەوەدا بۆ ماڵ سەگە دڕەکەى ماڵى هاوسێکەمان شاڵاوى بۆ هێنابوو ویستبووى قەپاڵێکى لێ بگرێ، ئەمیش هیچ نەپەشۆکابوو بەردێکى گەورەى پر بە مشتى هەڵگرتبوو و بە قەپۆزی کێشابوو، سەگیش بە قرووسکە قرووسک ڕایکردبوو.


سالار دەستى منى گرت و نزیک بووینەوە لە ئاوى چەمەکە، کە تا ئەو کاتە بارانەکە بەردەوام بوو، من لەو هاژەیە ترسام، بۆیە نەمتوانى نزیک ببمەوە، بەڵام سالار دەستى بچووکى خستە نێو ئاوەکە.. لە پڕ قاچى خلیسکا و لەگەڵ ئەو لافاوە تووڕەدا ڕۆشت، سەرەتا وایزانى لافاوەکە گاڵتەى لەگەڵدا دەکات، کەچى ئەو لافاوە مەرگهێنە لەوە دڵڕەقتر ڕەفتارى لەگەڵدا کرد و بردى، سالار هاواریکرد و بە هەناسە سوارییەوە پێى گوتم:


- فریام کەوە خەریکە دەخنکێم!


بە دەم پێکەنینەوە ئەمەى وت، وامزانى بۆ خۆشى وادەڵێت، چونکە ئەو پێشتر شتى واى بە گاڵتەوە پێ وتبووم، کەچى ئەوە ئەو ئاوە لەگەڵ خۆیدا لوولى دەدات و لێمى دوور دەخاتەوە، هەستم بە ترسێکى قووڵ کرد، بەڵام نەمتوانى هیچى بۆ بکەم، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە شانبەشانى ئاوەکە بە لێواریدا ڕۆشتم، بەو هیوایەى هەر کات شەپۆلەکە کەم بووەوە منیش سالار بگرمەوە، بارانەکە نەما و لافاوەکە کەم بووەوە، سالارم لە کەنارەکە بینییەوە هەر پێدەکەنى، خۆم لێی تووڕە کرد و پێم وت:


- ئێستا کەى کاتى ئەو گاڵتە بێتامەیە؟ ها؟


وەڵامى نەدامەوە، سەرم نایە سەر سینگى هەستم بە هەناسەى نەکرد، چى؟ خۆ ئەوە مردووە، واقووڕماو بە دیارییەوە دانیشتم و نەمدەزانى چى بکەم، هەستى ترس هەموو گیانمى وەکو بەتانییەک دایپۆشیبوو، سەرم بەرز کردەوە خۆرم بینى وەکو پشکۆى تاوەسووتى ناو تەنوورى لێهاتبوو زانیم کە کاتى ئێوارەیە، دایکم کە بەرخەکانى دیبوو هەر خۆیان چووبوونەوە ماڵ، ئەو پاڵتۆیەى باوکمى کردبووە بەرى، کە لە هەیوانەکە بە بزمارێکەوە هەڵواسرابوو، دایکم بڕیاریدابوو کە هیچ کات ئەو پاڵتۆیە لە بەرچاوى لا نەدات و نەیفەوتێنێت، بۆ ئەوەى بەردەوام وا هەست بکات کە باوکم لە ماڵەکەدا لەگەڵماندا دەژى، لەدوورەوە بە ڕاکردن بۆ لاى ئێمە هات و هاوارى کرد:


- کوڕەکانم، کاتى گاڵتەکردن نەماوە، ئێوارەیە و وەرنەوە بۆ ماڵ. سالار، کوڕم ئەوە بۆ کەوتووى لە بەردەستى براکەتدا؟


پەشۆکا بووم و نەمدەزانى چى بە دایکم بڵێم، پێى بلێم مردووە؟ یان لە ترسا بڵێم هیچ نییە دایە گیان خەوتووە؟


ئێستا بیستوچوار ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت و منیش تەمەنم سى ساڵە و لاجانگەکانم هەندێ مووى سپییان تێکەتووە. دایکیشم لە ڕۆژى لافاوەکەوە پرچى وەکو بەفرى زستانى لووتکەى شاخەکە سپى بووە و چاوەکانى وەکو تیشکى ئەو چرایەى لێهاتووە، کە شەوان خەڵکى گوندەکان دواى خەوتن لەسەر تاقێک دایدەنێن و کزکز دەسووتێت. بە فرمێسکى چاوەکانیشى دوو جۆگە ئاوى وشک لەسەر ڕوومەتە چرچ و لۆچەکانى دروست بوون. لەو ماوە دوورودرێژەدا هەر چەندە هەوڵم دا ئەو بۆشاییە بۆ دایکم پڕبکەمەوە، کە سالارى برام بۆى دروستى کردبوو، بەڵام نەمتوانى، دایکم بەردەوام دەیگووت:


- هیچ مرۆڤێک ناتوانێت بۆشاییەکت بۆ پڕبکاتەوە، کە مرۆڤێکى تر لە ناوتا دروستى کردووە، مەگەر ئەو کەسە خۆى بێتەوە و پڕى بکاتەوە.


منیش بەردەوام گوێم لێدەگرت و ئەو بە دەم هەنسکى قووڵ و پێکەنینێکى تاڵەوە دەستى بە قسە دەکردەوە:


-ناخۆشترین شتى ژیان ئەوەیە کە ناچارین بژین. بە دەستى خۆم بووایە هەر ڕۆژى ئەو لافاوە شوومە کۆتاییم بە ژیانم دەهێنا.


شەوان تا درەنگانێک بەتاسەوە لەبەر تیشکى زەردى ئەو چرایەى سەر تاقى ژوورەکەمان حیکایەتى مردنە ناوەخت و ترسناکەکانم دەخوێندەوە، کە بۆنى خوێنێکى سامناکیان لێدەهات. زۆرجار لە نێو دێڕەکاندا، مردنم بە چاوى خۆم بینیوە چۆن دەگەڕێت بە دواى کەس و پاڵەوانى نێو چیرۆکەکان، دەمویست بەراوردیان بکەم لەگەڵ مەرگى سالارى برامدا، بەڵام نازانم سالار مردووە یان نا، چونکە ئەو پێکەنیوە کە خستوومانەتە نێو ئەو گۆڕەى کە دایکم لە حەوشەکەى خۆماندا بۆى هەڵکەندبوو، دەبێت ئێستا لە نێو گۆڕەکەدا هەناسە نەدات؟!!


دایکم بە ماکسییەکى ڕەشى چرچى وەکو دەم و چاوى خۆى هەڵدەستێت چراکە کز دەکات و دێتەوە سەر جێگاکەى و دەڵێت:
- کوڕم درەنگە بخەوە.


دایکم چراکەى وا داناوە تیشکەکە تەنیا لە وێنەکەى سالار بدات، بۆ ئەوەى تا خەو دەیباتەوە لەو نیگا مناڵانەى بڕوانێت. منیش پاڵدەکەوم و دەستەکانم دەخەمە ژێر سەرمەوە و دەڕوانمە پەنجەرەکە، هەست بە تامارى تەنکى کەسێک لەودیو پەنجەرەکە دەکەم ، زیاتر لێى ورد دەبمەوە.. خۆ ئەوە سالارە پێدەکەنێت و دەیەوێت بچم بۆ لاى، منیش هەڵدەستم.. دایکم لە خەودا دەڵێت:


- کوڕەکانم، بەرخەکان بێننەوە، دڵم ئەم بارانە باش ناخوێنێتەوە و شتێکى بەدواوەیە.


بە دەنگى دایکم ڕادەپەڕم... سالاریش ون دەبێت و پەنجەرەکە جێ دەهێلێت...

________________________________________________
تامار: تارمایى، (شەبەح).
شەیپوور: بووق، نەفخى سوور کە لێدانى ماناى کۆتایى ژیانە.
 

 

karwanshorshe@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک