په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١١\٢٠١٧

    میرێکی سوێدیی

  لە بیست ساڵی تەمەنیدا.

 

                                  

حاتەم ئەلئەنساری                        و: نەژاد عەزیز سورمێ


کەس لە میرێکی سوێدیی بیست ساڵان بەختەوەرتر نییە
ئەو لە ھەموو بەرپرسیاریەتێک بە دوورە
ئەوەی لەسەریەتی بیکا ، ئەوەیە بەختەوەر بێ.

کە زەردەمسکە دەبێتەوە،
دونیا زەردەمسکە دەبێتەوە..
کە پێدەکەنێ،
دونیا پێدەکەنێ..
کە سەما دەکا ،
دونیا گۆرانی دەڵێ..
کە ژنیش دێنێ
دونیا وێنەی ئاھەنگی زەماوەندەکەی
لە ڕیخۆڵەی تەلەفۆنە زیرەکەکەیدا دادەکا..

قۆزە بە گوێرەی ڕەگەزی سپییەوە
دوو چاوی شین.. قژ زەرد..
باڵا بەرز
شووش..
ڕووخۆش و ڕۆحساز
بە ئەدەب ، یان ئاوەھا دەردەکەوێ!
ڕێکپۆش تەنانەت ئەگەر تیشێرتی
یانەی (مالمۆ ئێف ئێف) یش بپۆشێ
مەلەوانی و تێنس دەزانێ
ئەسپسواری و لامبۆرگینی سواریش دەزانێ
ھەروەھا چاوشین و پرچ زەرد سواریش..
بەڵام وەک دووپشکە ڕەشە بچووکەکان.

بەشی لە تەرخانکراوی بنەماڵەی پادشایی
لە خەمی ھەژاری و
شەونخوونی سامان دەیپارێزێ.

ئەگەر لە یەکئەنوایی ئاوازی بەفردا ھەستی بە دڵتەنگی کرد
دەتوانێ سواری یەکەمین فڕۆکەی بەردەستی بێ و
یەکسەر بچێتە پۆیرتریکۆ
لەوێ خۆلیا سلیڤا ژەنیاری ماریمبا و
خوان ئەنتۆنیۆی فرۆشیاری ماریوانا و
پابلۆ خۆسێی فرۆشیاری ھەیکەلە برۆنزییەکان و
ماریا لۆپیری فرۆشیاری بیرەوەرییە گەرمەکان
لە پێشوازیدا دەبن..
وڵاتەکەی لە خۆشیدایە
خۆشەویست و میھرەبانە..
نیازی نییە گۆی زەوی ھەڵلووشێ
پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی دەوڵەتاندا باشە
تا ڕادەیەک
بە سنگێکی فراوانەوە
پێشوازی لە بڕوادار و
بێ بڕوایان دەکا
ھەروەھا ئەو ژنانەی
لە نزماییان نائومێد بوون..

کەواتە پێویست ناکات نیگەران بین بۆی
ھەمیشە باشە
بە کوێرایی چاوی
ئەستێرەی نیبیرۆ..
کەس لە میرێکی سوێدیی بیست ساڵان
بەختیارتر نییە
ھەموو دەیانەوێ بە شادی بیبینن
لە پێش ھەمووانەوە خوا.

____________________________
سەرچاوە: www.kikahmagazine.com/?p=5933

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک