١٨\٣\٢٠١٢
مریشک
و قهرهجیی.

سەعید عارف باپیر
مەبەستم شکاندن و ھەڵبواردنی گروپ و ئەتنێکی
قهرهجیی نییه ، تەنھا ئەوەیە ، بەناوی قهرهجییەوە نەزیلەکەم
بیستووە.
فێڵێکیان ھەیە بۆ دزینی مریشک:
((بەوەی ڕیخۆڵەیەکی ئاژەڵ بەتەڕی دەپارێزن ، لەکاتی پێویست دا ، سەرێکی
بەگرێدراوی ، وەکو چەشتکەی خۆراک ، دەخەنە بەردەمی مریشکی برسی ، کاتێ
مریشکی ھەڵخەڵەتاو ڕیخۆڵەکە قوت دەدات ، قهرهجییەکە فوودەکات بەسەرە
کراوەکەی لای خۆی دا .. بەجۆڕیک لە ناو زگی مریشکەکە دا وەکو میزەڵدان
دەئاوسێت ، ئیتر مریشک ، قیڕەی لێ دەبڕێت ، چونکە سینەو گەروی بەڕیخۆڵە
فوو تێچوەکە دەماسێت ، بەبێ قیڕەو گارەگار ، دەگەیەنرێت بن تورەکەی
دزەکەوە.)).
لە ئاستی تاکە کەس دا:
کەسێک ، نەبوونی توشی قەرزی بکات ، لە برادەرە بازرگان و پارەدارەکەی ،
دەبێت چاوەڕوان بێت وەکو مڕیشکی قهرهجییەکەی لێ نەیەت . چونکە
بازرگان وەکو سیاسی ھاو ڕەوشتن . مۆراڵ دەکەوێتە پلەی دوەم و
دواترێکەوە . ھەلپەرستی و بەرژەوەندخوازی کاریگەری زیاترە لەسەر کردارو
ڕەوشتیان . بەو ھۆیەوە ، بەشایەتی ئاشکراو باسکردنی زۆر و لەھەمو
مەجلیسێک دا ، ئەو قەرزەد دەبەخشێ . جگە لەوەی کەسی موحتاج خۆشی دەبێت
بە بلوێر ژەن و پەسنێکاری قەرز بەخشەکە . بەلام ھەمیشە لەنھێنی بێ
دەنگی دا قەرزەکە وەردەگرێتەوە . کارەسات لێرەوە دەست پێ دەکا.
بەوەی قەرزەکە دەبێتە ڕیخۆڵە قوت دراوەکە ، خاوەن قەرز فووی پیادەکات .
دواتر بە قەرزدانەوەش ، قەرزدار دەبێتە دیلی ڕابوردوی خۆی . لە چاوشۆڕی
و بندەستی یەکانی خۆی بۆ پاک ناکرێتەوە ، لەگەڵ ھەمو سیفاتە بەدەکانی
قەرزبەخشەکەی دا ، ناچارە لەسەر وەسفی چاکەو پیاوەتی باسکردنەوەی
بەردەوام بێت . ھەر باسێکی غەدرو ناڕەواییەکانی ، بە زەمی پاشملە و
ھەڵبەستراو ، بەدنمەکی قەرزدار دێتە حساب . قەرزدار بۆ دەربازبوون
لەپێوەندەکەی ، وەکو مارەکراوێک ،( تەڵاق) بۆی دەبێتە مەحاڵێکی دورو
پێچاو پێچ.
نەزیلەو نمونەکەم ، بۆ ئاسان گەیاندنی مەبەستێکی ترە لەدنیای فراوانتری
سیاسەت و کۆمەڵگەدا، بەبێ ھیچ مەبەست و ئارەزویەکی شکاندن.
* * *
کاتێک بزوتنەوەی سیاسی و چەکداری لە پێش
شەستەکان و دواتریشی دا، دەکەوێتە ژێر باری قەرزی کارێزمای سەرکردەوە
.
"دوای بەڵای فوو تێچونی ڕیخۆڵەکە!!".
بە چەند ڕوداوی بەرکارو خۆڕاپسکاندنی ١٩٦٤ ، و ڕاونان و ڕەھەندەبوونی
سنورەکانی وڵات و گیرسانەوەیەک لە(ھەمەدان) . دیسان گەڕانەوە و
ھەڵاتنێکی تر لە ١٩٦٦دا بۆ نێو دەسەڵاتی دەوڵەت ، پێجەوانەی ئەوەی
ڕۆژێک لەدژی ئەو دەسەڵاتە شۆڕش و یاخیگەریەکە دەستی پێ کردوەو . دواتر
دەستپێکردنی فەسڵێکی خوێناوی یەکتر کوشتن . لەسەرەنجام دا، بەکەمترین
ئاوی ڕوەوە ، بەناچاری گەڕانەوەبۆ بن دەستی سەرکردە قەرز لێ کراوەکە،
لە (دیلمان) . ھەتا ھەرەس و ئاشبەتاڵی شۆڕش لە ٥ مارتی ١٩٧٥دا .
لەگەڵ خەمی قورسی ئەوەش دا ؛ ناچاربووەکان ، بە لایەنی منەوەری
بزوتنەوەکە وھەڵگری پەیامی ڕۆشنبیری و پێش کەوتنخوازی ، دژ
بەکۆنەپەرستی و نەزانی ،و خێڵگەری بەجێماوی سەدە تاریکەکان دەژمێردران
.
سەرجەم ، بەجۆرە لێکدانەوەیەک:
" تێکشکان و ناوزڕانی تازەگەری بوو، لەبەردەم کۆنەخوازی دا .".
* * *
دوای ھەرەس ؛ دەست پێ کردنەوەی" شۆڕشی نوێ"
لەساڵی ١٩٧٦دا . دەستپێکی چاکو بەجێ بۆ سڕینەوەی ڕابوردو نوێ کردنەوەی
خەبات ؛ لەدوای پێچانەوەی بازاڕی ١٤ساڵەی شۆڕشی ئەیلول بەچاک و
خراپیەوە .
" ڕیخۆڵە فووتێکراوەکە پوچو بەتاڵ کرابوو ، دەکرا لە سێنەو ھەناو
دەربکێشرێتە دەرەوە .".
دەکرا دەستپێکێکی نوێی لێ بەرھەم بھێنرایە ، ئەگەر براکوژی و
پاوەنخوازی نەکرایە بەئەڵقەی گرێدانەوەی ڕابوردوە تاڵ و بەدەکان و ببێت
بەھۆی گەڕانەوە بۆ بای یەرەکۆن ، فووتێکردنەوەی ڕیخۆڵە بەجێماوەکە و ،
دیسان تەواو کردنی فەسلە گاڵەتەجاڕیەکانی شانۆگەری (مریشک و قهرهجیی)
.
چۆن؟
یەکێتی نیشتمانی لەدوا ساتی ئێستای دا.
دیسانەوە توشی میراتگری ، مێژوە پڕ لە تراژیدی و ناکامی یەکانی
١٩٦٤ــ١٩٧٥ خۆی کرایەوە ، دیسان بەھۆ ی یەکتر کوژی و پاوەنخوازی ،
دوبارە چونەوە ژیر باری پەرچەکرداری پارتیەوە . لەئیشتاش دا، بەھۆی
ڕیکەوتنامەی ستراتیژی نێوان ناڕۆشنی دو سەرۆکە گەورەکەوە .
ھەنوکە رایەک ھەیە ، بەوەی یەکێتی بەجۆرێک جوت بۆتەوە لەگەڵ ئەجێندای
پارتی دا . دەگونجێت ، لەئایندەیەکی تری دا، وەکو قۆناغی ١٩٧٠ــ ١٩٧٥،
خۆی باوەخون بکاتەوە.
یان توشی بچوک بوونەوەیەک ببێت ، بگاتە ئاستی حیزبە پەراوێزیەکانی نێو
کایەی ئێستای ھەردو پارتە سەرەکیەکە.
* *
*
"پارتی خاوەنی کردارە ، بەرانبەرەکەی
پەرەچەکردار دەنوێنێت ."
پارتی چۆن خاوەنکردارو ، چۆن بکەڕێکە ؟
پارتی ڕیخۆڵە فڕی دەدات ، بەرامبەرەکی قوتی دەدات .
پارتی بە شێوازی (دوبارە داڕشتنەوەی مێژو) دەیەوێت لەدروست بوونیەوە لە
١٩٤٦وە بۆ ئێستا ، بوون و مێژوی خۆی دابڕێژێتەوە . ئەو کارە لە مێژودا
، ستایڵێکی لە ناساندن و سیاغەکردنەوەی مێژو بەمۆدێلەکانی فاشیزمی
ئیتالی ، و نازیزمی ئەڵمانی ، ستالیینیزمی ڕوسیای سۆڤێتی ، لەخۆرھەڵات
و لای خۆمان ، بەعسی یەکان بەو جۆرە مێژویان دەخوێندەوە .
{مێژو بەجۆرێک دەخوێننەوە ، کەخۆیان ئیشتیھای دەکەن و خۆیانی تیادا
دەکەن بەسەرەتاو کۆتایی ھەمو بوونێک . بەھۆی ھەڵبواردنی ڕوداو کەسایەتی
نامەرغوب ، یان قەبەکردنی ڕوداو کەسایەتی یەکانی خۆیان ، ھەڵبژاردنی
نمونە پێشینەکانی مێژو ، بۆ ھاوشێوەکردنی بەخۆیان . لەنمونەی نازیەکان
،سوپایان بە ڕایخی سێھەم ناودەبرد ، بەو ێنە گرتنەوە لە سوپای بسمار
وەک (ڕایخی دوەم) و سوپای شارلەمانی جەڕمانی وەک (ڕایخی یەکەم .
بەعسییەکانیش(جەنگی قادسیە دوەم ) ی سەدام ، وێنەی خۆی لە (جەنگی
قادسیە) یەکەمی قارەمانانی مێژویی( سەعد)و (قەعقاع) وەردەگرت .}
پارتی ، بەجۆرێک مێژوی خۆیان دەخوێننەوە لە ١٩٤٦ەوە بۆ ئێستا ، تاکە
لایەنی ڕاست و سەوابی بزوتنەوەی سیاسی و چەکداری کوردی بوون ، مێژو ی
لەپێش خۆیانەوە ئەگەر ھەندێک تروسکایی تیا بووبێت ، لە سەیدعوبەیدیلای
نەھری تادەگات بە شێخ مەحمود ، ھاو مەشرەبی خۆیان بوون بەناکامی نێوە
ناچلی ھە وڵیان داوە ، لەسەر دەستی لێزانی کامڵی ئەمان دا کارەکە
بەئاکام گەیشتووە ، خۆ ئەگەر ئەمان نەبوونایە ئەوە کورد گورگ دەیخوارد
، دواتریش لە پاش خۆیانەوەھەمو ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنەکانی خۆیان
بەلادەرو گومراو دۆڕاو دەخوێننەوە لە مێژوی بان ٦٥ساڵەیەیان دا ،
ئەوانە بە پەشێمان بوونەوە ، باوەخون و گەڕانەوە بۆ باوەشی پارتی دایک
مەحکوم بوون(*) .
ھەڵەو شکست و گۆڕەپان چۆڵ کردن و میلەت بە جێ ھێشتن لە تەنگانەدا ، یان
پاساوی دەرەکی بۆ دەھێننەوە، یان خۆیانی لێ دەبوێرن . دواتر لەھەوڵی بێ
وچان دان بۆ سەپاندنی ڕەمزەکانی خۆیان بەسەرگشت دا .
سەرجەم ھەمو ئەمانە بۆ شەرعیەت و مانەوەی تەنھای خۆیانە لەکایەی بوون و
دەسەڵات دا و بۆ بێ دەنگ کردنی ئەوانی ترە . بەواتای دەرخواردانی
ڕیخۆڵە و فووتێکردن و قیڕە لێ بڕینە.
* * *
مێژوی (ی .ن،ک) لە سەرەتاوە بۆ ئێستای
پێکھات و پارویەکی قورس وگرانە ، (پ،دک) بتوانێت لە پرۆسەی مۆدێلی (
دوبارە مێژو ھەڵبەستنەوە)کەیدا بەسانایی ، قوتی بدات .
زۆر دوری ناخەینەوە ، لەکاتێک دا ( ی ،ن،ک) لەسەرەتای راپەڕینەوە
لەگۆڕەپانەکەدا ھێزیکی بەرچاوی خاوەن مێژوی مەیدانی بوو ؛ جیاواز تر
لە( پ،د،ک) کە زیاتر لە حیزبێکی ئوردوگا نشین و تەریوەی ئەو دیو
سنورەکان بوو .
چی وای لە (پ،د،ک) کرد ، لە وکاتەوە بۆ ئێستا ببێت بە ھێزێکی
ھەژمونگەری گۆڕەپان ؟ تائەو سنورەی پڕکێشی دەکات ، بۆ پێشەوایی کردنی ،
بەشە کانی تری کوردستانیش !!
بە و ھۆیەی توانیویەتی ، دو شار لە سێ شارە سەرەکیەکەی بن سایەی
دەسەڵاتی دیفاکتۆی کوردی قوت بدات . ھێمان ، ئیشتیھای کراوە یە بۆ شاری
سێھەمیش.
قوتدان ، وشەی گونجاوە بۆ شێوازی تۆتالیتاریانەی پارتی ، ئەگیناحوکم
کردنی ھەرشارێک بەدیموکراتی ڕاستەقینە ، نەک وەکو پاشناوەکەی پارتی ،
ناکرێت پێی بگوترێت قوتدان .
ئەمانە ڕاستیەکن دەکەونە ژێر باری سەرنجەوە .
ھەڵە کوشندەکانی یەکێتی بۆ سازاندنی ئەم بارە ، بەسەرەکی ئەمانە بوون:
١ ــ بوغرایی (ی،ن،ک) لەسەرەتاوە ، توشی کورتی ھێنانی کردوە بۆ
ھەڵسەنگاندنی کات و روداو ، سەردەم .
٢ ــ دەست پێ کردنەوە شەڕی ناوخۆ ، دوبارەو سێ بارە کردنەوەی ھەڵەیەک
بوو ، لە ھە مو سەرەتایەکیەوە بەقازانجی (پ،د،ک) تەواو بووە ، ھەمیشە
(پ،د،ک) بەھۆی شەڕەوە ، دەسکەوت و ھەژمونی خۆی سەپاندوە .
٣ ــ دواتر ، پاوەنخوازی و نەھێشتنی دروست بوونی دەنگی جیاواز، زیاتر
بەسودی ( پ،د،ک) شکاوەتە .
پارتی لەپاڵ ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان خۆی و یەکێتی دا ، دەنگ و قیڕەی
لەھەمو لایەک دەبڕی ، ئەگەر لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن لەم دو ساڵی دواییەدا
دروست نەبووایە .
دەنگی جیاواز چۆن دروست بوو ، ئۆپۆزیسیۆن چۆن پێگەیشت؟
کاتێک (ی،ن،ک) بەھۆی ڕێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ (پ،د،ک) دا بەرەو سازش و
داخزان دەچو لە ھێڵی ماینەفێستییە بنە ڕەتیەکەی ، ھەروەھا بەشێکی گرنگی
ئۆرگانەکانی خۆی توشی ڕەنجە ڕۆیی و بەشخوران کرد.
لەوێدا ،کەسانێکی دیارو ھیزێکی مەحروم و نارازی بەسازش ، خۆی وەکو
بەرەیەکی ڕیفۆڕمخواز خستە ڕو ، دواتر بەقۆناغەکانی وازھێنان و
پێکھێنانی دەزگای میدیاو ڕاگەیاندن و ھوشیاری و ڕۆشنبیری داھات و ،
گەیشتە سازاندنی بزوتنەویەک ، کە دەیتوانی لەدەروەی خۆی بەرەی کۆن و
نوێی بێزارو نارازی بارو دۆخەکە کۆبکاتەوە ، تاگەیشتن بە پێکھێنانی
لیستی سەربەخۆی ئۆپۆزیسیۆن و دواجار پێکھێنانی کیانی سیاسی و بەدوای
جۆرێک گەشەکردن و ڕەساندنی ئۆپۆزیسیۆنی گشتی.
(گۆڕان) بزوتنەوە باسکراوەکەیە ، وەکو دەنگی جیاواز لە (پارتی) و
(یەکێتی) دەسەڵاتدار . سەرکردەی یەکەم و پلەکانی دواتری زوربەی
جەماوەرو ھەوادارانیشی لە پاوەنی ناوچەی دەسەڵات و ھەناوی یەکێتی دروست
بوون ، ئەوان بوون سەرقاپێکی داخراویان ھەڵدایەوە .
دیسان ( گۆڕان) وەکو بزوتنەوەیەک ، لە شوێنێکی تردا ، بە قۆناغی جۆراو
جۆردا توانی رێخۆڵە قوتدراوەکەی (یەکێتی) لە سینەو ھەناوی خۆی بکێشێتە
وە ، بتوانێت دەنگ و سیما ی جیاوازی خۆی ڕابگەیەنێت و ، کاریگەریەکانی
دەست پێبکات .
بزوتنەوەی گۆڕان ، تائێستا توانیویەتی خۆی لەھەڵە کوشندەکانی یەکێتی
دوربخاتەوە بە داواکردنی فرەیی و خۆ پاراستنی لە چەک وخوێنڕشتن و
بەردەوامی کاری سیاسی و میدیایی ،ھەوڵی خۆسادە کردنەوە و پیشاندانی ڕوی
جەماوەرخوازیانەی .
ئەمانە وشک کردنەوەی سەرچاوەکانی گەشەکردنی تاکحیزبی و تۆتالیتارین .
بەڵام پرسیارێک دێتە گۆڕێ .
ئاخۆ دەتوانێت دەتوانێت بەر بە تۆتالیتاری ھەژمونگەریانەی (پارتی)
بگرێت ، یان ناچاری بکات بە گۆڕێن و کرانەوە ، لە بیرو پێکھاتەکەی دا ؟
(یەکێتی) تائێستا نەیتوانی ئەوانە بکات ، یان نەیتوانی لە( پارتی) تێ
بپەڕێنێت .
ئاخۆ (گۆڕان ) دەتوانێت لە(یەکێتی) خۆی تێ بپەڕینێت ، یان
نامورادیەکانی یەکێتی بسڕێتەوە ، خۆی بگات بەئاکام ؟
لێرەدا ، ڕاستیەکی نیگەرانی بەخش ھەیە ناکرێت بازی بەسەردا بدەین .
بزوتنەوەی گۆڕان ، بەشێکی گەورەی لە غوبن و بەشخوراوی حیزبی پێکھاتوە ،
زوربەی ھەوڵەکانی بۆ گێرانەوەی ماف و ئیستیحقاقەکانی خۆیەتی لە
(یەکێتی) .
بەجۆرێک میراتی یەکێتی بەش کراوە لە نێواندوپشکی (مێژو) و(ویژدان) ە
مۆراڵیەکەی .
(مێژو) وەکو کراسێکی خوێناوی لەتاقی (یەکێتی) دا بەجێ ھێلراوە ، یەکێتی
بەبێ گوێدانە بۆنەکان لەشین و شایی دا بە پەڵە خوێناویەکانیەوە دەیپۆشن
.
بەشە (ویژدان) مۆراڵیەکەی یەکەی ، (گۆڕان) بەرۆگری زیندو راگرتنی
پرنسیپ و جۆشدانەوە مۆراڵیەکانە .
مەحاڵە پرنسیپ و بنەما ئەخلاقیەکانی ،کەپێکھێنەری کاروانی مێژوە
بریندارەکەن ، لەیەک ھەڵپچڕێن .
لێرەوە گۆڕان پاش توانای تێپەڕاندنی بەسەر یەکێتی بڕینی لوتکەی ئەو دا
دەگاتەوە دامێنی ھەڵەموت و بەرزاییە تۆتالیریخوازانەکەی پارتی .
باوەڕیک ھەیە ، ئەگەر لەم بارە لۆکاڵیە نترازێت و بارێکی ھەرێمی و
گرانتر ، بخرێتە سەر کۆڵی (گۆڕان) ، چوارپەلی دەکەوێتە زەوی. بە پێی
ھەنگاوەکانی ڕۆژ و دەرکێشانەوەی ڕیخۆلە فوودراوەکە ، لەوە دەچێت
سەرکردەی یەکەمی گۆڕان ، ،ئەو( ڕاستی)ە لە ھەمو کەسێکی تری باشتر
بزانێت.
_______________________________________________
پهراوێز:
* ئەوەی
لێرەدا (پارتی) قەرزی دەکات بۆ سەلماندنی بۆچونەکانی . شکستی ھەمو
ئەوانەیە ، کاتی خۆی نەچونەتە ژێر باری ھەژمون و ئەجینداکانی سەرۆکی
پارتی ، لەحەمزە عەبدوڵاوە بۆ برایم ئەحمەدو تاڵەبانی و دوکتۆر مەحمود
و سامی عەبدوڕەحمان . کاتێک ھەر یەکێک لەمانە ، جۆرێک ھەوادار وپارت و
بزوتنەوەی خۆیان ھەبووە . (سەرچاوە زیندو نوسراو زۆرە بۆ کەسێک لەو
ڕوەوە ئارەزوی لێکۆڵینەوە بکات ، بەڵام دەبێت زیاتر یان وەکو ــ قانیعی
فەرد ــ کەس و لایەنی بە تواناو پاڵپشتی ھەبێت).
١٦\٣\٢٠١٢
ستۆکھۆڵم
ماڵپهڕی سهعید عارف باپیر
|