مرۆڤێک لەناو
سەردەمی زبڵ!

سەلام عەبدوڵا
چاوەڕوانییە
ئاساییەکەم زۆر بێمانا و جۆرێک لە راهاتن بوو: ماڵەکە دەرگای نییەو
هەموو کەسێک دەتوانێ بەبێ رێککەوتنی پێشوەخت، سەر بکاتە ژوورەوە!
لەناو داڵانێکی کورت تێپەڕین و دیسا چاوەڕوان بووم، خێزانێکی ئاسایی
وەک هەر خێزانێکی تر ببینم، بەڵام نەخێر: ئەمە کەلاوەیەکی شڕەو
زەوییەکەی پڕە لە زیڵ و خاشاک و کەسیش دیار نییە!
- لام کردەوەو پرسیارم کرد: پیرەمێردەکە لەکوێیە؟
بینەری پیشانگاکە کە نایناسم و منی بۆ ئەم شوێنە هێناوە، دەستی بۆ
شوێنێک درێژکرد کە هەرگیز لە ژوور ناچێت، بەڵکو زیاتر لە شوێنی
بەخێوکردنی مریشک یان راگرتنی سەگ.
- ئەمیش دەرگای نییە!
لەبەردەمی راوەستام، پیاوێکی ردێن سپی و بێدەنگم بینی، دوو جووت پێڵاوی
بەدەستەوەیەو خەریکە لەباشترین و ئەمینترین شوێن(ژوورسەر)ی دایدەنێ...
فلتەری جگەرەو مێش ئەو ناوەی گرتووە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێ
بەشێوەیەکی"شەفافانە"، هەموو موڵک و سامانەکەی ببینێ، هەر ئەڵێی ماڵی
ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی و رۆشنبیرەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانە،
جیاوازییەکەیان هەر ئەوەندەیە، مامە پیرە ترمزێکی زیاتری هەیە،
پەنکەیەک، دوو قاپی بچوک، جیلیکانێک، پەتویەک، قەرەوێلەکی ئاسنین و جێی
نووستنێک کە هەر ئەڵێی جێی نووستنی ئاغاکانی پشدەرو بادینانەو رەنگە
جامانە چڵکنەکەی سەری، پێش ساڵێک پێچابێتیەوەو هەر بەو شێوەیە لەسەری
دایناوە، کراسە چڵکنەکەیشی بەهەمان شێوە...مێش باشترین شوێنیان کردووە
بە مەنزڵگای خۆیان: قاچی مامە پیرە لەبەر پیسی رەش هەڵگەڕاوەتەوە!
ئەم مرۆڤە کە لەناو کەلاوەو زبل و مێش نیشتەجێ بووە، زەحمەتە ناوی لە
لیستی هەڵبژاردنی ئیدارەو حزب و حکومەتێکی دیموکرات، پەرلەمانی،
فیدراڵی و ژەهری مار، هەبێت...مرۆڤێکە لەدەرەوەی مێژوو و هەموو
حیساباتێکی دوورو نزیک و تەنها وەک زبڵ و لەناو کەلاوەکەی یەکەم کۆڵان
بەدەستی راست لە گەڕەکی ساڵح بەگ بوونی هەیەو بڕواناکەم حزب و ئیدارە
سەربەرزو میهرەبان و حەکیمەکانمان تەنانەت بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکەیشی
پێویستیان بەم جۆرە بوونەوەرە نامۆیە هەبێت کە تەنها تابوری پێنجەم بۆی
دەگەڕێن و"سوبحان ئەڵڵا"دەیاندۆزنەوە تا کەرامەت و شوکومەندی و
پایەبەرزی بەرپرسە دڵسۆزو بەفادار و بە ئەمەک بۆ خەڵک و وڵاتە پیرۆز و
خۆشەویستەکەمان لەکەدار بکەن!
لەم شوێنە گەردوون کەلاوەیەکی شڕەو هێشتا نە ویژدان، نە کەرامەت، نە
برایەتی و سەروەری مرۆڤ دۆزراوەتەوە...!
"من لە کوێم..."؟
لەناو ئەم شوێنە، پرسیارم هەس: رۆشنبیرانی سوڵتان...قیاداتی علومی
بەرەکانی گەندەڵی...زیرەکەکانی جەردەیی...بلیمەتەکانی سڕینەی بەرامبەر...قوتدەرانی
داهاتی گشتی... ئەندازیارانی ئاودیوکردن، تەلارنشینەکانی سەر گردو
تەپۆلکەو چیاکان، "ئەیە چەس"؟!
- خەجاڵەتم، ببوورن پەپوولە دڵناسکەکان، پێ نازانن؟ نەتانبینیوە؟ هێشتا
راپۆرتەکەتان بەدەست نەگەیشتووە؟ ببوورن...شەرمەزارم، ئەی بۆچی دەزانن
خۆتان جوانپۆش بکەن و سەردانی جاسوس، بەعسی، ئەمن و بەگ بکەن و
دزێکانیشیان بۆ بپۆشن؟
من هەر زۆر"خۆشحاڵ"دەبم ئەگەر جەنابتان بفرمن و فەرمانی رێگەپێدانی
سولتانیم بۆ دەربکەن، شەرەفێکی زۆر بەرزم بەدەنێ بۆ ئەوی بە مامە پیرە
بڵێم(خاڵو عەجەلە مەکە)!
ناو(رەشید حەسەن باجەڵان)ە.
یەکێک وتی: لەوانەیە برای قائیمقامی شارەکەمان بێت!
یەکێکیتر: لەوانە برای ئەو کابرایە بێت کە بەشێوەیەکی"زۆر یاسایی" بلۆک
دۆلاری دەستکەوتووەو یاری قەمچان پێدەکات و نازانێ رەشید برایەتی یان
پێدەچێت حاشای لێکردبێ!
خاڵو عومرت چەندە: نێزانم
(ئاخر کات بۆ ئەم ئادەمیزادە کەی گرنکە...چی داوە لە کاتژمێرو خولەک و
ساڵ و سەدەکان!).
بە کوفر نەبێ، لەوانەیە یەکێک لە پاشماوەکانی(ئەسحاب ئەلکەهف)بێت و
لەکاتی کردنەوەی پێشانگای(ئەم مرۆڤانەش پێویستیان بە خانوو هەیە)،
ئەویش لەم کۆڵانە بنبەستە داگیرسابێتەوە! ئاخر کێ سەر لەم دنیا پڕ
سەیروسەمەرە دەردەهێنێ...تازە بەتازە نوشتە، مەلایکە، فریشتە، جنۆکە،
مێرەزمە، دوعاکردن حاکمی رەهایەو تەنانەت بۆ ئەوەی شەڕی دوو خێزان
دەستپێبکات، بەسە ئەکەر لایەنێکیان دوعای لایەنەکەی تر بکات و بڵێ:
خودا بکەم کوڕەکەت بمرێ...خودا بکەم کوێر بیت...خودا بکەم ماڵت بشێوێ...
لەوانەیشە پەروەردگار نووسەرێکی لە تەنیشت بێت و هەموو ئەم دوعایانە بە
بەرنامەی ویندۆز2003تۆمار دەکات و دەستبەجێ ئەم دوعا قبووڵ دەکات و
چارەنووسی ئەوی تریان بەدەردی مام رەشید دەخاتە ناو تەنەکە زیڵەکەوە.
زبڵ...زبڵ...زبڵ:
مرۆڤێکی نابینا بە گۆچانێکەوە لە کۆتایی کۆڵانێکی بنبەست، لەناو
کەلاوەو زبڵ و چڵک لەسەر قەرەوێلەیەک دەژێ و هەر لەوێشدا دەمینێتەوەو
بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات و خودا بڕیاری داوە هەر لەوێشدا گیان لەدەست بدا،
بەبێ ئەوەی کەس کەس بزانێت...وەک زبڵ مامەڵە دەکرێ و بەهای زبڵی پێ
رەوا دەبینری...عالەمێکی ترەو هێشتا بەرپرسە"زۆر بەڕێزەکان"لەناو
سیستێمە"زۆر مرۆییەکەیان"و لە قۆناغێکی"زۆر هەستیار"و
لەبەر"مەشغەلەت"یان، هێشتا بەرچاویان نەکەوتووە.
- ئەوە چییە، بەرپرس چ پەیوەندییەکی بەم کابراوە هەیە... بەرپرس چ
خەتایەکی هەیە...ئەو پیاوە چاوی دەرهات، بزانە چ گوناحێکی کردووە...خوا
شاخ دەبینێ و بەفری بۆ دەبارێنێ...خودا ئەوەندە بەشی داوەو دەبێ شوکور
بێت...ناشوکری خەتایە!
منیش تا دوا چەوساوەو نەگبەت لە وەڵاتە"شیرینەکەم"مابێ، تەنها و تەنها
ناشکوری بەرووی ئەرز و ئاسمان دەکەم و سەری ئەو کەشە دای لەبەرد کە
بەخەتای دەزانێ و نەفرەت لە کتێب و حوکم و پەیرەو پرۆگرام و حزب و
کەرتە تایبەتەکانیان دەکەم و بۆ خۆم گۆرانی"خۆشمدەوێ وەڵاتەکەم"دەچڕم...
-بەڵێ! کامە وەڵات؟!
- زەمینێکی نەعلەتبووم لەبەردەمە، سەرتاپای پڕ ئازارو خوێنی
مەحرومەکانی لێدەچکێ و لە پانتاییەکەیدا هاوار بۆ عەداڵەت دەکەم، بەڵام
چیای داڵاهوویش فریام ناکەوێ...ئەوەتە چاوم لێیەو دەنگم پێڕاناگات...
پیاوێکی تەمەن حەفتا ساڵە، ردێن سپی، سەرتاپا چڵکن، تەک تەنیا بەبێ
کەسوکار لەو شوێنە نامرۆییە دەژێ، کەچی بەرپرسە"بەڕێزەکان"باسی...........دەکەن،
منیش چاو و مەغزو دڵ و سۆزم لەلای پیری زەمانە(رەشید حەسەن باجەڵان)ەو
پرسیار دەکەم: چۆن ئەو"بەڕێزانە"خەویان لێدەکەوێ...ئێستا دەزانن چۆن و
بە چ شێوازێک ژیان لەبەرچاومان رەشدەکەن؟!
00964(0)7701929872
dwroj@yahoo.de
|