١١\٩\٢٠٢٢
مرۆڤی زیرەک!

فهرهاد مازێ
لە پەلاماردانی
یەکتر هیچمان دەستنەکەوت
پڕبووین لە خەمی شێدار
شکاین و ئاڵودوەی ژوانی مردنین
وەک ئاژەڵی قوربانی
هەمیشە لە پرسەی خۆمانین
پێش دەرگا پڕبووە لە باڵندەی کۆر
دەرەوە جەنگێکی بەجێماو
شوێن نییە لە سێبەری درەخت
پڕبووە لە گەڵای مردن
لە شەپۆڵی دەریا دوور ماسی
گەرم بووە ئاو
ئاسمان لە ترسدا ونبووە
ژانی لێدەڕژێ باڵندە
پڕبووین لە فرمێسکی سوتاو
ئاڵوودەین بە چێژی تاڵ
بەر تەنیایی کەوتووین
بە خوێنی بونەوەر مەست
گەریدەیەکی مردووە
خوێن دەگەیێنتە هەموو شوێنێک
ناوێرین بەڕێدا بڕۆین
ناخی کون مرۆڤ
لە شەقام دەپەڕتەوە مریشک
لە چەقۆ ناترسێ
هەموو ژیانی بە ناو چەقۆ تێپەڕدەبێ
زمان ناتوانێ بەرامبەر چەقۆ بوەستێ
چەقۆ دەبڕێ
خۆبەدەستەوەدان خواستی هیچ بوونەوەرێک نییە
ژیان خەونێکی جوانە
خەونی خوێنە مرۆڤ
چەقۆکەت فڕێدە مرۆڤ
ماسی باڵندە ئاژەڵ درەخت
دەکرێ لەو رووبارە لەگەڵ تۆی مرۆڤ بخۆنەوە ئاو
ئێرە تەنیا بۆ تۆ نییە
ئێرە هی هەمووانە
دەریا و زەوی و ئاسمان
شاخ و بیابان و دارستان
رۆژ و ئەستێرە و مانگ و هەور و باران
رەنگ و دەنگ و زمان
دوور لە ئاین لە ئایدلۆژیا لە تاوان
وەرن با لەو رووبارە بخۆینەوە ئاو
وەرن با خۆمان هەڵدەینە ئەو رووبارە
بە خاوێنیی لە تاوان بێینە دەرەوە
چوونە ناو ژیان
جوانترە لە ئاوابوون
لە پەلاماردان هیچمان دەستنەکەوت
پڕبووین لە خەمی سوتاو
با بگەڕێینەوە پێش ئاین و ئایدیا و قەفەزی ژان
دەیانگۆت زووتر مرۆڤ و ئەوانی تریش پێکەوە دەیان خواردەوە ئاو
دەیانگۆت ژیان باش
جوان ژیان
من و ماسی و درەخت و ئاژەڵ و باڵندە
نایەڵین ئاو گڕبگرێ
بسوتێ ئاو
بە ناو مرۆڤ تێپەڕدەبم
لە سوتانی ئاو تێدەگەم
لە ئازاری ئاو دەگەم
مرۆڤ چەقۆکەت فڕێدە
ژیان مریشک نییە
ئاو سوتان گاڵتە نییە.
ماڵپهڕی فهرهاد
مازێ
|