١٣\٤\٢٠١٤
مرۆڤ و مێش؟!

ستار محەمەد قادر
لە وڵاتی سوێد مافی ژیانی مێشێک پارێزراوە،
لای ئێمەش منداڵێک لە سکی دایکی هەتیو دەخەین؟!
رەنگە تایتڵی ئەم وتارە تا ئەندازەیەک بەلای خوێنەرانەوە شوێنی تێڕامان
بێت، بێ گومان ئەمەش بێ هۆ نیە، لەبەر ئەوەی دەتوانین لەسۆنگەی مرۆڤ و
مێشەوە قسە لەسەر دوو ژینگەی جیاواز بکەین، ژینگەیەک سەرەڕای ئەوەی
مافی مرۆڤ تێیدا پارێزراوەو دوورە لە تووندوو تیژی خێزانی و سیاسیەوە،
ژینگەیەکیش سیخناخە لە تووندوو تیژی و نغرۆیە لە نا دادپەروەری،
ژینگەیەک مافی هەموو گیانلەبەرێک تێیدا پارێزراوەو ژینگەیەکیش توانای
ئەوەی نیە مافی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت!
برادەرێکم بۆ ماوەی هەژدە ساڵ دەڕوات لە وڵاتی سوێد نیشتەجێیە، ئەم
هاوینە بە خزمەتی گەیشتم و گفتوگۆکانمان بە ئاقارێکدا رۆیشت، بەراورد
لەنێوان ژینگەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی کوردستان و
وڵاتی سوێد بکەین، نموونەیەکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشی بۆ گێڕامەوە،
گووتی رۆژێک لە هۆڵی ماڵەکەم دانیشبووم، مێشێک زۆر بێزاری کردبووم،
بۆیە بانگی کچەکەمم کردو گووتم وەرە ئەو مێشە زۆر بێزاری کردووم
بیکووژەو لە کۆڵمی بکەرەوە، کچەکەی لەوەڵامدا: بە دەنگێکی بەرز هاوار
دەکاو دەڵێت: بیکووژە، بیکووژە، بیکووژە، بەسە کووشتن، تا کەی
دەسبەرداری کلتووری کووشتن نابیت، ئاخر ئەویش مافی ژیانی هەیە، وازی لێ
بهێنە با بۆ خۆی بژێت!
بەڕاستی کاتێک گوێبیستی ئەو چیرۆکە بووم زۆر دڵخۆش بووم، وام دەزانی
گەورەترین گەنجینەم دۆزیوەتەوە، بۆیە بەردەوام لە زیهنمدا ئابدەیتم
دەکردەوە، چونکە دەمزانی دەبێت بە هەوێن و زادەی لەدایک بوونی وتارێک
کە تێیدا بتوانم بابەتیانە قسە لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆمان
و وڵاتێکی وەکو سوێد بکەم، هەر چەندە هەرگیز ناتوانین خۆمان بەوان
بەراورد بکەین، بەڵام خۆ دەکرێت مێشەکان بکووژین، بەڵام با مافی ژیان
لە مرۆڤەکان نەسێنینەوە!
زۆر جار ئەو پرسیارە لەلام درووست دەبێت، دەڵێم بۆ دەبێت لەم هەرێمەی
ئێمەدا هەموو کارێک کاردانەوەیکی جەرگبڕی لێ بکەوێتەوە؟ بۆ وەڵامی
ووشەو بەرد بە گولەو تیرۆرکردن دەدرێنەوە؟! خەڵکی لەسەر مافی خۆیان
خۆپێشاندان دەکەن، داوای خزمەتگوزاری و شتە سەرەتاییەکانی ژیان دەکەن،
بەڵام کاتێک گوێیان لێ ناگیردرێ و پەراوێز دەخرێن، بێ گومان پەنا بۆ
خۆپێشاندان دەبەن و بە دووریشی نەزانین هێندێک دیمەنی نەخوازراویش
ببینین، با لەو کاتەدا بەرپرسان پشوویان درێژ بێت و هەوڵ بدەن لە ئێش و
ئازارەکانی ئەو خەڵکە بگەن، نەک لە خوێن شەڵاڵ بکرێن و بە مەرگ
ئاشنایان بکەن!
بە حەقیقەت ئەوەی دەیبینین، ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە بەهۆی کۆمەڵێک
فاکتەرەوە کێرڤی تووندوو تیژی لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایەو
کووشتن و تیرۆرکردنی مرۆڤ ویژدانی هیچ بەرپرسێک ناجووڵێنێ و
قوربانیەکان تەنها گوزارشت لە مەرگی خۆیان ناکەن، بەڵکو شکۆمەندی مرۆڤی
کورد دەخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەوە تاکە مرۆڤێک نیە دەکرێت بە قوربانی،
بەڵکو کوشتنی کۆی بەها مرۆییەکانە لە ناخی تاکی کورددا!
بەڕاستی ئەوە خەوشێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردی کە کۆمەڵگەیەکی
ستەملێکراوە لە سنووری جۆگرافیای ئەودا ستەم قبووڵ دەکات، خەوشێکی
گەورەشە بۆ دەسەڵاتداران کە رێگە بە خۆیان دەدەن لەژێر دەسەڵاتی
ئەواندا وەڵامی ووشە بە گوولەو وەڵامی بەرد بە گوولە بدرێتەوە؟! دەبێت
هەر هەموومان شەرم لە مرۆڤی بوونی خۆمان بکەین، چونکە هەموو شتێکمان
لەژێر پرسیاردایە؟! شەرمە بۆ هەموومان لەشوێنێک ژیانی مێشەکان پارێزراو
بێت و لێرەش لەم هەرێمە دیمۆکراتیەی ئێمەدا ژیانی مرۆڤەکان لە ژێر
مەترسیدا بێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|