په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٤

''میریام فارس''یش ھات و مووچە ھەر نەھات؟!


شەمال عادل سەلیم   


بە ھۆی کێشەکانی ھەرێم و بەغدا لەبارەی دۆسیەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگای بۆرییەوە بۆ تورکیا و ناشەفافی پرۆسەکە بەگشتی، ھەروەھا نادیاری داھاتی نەوت و مانەوەی ئەم دۆسیە لە چنگی ئەڵقەیەکی کەمی دو ھێزە دەسەڵاتدارەکەی ھەرێمی کوردستان ، ‌وایکرد تەقەشف جاڕ بدرێت و دەنگدان لەسەر بودجەی گشتیی دوابخرێت وھەرێمی کوردستانیش بەگشتی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی ونەمانی پارە لەبانکەکان و نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی ببێتەوەو کە ئەوەش راستەوخۆ کاریگەریی نەگەتیڤی کردۆتە سەر ژیانی ھاوڵاتیان بەتایبەت چینی مووچە خۆران ، کەسیش نازانێ کەی و چۆن ئەم کێشە چارەسەردەکرێت ، لەوکاتەی کە ژمارەی مووچەخۆرانی ھەرێم (یەک ملیۆن‌و ٣٤١ ھەزارو ٥٥٨ کەس) مووچەخۆرەو لەو ژمارەیەش (٦٨٢ ھەزارو ٨٤٩ کەس) فەرمانبەرن.


ھەتا نووسینی ئەم بابەتەم حکومەتی کاربەڕێکەری ھەرێمی بەتەمای خوا توانای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی خۆی نییە ، تەنھا داوای دان بەخۆداگرتنی ھاوڵاتیان‌و مووچەخۆران دەکات و وەک دەڵێن: (سکی تێر ئاگای لە برسی نیە).


لەدوا لێدوانی سەرۆکی وەزیرانی عیراق ( نوری مالیکی ) ئەوەی خستوەتەڕوو کە بەغدا ئامادەیە موچەی مانگی شوبات بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە بکات، بەمەرجی ئەوەی کە حکومەتی کاربەرێکەری ھەرێم داھاتی ھەناردەکردنی نەوت بخاتە نێو بودجەی گشتی دەوڵەتی عیراق.....


ھەربۆیە خەلکی ھەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە نزا لەخوای خۆیان دەکەن و لێی دەپاڕێنەوە کە دڵی ھەردوو( سەرۆک وەزیران ) نەرم بکات ولە کێشەو قەیرانی بودجەو مووچە رزگاریان بکات...


بەڵێ..... لەوکاتەی خەڵکی بەشمەینەتی ھەرێمی بەتەمای خوا چاوەڕێی ھاتنی مووچەیان بوون ،بەڵام لەبڕی مووچە گۆرانیبێژی لوبنانی (میریام فارس ناسراو بە شاکیرای عەرب ) بە تازەرتین شێوازی جلوبەرگ و نینۆکی ڕەنگ کراوی بە ئاوی (ئاڵتونی عەیار ٢٤ ) ھێنرایە ھەرێمی بێ مووچەو بودجە بۆ ئەنجام دانی کۆنسێرتێک لە ھەوڵێری پایتەخت.......!!


ھەر بۆیە خەڵکی ئەم دەڤەرەی لەمەر ئێمە بەنیگەرانیەوە دەپرسن : دینار بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم نییە ، ئەدی خێرە حکومەت بۆ راقیسە و گۆرانی بیژی عەرەب و(عەزییە دانەپۆشراوەکان) دەفتەرە دۆلار دەبارێنێ ؟ حکومەتێک پارەی یەک مانگی موچەی کارمەندانی نەبێت ،ئەدی چۆن بۆ( میریام خان) دۆلار دەبارێنێت ؟
جێگای ئاماژەیە کە (میریام فارس) پێش ھاتنی بۆ ھەرێمی بەتەمای خوا لەلێدوانێکی خۆی واوەسف کرد : کە ئافرەتێکی سرکە و (دەستەمۆ نییە) و یەکێکە لەو کەسانەی قورسە (پیاو ) بتوانێت دەستی پێبگات.... ؟!


ھەروەھا گووتیشی کە ئەو لەژێر (عەزیە دانەپۆشراوەکەی)( شۆرتی ) لەبەردایە وئامادەبوانی کۆنسێرتەکەی ھیچ شتێک نابیین!!


لەکۆتایدا دەپرسم ئاخۆ دەبێ بۆ ( میریام خان ) ئەم لێدوانەی بەر لە ھاتنی بۆ دەڤەری ئێمە دابێ ، لەوکاتەی ھەرھەمووشمان باش دەزانین کە لە ئەفەندیە خاوێن و تێروپۆشتەو گیرفانپرەکانی حکومەتی ھەرێمی بەتەمای خوا کەسی تر ئامادەی کۆنسێرتی دادە (میریام خان) نابێت؟


رۆژی ژەھربارانکردنی ھەڵەبجە - ھەولێر
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک