په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١\٢٠١٤

مسیار پرۆژەیەکی کۆنەپەرستی تری ئیسلامییەکان بۆ فرەژنیی!


موزەفەر عەبدوڵا    

 

لە سایەی دەسەڵاتی میلیشایی و خێڵەکیی دوو دەیەی پارتی و یەکیتی، و هاوپشتی ئیسلامییەکان، چەوسانەوە و بێ مافیی و توندوتیژیی، لە سووکایەتی و لیدانەوە بگرە تا دەگاتە تیرۆر و رەشەکوژیی ژنان و بە زۆر بە شوودان و فرەژنیی و چەندین شیوازی تری بێ مافیی و سەرکوت، بۆتە دیاردەی زەقی کۆمەڵگای کوردستان و دۆزەخیکی راستەقینەیان بۆ ژنان دروست کردوە. بەڵام هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیەدا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز، لە پێش هەموویانەوە کۆمۆنیستەکان و حیزبی کۆمۆنسیتی کریکاری، کەوتنە بەرهەڵستکاری ئەم دیاردەیە و بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی ژنان. دەیان و سەدان نارەزایەتی و چالاکی و کەمپەینیان لە ناوەوە و دەرەوە ریکخست بۆ ریسواکردنی ئەم هێرشانە لە ئاستی جیهاندا. سەرەنجام دۆخی نالەباری ژنانیان تا رادەیەکی بەرچاو بە رای گشتیی ئازادیخوازیی جیهان ناساند و سەرانی هەردوو حیزب لە زۆریک لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان شەرمەزار دەکران.


هەموو ئەمانە بووە گوشارێکی بەرین لەسەر دەزگاکانی دەسەڵات تا ناچار بن ئاوڕێک لە بارودۆخی ژنان بدەنەوە بۆ داپۆشینی ریسواییەکەیان گفتوگۆ بکەن لەسەر مافەکانی ژنان و توندوتیژیی و سنووردانان بۆ فرەژنیی کە دەیان ساڵە بە یاسایی هەبووە کە پشتی بە شەریعەی ئیسلام بەستوە.


بەڵام لە پاڵ ئەم پاشەکشەیە بە دەسەڵات کە زیاتر راستەوخۆ ئیسلامییەکان لێی زەرەرمەند دەبوون بۆیە ئەوە ماوەیەکە کەوتونەتە جوولە و پێشنیارکردنی شیوازی تری بێمافکردنی ژنان لەوانە فرەژنیی بە ناوی مسیارەوە کە ئەم شیوازە زۆر ریسواترە لە شیوازە شەرعییە باوەکەیان.


یەکەمین هەنگاویشیان بۆ بانگشەکردنی هاوسەرگیریی مسیار لە کەناڵی (رووداو تی ڤی)یەوە هەڵهینایەوەو لە ١٨ ئەم مانگەدا مەلایەک و شێخیکیان بانگیشت کردبوو بۆ پروپاگەندە لەسەر ئەم شیوازەی فرەژنییە. هاوکات، بەهار مونزیر کە دیارترین و سەرسەخترین هەڵسوراوی مافەکانی ژنانە لە کوردستان، لەگەڵ رازاو عەبدول وەک پارێزەر و بەرگریکارێک مێوانداریی کرابوون.


جا خۆ گەر هەر کەسیکی یەکسانیخواز لە روانگەی پاراستنی مافەکانی ژنانەوە و رێزدانان بۆ ژنان لەو بەرنامەیەی روانی بێ ئەوە درکی بەوە کردوە کە ئەم کەنال و بەرنامانە ئەوەندەی بەشیکن لە سووکایەتی و بێ مافیی بە ژنان و هەڵسوراوانیان و لایەنگری لە بەرەی کۆنەپەرستی و پیاوسالاریی زۆر کەم بەرگری لە مافەکانی ژنان دەکەن و خۆیان بە دوور دەگرن لە سەنگەری بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ژنان.


بە ئاشکرا ئەم بەرنامەیە، کە بیگومانە سیاسەتی کەناڵەکە بەرێوە دەبا، بوو بە ئامرازیک بە دەستی بەرەی کۆنەپەرستی و دژی ژنان و سەرجەم ئازادیخوازان. تەنانەت ئەم مەلا و شێخە بە ئاشکرا سووکایەتییان بەو دوو بەرگریکارەش دەکرد و زۆر جار دەرفەتیان نادان وەڵامیش بدەنەوە. بەڵام پێشکەشکاری بەرنامەکە هۆشداریی نەدەدا بەو دوو کەسە دژی ژنە و سوورتر دەبوون لەسەر سووکایەتی کردن.


ئەم دەزگاو دامەزراوە بەناو مەدەنی و سەربەخۆیانەی کە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بە هەردو حیزبی دەسەلاتدار و ئیسلامییەکانەوە بەستراون بە بەهانەی ئازادی بیروراو دیموکراسی بە ئاشکرا دەرفەت دەدەن تا ببنە بڵندگۆی بانگشەی سوکایەتی و بی ریزی بە ژنان و بەردەوامیدان بە چەوسانەوەیان.بەلام خۆ گەر یەکسانخوازیک بەرامبەریان بلی ژن و پیاو دەبیت لە مافدا یەکسان بن ئەوە بی سێ و دوو چی ووشەی نەشیاو سوکئامیز هەیە پێیان دەلین وەک بەرەلا بی ئەخلاق و... هتد.


ئەوەی بیگومانە ئەوەیە کە هەر کەس و لایەنیک و دەزگایەکی راگەیاندنیش گەر یەک گەرد لایەنگری لە مافەکانی ژنان بکات نابێ ریگا بدا بە کەسانی کۆنەپەرست سووکایەتی بە ژنان و مافەکانیان بکا.


تەواوی ئەو قسانەی ئەو دوو مەلا و شێخە کردیان سووکایەتی و بی ریزی ئاشکرا بوون بە ژنان و هەموو جەماوەری ئازادیخواز. ئەمە ئیتر تەنها ریسوایی نییە بۆ ئیسلامییەکان و بەرەی کۆنەپەرستی نێو کۆمەڵگای کوردستان بەڵکو ریسواییە بۆ ئەو دەزگا و بەرنامانەش کە دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ بانگشەی لەم جۆرە.


بەڵام پیویستە ئەم جۆرە لە چاوپیکەوتن و گفتوگۆ و دایەلۆگ کە دەبیتە هەلقۆستنەوە بۆ ئەم کەسە کۆنەپەرستانە ببیت بە ئەزمون بۆ کەسانی هەڵسوراو و بەرگریکار لە مافەکانی ژنان.جا بە بروای من یان نابی بەشداری لەو جۆرە کەناڵ و بەرنامانە بکەن یاخود گەر بەشداریان کرد نابیت رێگا بدەن بەو کەسە ئیسلام یە کۆنەپەرستانانە وا سوکایەتی ئاشکرا بە ژنان و خودی خۆیان بکەن. وە هاوکات رەخنەی جدی لە پێشکەشکاری بەرنامەکە بگرن کە نابیت لەم نیوەدا خۆی بە بیلایەن نیشان بدات لە کاتیکدا بە ئاشکرا بی ریزی و سوکایەتیان پی دەکریت.بە بروای من خۆ بیلایەن گرتن لە کاتی وا دا کە بە ئاشکرا سووکایەتی و بێ رێزیی بە ژنان و مافەکانیان دەکرێ خۆی لە خۆیدا لایەنگری یە لە بەرەی کۆنەپەرستی و دژە ژنی.


هاوکات پیویستە هەمو هەڵسوراوان و بەرگریکارانی مافەکانی ژنان و یەکسانیخوازان و لایەنە چەپ و کۆمۆنسیتەکان زۆر هەستیار بن بەرامبەر ئەم پرۆژە دژی مرۆییانەی ئەم ئیسلامییانە و مەلا و شخەکانیان کە دەیانەوێ بە بە یاسایی کردنەوەی ئەم جۆرە بەناو هاوسەرگیرییە قەرەبووی ئەو کۆتوبەندانە بکەنەوە کەلەسەر فرەژنیی دانراوە بە بەهانەی پووچی زۆری ریژەی ژن لە چاوپیاوانەوە یا خود بونی کچانیکی زۆر کە تەمەنیان چۆتە سەرو هاوسەرگیریان نەکردوەو یا هاوسەریان مردوە. ئەمانە جگە لە بەهانەی پووچ و بی ناوەرۆکی پیاوسالاریی زیاتر هیچی تر نییە.


ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە لە روانگەی ئەمانەوە ژن وەک پیاو بوونەوەریکی خاوەن هەمان سیفاتە مرۆییەکان نییە و تەنها جەستەیەکی بێ ژیری و بێ هەست و سۆز و خۆشەویستییە بۆ تیرکردنی ئارەزووەکانیان و خزمەتکردنیان و زاوزێکردن و بەس.


بۆیە بەرەی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگای کوردستان دەبیت هیز لە خۆی نیشان بدات و بیتە گۆرەپانەوە بە شیوازکی رێکخراوەیی و ئاسۆی یەکی تەواو یەکسانی مرۆییەوە بۆ بەرگری کردن لە مافەکانی ژنان و یەکسانی هەمەلایەنە.وە دروشمی جیایی دین لە دەوڵەت کە بۆتە مۆتەکەی گیانی ئیسلامییەکان بکەنە سەرتۆپی خواستەکانیان لە خەبات و نارەزایەتی یەکانیان.خۆ گەر دەنگی نارەزایەتی بەرامبەر ئەم پرۆژە کۆنەپەرستانەیە بەرز نەکریتەوە ئەوە ئاساییە کە دەزگاکانی دەسەڵات دەرگایان لەسەر پشتە بۆ ئەم کۆنەپەرستانە و پرۆژەکانیان.

 

٢١\١\٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک