| 
			٥\٦\٢٠١٢ 
			میوە و فریشتەکانی 
			بەھەشت. 
			
			 شێرکۆ عادل
 
			قەوامی سەڵتەنەت و پایەداری شانشینی و تەشریفاتی ئەمیر و ئومەڕای 
			سەردەمانی چەندین سەدەی لەمەوبەر ؛ بەردەوام ڕازاوە بوون بە کچی جوان 
			جوانی فریشتەیی و میوەھاتی ھەمە جۆری باخی بەھەشتی لە ھەموو بۆن و ڕەنگ 
			و تامێ ، لە جیھاندا لەم سەری ڕۆژھەڵات تا ئەوسەری ڕۆژاوا لە دەستەڵاتە 
			جۆراوجۆرەکانی سەدەکانی پێشوو درێخی نەکراوە لە ڕازاندنەوەی مێزی 
			بەردەم پایەدار و خانەیانەکان ، ئەم کلتورە شاھانەیە لەسەدان سەدەی 
			ڕابردوو تا ئێستاکە بە ھەر جۆر و شێوازێک بێت بەردەوامی ھەیە و بۆنە 
			فەرمی و دانیشتنەکانی دەستەڵات داران و پیاوانی دەوڵەتی پێ 
			ئەڕازێنرێتەوە.
 
			ئەوە بە تەنھا دەستەڵات دارە کلاسیکیی و خاوەن شکۆکان نین بەم نەرێتە 
			سەرمەستن و لە سەر مێزی تەشریفاتی میوەی بەھەشتی ئەڕازێنەوە و لەبەردەم 
			بۆنەکاندا کچی فریشتەیی نمایشەکەن ، ئەمڕۆ لە زۆر لە ووڵاتانی جیھانی 
			دواکەوتوو وە لە ناویشیاندا خۆر ھەڵاتی ناوەڕاست وھەرێمی کوردستان ؛ 
			ئەم نەرێتە بۆتە دەست پێکی کار و بەرنامە و پڕۆگرامەکانی تەشریفاتی 
			حکومی و حزبی و سیاسی لە کۆبونەوە و کۆڕەکانیاندا لەلای ھەموو قەوارە 
			سیاسیە بچوک و گەورەکان بە " دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن " و ھەموو حزب و 
			ڕێکخراو و گروپ و ھەروەھا لایەن و بەڕێوە بەرایەتیە فەرمیەکانی حکومەتی 
			ھەرێم ؛ ھەرھەموویان بە شێوەی داھێنان و کێبڕکێ لەسەر خۆشترین میوە ی 
			سەرمێز و جوانترین کچی بەر بۆنەکان کێبڕکێیانە بۆ جوانترین ڕازانەوە.
 
			ئێمە بەچ ڕوویەکەوە میوە بڕازێنینەوە لە بۆنەی تەشریفاتی حکومی و 
			حزبیەکاندا ! کە لە کاتێکا ووڵات و خاکەکەمان لە % ١ی میوەکانمان بۆ 
			وەبەرھەم نایەت و کشتوکاڵ کۆڵەوارە ؛ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاو و 
			ئاوەدانی بە کام چاو سەیری میوەی ڕازاوەی سەرمێزەکان بکات ، بە چ دوور 
			بینێ سەیری باخ و کشتووکاڵ و بەرھەمە نیشتمانیەکانمان بکەین ! ، ئەرێ 
			کەسێ نیە بڵێ لەسەر گۆی ئەم جیھانە پان و بەرینە حکومەتێ یان حزبێک 
			ھەبوە و ھەیە بۆ میوانێکی نەدیو و نەناس بەربەلەمێ " خەیار " ی 
			ووڵاتانی دراوسێ دانێ بۆ میوانی سیاسی ! ؛ ئێمە بۆمان نیە و ناکرێ باسی 
			کشتوکاڵ و میوە و مزرەمەنیەکان بکەین چونکە نیمانە ؛ یان چۆن چۆنی 
			بتوانین لەپاش کۆبونەوە سیاسیەکان شەرم بکەین و دەستی بۆ درێژ کەین ؛ 
			بەتایبەتیش خەیار کەلە گروپی سەوزەیە نەک میوە.
 
			باوادانێین وا چەند ساڵێکە ووشکە ساڵیە و نەھامەتیە و تازە لەشەر 
			بوینەتەوە ؛ کەچی پۆل بە پۆل جوتیارەکانمان ، خوێندکارانی زانکۆکان 
			تازە وا ئەچنەوە ناو جیھانی سەربازی و ئاسایش و پۆلیس و دەزگا 
			حکومیەکانی تر دور لە ئاوەدان کردنەوە و کشتووکاڵ و بەرھەم ھێنانی 
			مزرەمەنی ، ئیتر چۆن لەڕومان بێ بەرھەمی میوەی ووڵاتانی دراوسێ 
			لەبەردەم میوانی حزب و حکومەت و نیشتمانا بڕازێنینەوە ! ؛ ئەزانن لە 
			علوەی سلێمانی و دھۆک و ھەولێر و کەرکووک گوێمان لە ووشەی کوردستان و 
			خۆمانە و خۆماڵی نیە ، ھەر دوکانەو بەرھەمەکانی بەناوی ووڵاتانی 
			دراوسێوە بەیانەکات و ناوی باخەکەکانیان ئەھێنن.
 
			ئەی فریشتەکانی بەھەشت و کچە جوانەکان ! ؛ زۆربەی بۆنە و یاد و کۆڕ و 
			کۆبونەوەی حزبی و حکومی یەکانە لە ھەموو شار و شارۆچکە و ناوچەیەک ؛ 
			جوانترین کچ و ژن و ئافرەت ھەڵەبژێرێت بۆ ڕازاندنە و و دەست پێک و 
			بەگەڕ خستنی ؛ قردێلە قرتاندنێکمان نیشان بدەن کە بە کچی جوان 
			نەڕازابێتەوە ، دەست پێکی کٶڕێکمان پێبڵێنن کە بەکچ و ژنانی ئاڵاو واڵا 
			جوان نەکرابێ ، ئەوە سەردانی کام سەرۆک و بەرپرس بوە بەکچی منداڵ کار و 
			گوڵەکانی دەستیانەوە لە فڕۆکە خانەکان ھەڵنەپەڕیبن ، تەشریفاتی ناو کام 
			کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسە کچان و ژنان بەڕێوەیان نەبردبێ ، تەنانەت 
			توالێتی زۆربەی ئەو شوێنانەش ھەر ئافرەتی داماوی فەڕاشەکانن لە " دادە 
			و باجیەکان " بۆ پاکردنەوەی دایرە و بارەگا حزبیەکان دادەنرێن ، ڕاستە 
			ئەو شێوازەی جاری جارانی سڵتەنەت و پاشاکان نەماوە ، بەڵام ھەمان 
			ناوەڕۆک و ئەخلاقیاتی تەشریفاتی یاد و بۆنە و کۆڕ و کۆبونەوە کانە 
			پەیڕەو دەکرێنەوە و بە " سکرتێرە و کارمەند و باجی و دادە " کانی 
			سەپێرن و دەیڕازێننەوە.
 
			گۆڕینی ئەم نەرێتە گاڵتە جاڕیە ، سەردەمێک ، بیرێک ، لایەنێک یان 
			کەسێکی ئەوێ وەک عیسا بە جورئەتبێ " کاتێ ھەموو سەبەتەی توجارەکانی ناو 
			ئوڕشەلیمی ھەڵگەڕانەوە و توڕی دان و دەری کردن " ، کەسێکمان ئەوێ ، 
			حزبێکمان ئەوێ ، وەزیرێکمان ئەوێ ھەموو سینی و سەبەتی میوەی بەردەم 
			مەسئولین و خانەدانەکان توڕ فڕێدات و ئەم نەرێتی تەشریفاتیە کلاسیکانە 
			توڕدات ، حزبێک و لایەنێک و حکومەتێکمان ئەوێ کشتوکاڵ ئاوەدانکاتەوە 
			نەک زەوی و خاکمان کوێرکاتەوە و ھەمووی بکەنە باڵەخانەی بەرز بەرز ؛ 
			پەرلەمانێ ، حکومەتێ ، حزبێ ، وەزیرێکمان ئەوێ چیدی نەھێڵێت ئافرەتان 
			وەک کاڵای ڕازاندنەوەی کۆڕ و کۆبونەوە کان سەیر کرێن ، و سینی بەدەستی 
			بەردەم قردێلە قرتێنەرەکان بکرێنە کەنیزەکی شاھانە لە بەر دەرگاکانا ، 
			کچێک و ژنێک و فریشتەیەکمان ئەوێ کە لە پلە و پایەی سەرەوەی ناو حزب و 
			حکومەت و پەرلەمانابێت و خاوەن قسە و دەستەڵاتبن ، نەوەک جوانەکان کۆڕ 
			و کۆبونەوەکان بڕازێنەوە و بەتەمەنەکانیش لە دادە و باجیەکان سەرمێزو 
			توالێتەکانیان پاکەنەوە.
 
			لەندەن
 ماڵپەڕی شێرکۆ عادل
   
 
			  
			  
			  |