په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

            مخابن ئەمشەویش تێپەڕى.

 

                                                   

                                                                 دیار محه‌مه‌د
فەرهەنگێ دەکەمە چراو
ڕوناکییەکان بە خەڵوەتدا دەنێرمەوە
لەژێر چەترە ڕەنگاو ڕەنگەکەى کچەکەمدا لێتدەگەڕێم ..
دوا دڵۆپە بارانێک دەکەمە چاوساغ
کۆڵان کۆڵان دەستیدەگرم
لەم شەوارە بوونەمدا ..
تا دەگەمە کەرنەڤاڵى ئەم پایزە پۆڵاییەت ،
بەدەم ڕێگە بزربووەکانەوە
پێم دەڵێ: لێگەڕێ ..
ئێرە کۆتایى سووتانە سووتان !!
کۆڵەپشتى هەجیجییەک دەخوازم و
ژوورەکانى پڕ دەکەم
لەبریسکەو کارتى خۆشەویستى
دەستکێشەکانم دەکەمە دیارى دەیجورێ
گەرنا قاپێک مەراق بەدەم ڕێوە
دەرخوادى پێکەنین دەدەم
لەم شەوارەبوونەمدا
سۆراغ لەنەبوونى کڵێساکان دەکەم
بەم نابیناییەمەوە بۆ بینینت
دەسپێکى ئەم خەراباتە دەنێمە سەرسنگى تەنیاى..
تا هەموو جەنجاڵیم دەترازێنمە شەوى تۆوە،
ئیرادەى ئەم جوداییەم فەرامۆش دەکەم
تا زاکیرەى ئەم درەنگ وەختەم
لەتۆدا خاڵى دەبێتەوە
بەدەم ڕێگا وونبووە کانەوە
پێم دەڵێ: لێ گەڕێ ...
ئێرە کۆتایى سووتانە سووتان !!
ڕە تبوونم بەمروەتى خوداوە دەنووسێنم
دەمەوێت یەکەم ڕمانى خۆم بگڕمەوە
لەم شەوارەبوونەمدا،
دەمەوێت یەکەم تەواوبوونم بەتەواو
نەبوونەکەتا تەواو بێت
دەهرێکە بۆبێ تۆیى چاو دەگێڕم و ناتبینم
ئاى کچەکەم ..
خەیاڵ لە ئیحساسترین شەوى مردندا جێم دێڵێ
تا پڵنگەکانى شەو بەئاگابن
تا چراکان لەدامێنى هیجرەتدا
بەسەر نووسینێکى تەڕەوە
بەسەر منارەى مزگەوتێکى بێ بانگەوە ڕەق ببنەوە..
ئاى کچەکەم ...
دەمەوێت بچمەوە ساڵى تەڕیم
تا لە ئاوابوون بڕوانم
تا لەتارمایى ئێوەدا پیاسەبکەم و
قۆڵ بەقۆڵى نەگەڕانەوەیەکى ساردا بکەم
تا کڕێوەم بەڕوى زستانتدا دەپژمێت ..
مردن لەچاوی تۆوە بەڕوتى خۆى نیشاندەدات
ئەجەل.. ڕێگە درز تێبردووەکانم دەخاتە
خەیاڵى ئەکسەرییەتمەوە
دەیەوێت یەکەم کارتى موڕاحقیم بداتەوە
کەتیام نووسى: خۆشـمدەوێیت..
مردن یەکەم لاپەڕەى دڵداریم دەداتەوە
کە نەمزانى تیاى بنووسم بێ تۆ ناژیم
ئێستاش عیبادەت لەدامێنى مەغریبم دەچۆڕێ ..
لەم شەوارە بوونەمدا
لەگەڵ دوایین دڵۆپى شوشە سەوزەکانى حیجاب ..
پەڕۆ نورانییەکەى تۆ
لەناو قەدى گۆرانییەکى خوێناوى دەپێچم
تەهلیلەى ئەم نەسرەوتنەم بەئاگادێنمەوە
کەمانچەیەکى بێ زمان دەنێرمە خوازبێنیى ئاوازەکانت و
دەستەو یەخە دەکەومە بەرگوللەبارانى قومێگ مەستیت
تێناگەم..
ئەم شێتییە بەس بە شانى چەپمەوەیە
لەپەنجەى شایەتمانمدا کزۆڵە دەبێت
هەتا دەترازێتە باڵکۆنى چاومەوە و
شەیالەى ئەم تەنهاییەم پێدەردەخات ..
بەیانییەک دێ
ڕێگەکان دەبنە دەزگیرانى ڕوتبوونەوە
دەرەنگ وەختێ دێى
دەبمە بالیفى قرشەکان
درەنگ وەختێ دێى
دەبمە دڵۆپێ حەیای تێکشاو
بەیانیەک دێ
تەواو دەبم لەخۆم
بەیانییەک دێى
تەواو دەبم لەکۆتایى
بەیانییەک دێ لەیەکترى تەواو دەبین
درەنگ وەختێ
بەسەر مێزى چاوەڕوانی و
دوا دڵۆپمدا دێی،
بڵێ..بڵێ..
لەم درەنگ وەختەدا
جێیەک ماوە بۆ دانیشتن ؟
حیکمەتێکیتر ماوە بۆهەڵگەڕان ؟
نا ... تەنیا کۆکتێلێک ئاو
تەنیا کۆکتێلێک موناجات
نالی چى دەڵێت ؟
کە ئاوابوونم دەڕژێتە کۆرسى خۆمەوە لە تەنیشتتا
نیوەى ئەم شەوە تێپەڕیوەو
نیوەى گۆرانییەک تۆمارکراوە ..
نیوەى چارەکێک تەواو بووە ..
ئێی کچەکەم
کەناتبینم، بۆنى تۆزى مردوو دەکەم
بۆنى تۆزقاڵێ عیشقم بۆ دێ
لەم شەوارە بوونەمدا
لە ڕەنگى تۆ
لە سۆراخى مودمینیم
مەخابن ئەمشەویش تێپەڕى
ناگەمەوە بەڕابردووە پایزییەکەم
ناگەمەوە بە موزاحیم بوونى لەتێگ لەنیوە ڕۆیشتووەکەم
کە بوتڵێک بێ هۆشی و
قاپێک نسرمی و
بەستەیەک
لە کارتە نەنوسراوەکانمە !
کە سنەوبەرێکى سپییەبە منداڵى
کە پێکەنینێکە ئاوابوونى تیا ناڕژێ ..


پایزى 2007                                    
Deyar_mahamad@yahoo.com