په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١١

مۆڵەت و یاسای خۆپێشاندان، نموونەی چەکێکی دوو سەر؟!


ستار محەمەد قادر


بۆ جارێکی دیکە هەندێک هۆکار وامان لێدەکەن، قسەی زیاترو پانتایی فراوانتر بۆ بێنەو بەردەی مۆڵەت و یاسای خۆپێشاندان تەرخان بکەین، چونکە ئەمیش وا خەریکە وەکو سەرژمێرییە حەیاتەکەی لەمەڕ عێراق، دەسیاسێندرێ و لە نێوان دوو جۆر بیرکردنەوەو بەرژەوەندی نا جۆرەوە، جگە لەوەی دوو تەفسیری بۆ دەکرێت خەریکە دەحزبێندرێت و حەساسیەتی لێدەکەوێتەوە، لەهەموویشی ناخۆشتر، هەر ئەوەندە حزبێندرا، ئیتر دەبێت بەهۆکاری چێکردنی گرێی دەروونی، ئەوجار بۆ کردنەوەی مەگەر کلکی شەیتانی بۆ ببەستین؟!


لێرەدا پێم باشە بە نموونەیەک تێکەڵ بە وتارەکەم ببم، ساڵی 2008 برادەرێکی خۆشەویستم، لەلایەن پەرلەمانتارێکی هاوڕێیەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق داوەت دەکرێت. ئەو رۆژە، ژنە پەرلەمانتارێکی سەر بەلیستی سەدر، داوایەک پێشکەش بەسەرۆکی پەرلەمان دەکات، ناوەڕۆکی داوایەکەی بریتیە لە: " یاساخ کردنی هەموو جۆرە مەشروباتێکی کحولی، ئەو ژنە پێی وایە، لەبەر ئەوەی عێراق ووڵاتێکی عەرەبیەو شوناسی ئیسلامیە، پێویستە لەلایەن پەرلەمانەوە یاسایەک دەربکرێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو شوێنانە دابخرێن وا مەیی و مەشروباتە کحولییەکانی لێدەفرۆشرێت، چونکە حەرامن و سیمای عێراقی ئیسلامی لەپێش چاوی جیهانی ئیسلامی ناشیرین دەکات"؟! دوا بەدوای تەواوکردنی قسەکانی، پەرلەمانتار ئەیاد جەماللەدین، داوای ئەوە دەکات کۆمێنتی هەیە لەسەر ئەو داوایەو بە نموونەیەک تێکەڵ بەتەوەرەکە دەبێت و دەڵێت: "جاران لە هب هب، عارەقی مەستەکی محەلییان درووست دەکرد، کابرایەک هەموو رۆژێک چارەکێ لەو مەستەکێی دەبردەوە بۆ ماڵەوەو نۆشی دەکرد، دوای دەساڵ، رۆژێک خێزانەکەی پێیدەڵێت: پیاوەکە ئەوە لەوەتەی من چارەنووسم کەوتووەتە لای تۆوە، تۆ هەموو شەوێک ئەم زەهرە دەخۆیەوە، بۆ وازی لێناهێنیت، سوودی چییە؟! کابرا لێی دێتە گۆو بە ژنەکەی دەڵێت: " تۆ بۆ شوکری خودا ناکەیت ئەمە هەیە، ئەگینا ئەگەر مەی نەبووایە، چۆن دەمتوانی تەماشای شکڵی تۆ بکەم و شەو لە گەڵتدا رۆژ بکەمەوە"؟! دوای تەواوکردنی نموونەکەی، ئەیاد جەماللەدین رووی دەمی دەکاتە ژنە پەرلەمانتارەکەی سەر بەلیستی سەدرو پێیدەڵێت: " خوشکم، ئەگەر میللەتی عێراق حەقیقەتی ئێمەو نێو هۆڵی پەرلەمان دەزانن کە چی چەلەحانەیەکە، لەشوێن بیرکردنەوەمان بۆ ئەوەی ژیانێکی شایستەترو باشتر بۆ ئەو خەڵکە مسۆگەر بکەین، خەریکین خۆمان بەوەوە سەرقاڵ دەکەین، یاسای یاساخ کردنی مەشروبات دەردەکەین، لەشوێن فراوانکردنی ئازادییەکان، سنوورداری دەکەین، خوشکم دەبێت ئێمە مەمنوونی خوا بین، ئەو خەڵکە بە خواردنەوەوە سەر قاڵن، ئەگینا ئەگەر فاکتی ئێمە بزانن، ئەوجار بزانە چۆن شار بەدەرمان دەکەن، لەگەڵ تەواوکردنی قسەکانی ئەیاد جەماللەدیندا، پێکەنین سەرتاپای نێو هۆڵی پەرلەمان داگیر دەکات؟!


ئەو نموونەی سەرەوە دوو رای جیاوازی دوو پەرلەمانتاری نێو هۆڵی پەرلەمانی عێراقن، کە لەپشتی هەر یەکێکیانەوە پاشخانێکی مەعریفی و ئەجێندای جیاوازو رەهەندی سیاسی و مەزهەبی دەبینرێت. ئەگەر بەئیسنافەوە قسە لەسەر داوای ژنە پەرلەمانتارەکەی سەر بە لیستی سەدر بکەین، ئەوە لەشوێن، درووستکردنی پرد، بەدڵنیاییەوە دەبوو بە هۆکاری ئەوەی میللەت بەرد لەحکومەت بگرێت. لەجیاتی ئارامی، پشێوی لێ دەکەوتەوە. لەشوێن رێزگرتن بۆ ئازادییەکان، ئازادیی دەخستە ژێر پرسیارەوە. کەچی کۆمێنتەکەی ئەیاد جەماللەدین، سەرباری ئەوەی زۆر لۆژیکییە، ئاماژەشە بۆ ئەوەی دەبێت پەرلەمانتار ئاگای لەڕەوشی دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان بێت، نەک تەنها کاری دەرکردن و هەموارکردنی یاساو دەست بەرز کردنەوە بێت؟!


بۆیە دەکرا لەنێو هۆڵی پەرلەمان و هەموو پەلەمانتارانی سەر بە هەموو لیستەکان خەڵکانێک هەبن باش خوێندنەوەو مشت و ماڵی ئەو یاسایانە بکەن وا بڕیاریان لەسەر دەدەن، لەبەر ئەوەی تەنها بە دەرکردنی یاساکان ناگەن بەهیچ دەرەنجامێک، بەڵکو گرنگە ئەوە لەبەر چاو بگرن، ئەو یاسایە تا چەند رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەرزی واقیع و چ جۆرە خوێندنەوەیەکی بۆ دەکرێ و چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییان و لە کاتی جێبەجێکردنیشیدا چ کاردانەوەیەکی لێ دەکەوێتەوە لەنێو شەقامی گشتیدا؟! چونکە ئەوان ئێستا نوێنەرایەتی کۆمەڵانی خەڵک دەکەن، بۆیە پێویستە پەرلەمانتاران نەوعی یاساکە لەبەر دید بگرن، نەک تەنها رەچاوی لایەنی رەقەمی بکەن و لەبەرنامەیاندا بێت ژمارەی پێوانەیی بەدەرکردنی یاساکان بشکێنن!. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئاماژەی پێ بکەم، ئەویش ئەوەیە، لە فەزایەکدا ئەگەر ململانێکان بە ئاراستەیەکدا بڕوات، میزاج و بەرژەوەندیی حزبی رۆڵی سەرەکی ببینێت لە وەرگرتنی بڕیارەکان و هەڵسەنگاندنیان، نابێت ئەوە تووشی شۆکمان بکات، یاساو بڕیارەکان بە چەکێکی دوو دەم وێنا بکرێت، ئەگەر لایەک روویەکی ئیجابی پێشان بدات، ئەوە شتێکی ئاساییە لاکەی دیکە ئیش بۆ تەوزیف کردنی پێچەوانەکەی بکات، بۆیە دەبێت پەرلەمانتاران لەکاتی بڕیار وەرگرتن، ئاگایان لەوە بێت، دەست بۆ شتێک بەرز بکەنەوە، تەنها یەک دەم و یەک رووی هەبێت؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر