په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٢

مۆراڵ و یاساکانی پەنابەریی لە ئەوروپا.


جەمال کۆشش      

پێشکەش بە ١٢٠٠ کۆتری تارانێراو لە هێلانەی هۆڵەند.


ووتاری ژورنالیسیکی سویسرا لە ( رۆژی٢٢.٥.٢٠١٠لە رۆژنامەی ئین زیت زیت) دا بە ناوی مۆرال و یاساکانی پەنابەری لە سویسرا، لەسەر هەندێک بێئەخلاقی سیاسیەکان دەدوا لە پەیوەند بە کێشە و یاساکانی پەنابەرییەوە. لەلایەک سویسرا خۆی وەک پارێزەری ماف وڕیزی ئینسانی دەناسێنێ و شانازی دەکات بە هەبوونی کلتوورێکی ترادسیۆنی لەم بوارەدا،لەلایەکی دییەوە، هەنگاو بەرەو دەوڵەتێکی ڕاستڕەو دەنێت لە بواری ماف ویاساکانی پەنابەریدا. ئەوەی لە فۆرمۆڵەکانی یاسادا بە نێو ڕاڕەوی لێکدانەوەی نۆرمەکانی پەرلەمانتاراندا تێدەپەڕێت، ئەو ئامرازە پێشکەش بە پۆلیس و کارمەندەکانی هایم و کەمپە فریاگوزارییەکان و بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و دادوەری زیندانیەکان دەکات کە لەپراتیکدا ئێستا دەبینرێت. یاساکانی پەنابەری شەرعیەتی قانوونی دەدەن نەک بەتەنها بە ڕەدکردنەوەی پەنابەران، بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران، بەڵکە بەو نەفرەتەی کە ڕاستەکان و ڕاسیستەکان لە کۆمەڵگا تاکە دەرفەتێکە کە لێوەی دەتوانن مانەوەیان مسۆگەر بکەن.


لەو ٢٠٠ هەزار پەنابەرەی تونس کە بە هەزار دەردی سەری خۆیان گەیاندە لەمۆپسای ئیتالیا، سەرەڕای هەموو قەرزو قۆڵیک، سەرەڕای چیرۆکە خەمناک وترسناکەکانی بەلەم و پاپۆڕەکانی کاروانەکان. پاش ئەوەی کە بە نیمچە شۆرشیک توانیان ئازاد بن لەو زیندانە و لە شۆستە سڕوساردەکانی ڕۆما مانگەکان بگوزەرێنن دابەشبن بەرەو نیشتمانی ئەوروپا بەڵام تەنانەت یەک کەسیشیان داوای پەنابەرییان قەبووڵ نەکراو زۆرییان هەر خۆیان بەبەڕێوەبەرایەتی کۆچ نەناساند، ژمارەیەکی کەمیان خەریکی کاری ڕەش بوون لە فیرما بچووک و چیشتخانەکاندا. وە دەوڵەتانی ئەوروپا لەکۆبوونەوەکانی لەگەڵ دەولەتی نوێی تونسدا، مەرجەکانیان بەوەرگرتنەوەی پەنابەران بەستەوە.


بە پێی ڕاپۆرتێکی ئینتگرا/ئەمازۆنا کە بەم دوییانە بڵاوکرایەوە، تەنها لە رۆمای پایتەختی ئیتالیادا ٤٠٠٠ پەنابەر کە لەنێویاندا ١٧٠٠ کەس وەک پەنابەری سیاسی لەلایەن دەوڵەتەوە ناسێنراون ، لە چادرو کارتۆنەکان دەژین و بێکارو لە پەراوێزی کۆمەڵگادا دەژین. لە سالی ٢٠٠٥ ەوە ئەفغانیەکان، گەڕەکێکیان لە تەنەکەو کارتۆن وچینکۆ دامەزراند بوو، کە بەکابولی ڕۆما ناوزەد دەکرا،بەر لەمانگیک بە زۆری پۆلیس چۆڵکرا. ئەو چوار هەزارە وەک سەرۆکی ڕێکخراوەکەلوکا ئۆدڤینا دەڵێت لووتکەی شاخێکی بەفرینە کە هێندەیان بەدەرەوەن.


ناتوانین لێرەدا بە ووردی لەسەر سیاسەتی پەنابەری لە هەر یەک لە وڵاتانی ئەوروپایی بدوێین. بەڵام ئەو سیاساتانەی کە پەیڕەو دەکرێن بە زۆری لە پێشدا لە هۆڵەندەوە ، دەستپێشکەرییەکە دەکرێت. لایەنی ڕاست لە هۆڵەند بەهێزە، کۆکردنەوەی پەنابەران لە کەمپەکاندا ودەزگا پەیوەندیدارەکان لە چەند سەنتەرێکدا وکورتکردنەوەی پرۆسەی داواکاری و دیپۆرتکردنەوەیان پێشئەوەی ئیمکانی تیکەڵاوبونیان بە کۆمەڵگای هۆلەندییەوە لەو هەنگاوانەن ، وە یەکەم دەوڵەتی ئەوروپایی کە کوردستانی عیراقی وەک ناوچەیەکی ئارام ناساند لەسەرەتای ساڵی ١٩٩٨ دا ، هۆلەندا بوو.


ئێستا دەوڵەتی هۆڵەند چاوەڕێێ وەفدێکی دەوڵەتی عیراقە بۆ ڕیککەوتن لەسەر چۆنیەتی دیپۆرتکردنەوەی ١٢٠٠ پەنابەری عیراقی کە زۆربەیان کوردن. نموونەیەک لەو بارەیەوە یارمەتیمان پتر دەدات، دەوڵەتی سویسرا هەمان کێشەی لەگەڵ دەوڵەتیکی ئەفەریکایی هەبوو. وەفدی ئەو دەوڵەتە داوەتی سویسرا کرا، بە مەرجێک هەموو مەسرەف لە کرێی فرین وهۆتیل و سەردانیەکانیان و ڕۆژانەی ١٥٠ فرنکی سویسری کەدەکاتە نزیکەی ١٩٠ دۆلار ، رۆژانەیان لەسەر دەوڵەتی سویسرا بیت. ریکدەکەون و کارەکە ئەنجامدەدرێت. یەکێک لە ئەندامانی وەفدی دەوڵەتە ئەفریکاییەکە، نەخۆشی شەکرەی دەبیت و دەیەوێت لەسەر مەسرەفی دەولەتی سویسرا چارەسەر بکرێت، دەوڵەت ملنادات بەو داوایە، ئەویش تا بێهۆش دەبێت ، شکۆلاتەی سویسی نۆش دەکات، بە پڕتاو دەیگەیەنە نەخۆشخانە . وەفدی حکومەتی عیراقی بە دڵنییاییەوە لەسەر ماف وڕێزی ئینسانی هاوڵاتیانی خۆی لەوان دڵسۆزتر نیە. ڕەنگە ملکەچتر بێت، ڕەنگە سادەتر بێت . بەڵام دەستی درێژترە لە دژی پەنابەران.


کوردستانی عیراق پاش ١٥ ساڵ لەو بریارە، هێشتا بەپێیستاندارەکان گەڵێک لە دواوەیە بەناوجەیەکی ئارام بچوینرێت. گەندەڵی سەراپای دامودەزگا حکومیەکانی داگرتووە، تەنانەت کەسانێک بە تۆمەتی گەندەڵکاری بدرێتە دادگا، بە شێوازێکی تەمومژاوی لە نێودەبرێت وەک کەیسی قائمقامی سلیمانی، کەسانێک ڕەخنە لە فانتازی ئامیزەکەشدا بەرەو دەسەڵات بکاتەوە، دەبێت حساب بۆ تیرۆری دەوڵەتی بکات وەک تیرۆری سەردەشت عوسمان، مافیایەکی سیاسی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە بەسەر ژیان و موقەدەراتی کۆمەڵگادا و یاسا ورێسا لەلایەن سەرۆکەکانەوە پێشلدەکرێت. ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی عیراقدا، هەڕەشەیەکی جددیە بۆ سەر مەدەنیەتی کۆمەڵگا، بۆ سەر ژنان، بۆ سەر لاوان، بۆ سەر روناکبیران و بۆ سەر ئازادییە تاکی وگشتیەکان. ڕوداوەکانی هەولیر لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، ئەڵهاو ئەکبەرەکان و سوتاندنی یانەکانی خواردنەوەو بێڕێزی مەلاکان بەئیحساس و گریانیان بۆ ئەوەی شعوری پاتریاکی و تۆڵەسەندنەوە، گەرای جهیاد وخۆتەقاندنەوەیان لە بەدەنەی سەدان کەسدا چاندووە. زوڵـمێکی کۆمەڵایەتی گەورە ئاسمانی کوردستانی ڕەشکردووە.ژنانی ئیمە وەک تبتەکانی پەنەما، خۆسوتاندیان وەک ناڕەزایەتی هەڵبژاردووە.


هاوڵاتیانێکی دیپۆرتکراوە کە ئیستا لە کوردستان دەژین، هەریەکەیان چیرۆکێکی درێژی حەسرەت و ژان و کارەساتی لە چاواندا خەواندووە. هەریەکەیان ساڵانیکی لە زیندانەکان و لە هەریەک لە ووڵاتاندا بەسەر بردووە. هەریەکەیان دەیان بیروەری تاڵی لەگەل هاوسێی مەرگدا هەیە، بەڵام دەسەڵاتی هەریـمی کوردستان، بەڕەوای نازانیت، بچوکترین قەرەبوکردنەوەیان پێبدات.


لە مێژووی دیپۆرتکردنەوەی بە گروپدا، ئەمە یەکەمین جارە کە پەنابەری کوردستانی عیراق بەم شیوازە هەمەجی و نا ئینسانیە هەڕەشەیان بکرێتە سەر. پەنابەران شایستەی ئەم کوللە مەرگی و ئەم بارودۆخە نین.کۆمەڵگا پێویستە شێوازێکی دروستروئینسانیتر هەلبژێرێت. سەرەتای ئەم چارەسەرە بە هەلوێستی بەدەربەستی خەڵکی ئازادیخوازو ئینسان دۆستەوە پەیوەیستە. خودی پەنابەرانیش دەست بۆ هەموو شێوازیکی مەدەنی بەرن بۆ پاشەکشەپێکردنی دەوڵەتی هۆڵەند لەو برێارەو ناردنەوەی وەفدی دەوڵەتی عیراقی بە وەرەقەی سپیەوە. یاساکانی پەنابەری هیچ مۆرێکیکی لیبرالێشی پێوە نەماوە.


٣٠\٥\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی جه‌‌مال کۆشش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک