په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٦

مرۆڤایەتی چی بەسەر هێنراوە و بەرەو کوێ دەچێ و رێگەچارەی لانیکەم کاتیی، چیە؟ 

ئەیوب رەحمانی    

دوو بەڵگە بۆ تێڕامان!


بەڵگەی یەکەم: لە ساڵی ١٩١٠ کۆبوونەوەیەکی نهێنی لە دوورگەی جێکیلی ئایسلەند (Jekyll Island) پێکهێنرا، لەوێ لە نێوان چەند بانکدارێکدا یاسایەکی بانکیی نهێنی واژۆ کرا بۆ دامەزراندنی ناوەندێکیی پووڵیی بە ناوی فێدڕاڵ ڕێزێڕڤ ئەکت. ئەم یاسایە نەک لەلایەن چەند یاسادانەرێکەوە کە پسپۆڕی بواری یاسا بن، بەڵکوو لە لایەن چەند بانکدارێکەوە نووسرابوو و لەو کۆبوونەوەدا لەبەینی خۆیان واژۆیان کرد. ئەم کۆبوونەوە هێندە نهێنی ڕاگیرابوو و لە لایەن حکومەتەکانیشەوە باسی لێوە نەکرا، کە هەر دە نەفەری بەشدار بوو لەو کۆبوونەوەدا بە ناوگەلی نهێنی و پاسپۆڕتی نوێ چووبوون و پاشانیش دوورگەکەیان بەجێ هێشتبوو. پاشان ئەم فایلە درا بە فڕۆنتی سیاسی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرپەڕشتی نێڵسن ئۆڵدریک بۆ ئەوەی لە لایەن ئەو کۆنگرێسەوە دەنگی بۆ وەربگیرێت! پاش ئەمە تۆماس ودڕوو ویڵسن ( Thomas Woodrow Wilson) لە ساڵی ١٩١٣ بە سپانسۆڕیی چەند بانکێک لە ئەمریکا بوو بە سەرۆکی ئەو وڵاتە. لە کاتی سەرۆکایتی ئەودا یاسا نهێنییەکەی ساڵی ١٩١٠ واژۆ کرا و پاشان سیستمی فێدڕاڵ ڕێزێڕڤ دامەزرێندرا. ئەم واژۆیەی سەرۆکی نوێ دوو ڕۆژ پێش جێژنی لەدایک بوونی مەسیح، ئەو کاتەی زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێس لە لای بنەماڵەکانیان بوون، بە بێقڕەیی واژۆ کرا و بەمشێوەیە دامەزرانی سیستمی فێدڕاڵ ڕێزێڕڤ بە فەرمی ئیزنی پێدرا و ئەمانیش کە چەند بنەماڵەیەک بوون، بوونە خاوەنی پووڵ و دەسەڵاتەکان و حکومەتەکان و پاشایەتییەکان و هەموو سیستمەکانی جیهان! لەوکاتەوە تا بە ئەمڕۆ، هەر ڕووداوێکی سیاسی خوازراو یا نەخوازراو، شۆڕش و ئینقلابات چ لیبڕاڵی و دێمۆکڕاتیخواز و چ سوسیالیستی و کومونیستی، دامەزرانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش، ڕووداوی یازدەی سێپتامبر و زۆری دیکەش، هەرچی ڕوویداوە و ڕوودەدات، هەموو بە پلانی ئەم چەند بنەماڵەی خاوەنی فێدڕاڵ ڕێزێڕڤ بووە کە تەنانەت کۆنتڕۆڵی مەوادی خواردەمەنی و خواردنەوەمەنیی و چۆنایەتی و چەندایەتیی ئەمانەش هەر لە کۆنتڕۆڵی خۆیاندایە! تەنیا ئەمەنە بەسە لە ئینتێڕنێت بۆ وشەی مۆنسانتۆ (Monsanto) بگەڕەین، گەلێک زانیاریمان لەمبوارەدا وەدەست دەکەوێت. لە برسییەتی و هەژاری و تێروتەسەلیی و دەوڵەمەندیی وڵاتان و گەلانەوە تا شەڕ یا ئاشتیی و سەقامگیریی و ناسەقامگیریی و هتد، هەمووی لە ژێر چاودێریی ئەمانەوە ڕوودەدەن و دەقەومن! ڕەنگە تەنیا ڕووداوە سرووشتییەکان لە دەسەڵاتی ئەواندا نەبێت، بێجگە لەو ڕووداوانەی کە بە تاقیکردنەوەی چەکە ناوەکیی و فەوقە مۆدێڕنەکان و هەروەها تێکنۆلۆژیگەلێکی وەکوو هاڕپ ڕوودەدەن!


بەڵگەی دووهەم: لە ساڵی ١٩٠٧ ڕێکخراوی مێدیکاڵی ئەمریکی (American Medical Association) بە کورتیی (AMA)، بە سپۆنسێڕیی بنەماڵەی ڕاکفلێڕەکان، موئەسسەی کارنێگی ( Dale Carnegie) مولزەم دەکات بە ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە لەسەر خوێندنی پزشکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کانەدا بکات و ڕاپۆڕتێکی فەرمیش، ڕەنگە خوازراو و لەپێشدا دیاریکراو، لەمبارەوە بداتە دەرەوە! ئامانجی ئەم لێکۆڵینەوە و ڕاپۆڕتە دەبوو ئەمە بێت کە چۆنایەتی یا کەیفییەتی خوێندنی پزشکی لە ڕێگایەکی حیرفەیی، کە لەسەر بناخەی زانستی گشتیی و موعتەبەر یا بڕواپێکراو داندرابێت، بەرنە سەرەوە. زانستێکی جێگای پرسیار! ئەم لێکۆڵینەوە هەمەلایەنە کە بە ناوی چوارەمین ڕاپۆڕتی موئەسسەی کارنگی یا ڕاپۆڕتی ئابراهام فلێکسنێڕ بەناوبانگە جێبەجێکرا و لە ساڵی ١٩١٠ بڵاو کرایەوە.


لە ڕاپۆرتەکەدا ستایشی بێوێنەی "ماتریالیزم" دەکرێت و بە ئاستی فەلسەفەی دەگەیەنێت. ئەو تێئۆرییەی پێشتر لە لایەن هێگڵەوە لە سەدەی ١٧ی زاینیی لەمەڕ زانستی ماتریالیستیی هاتبووە ئاراوە، ئەوەی کە دەڵێت، هەموو شتێک ئەوەی هەیە و نییە هەمووی تەنیا هەر مادەیە و لە مادە زیاتر هیچ نییە و هەموو پەدیدەیەک تەنانەت خۆئاگایی و گیان و ڕۆح و ڕەوان هەر هەموو تەنیا لە ئاڵوگۆڕی مادەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئیعتیباری فەلسەفیی پێدرا. بە واتایەکی دیکە بڕوا و ئیعتیبار درا بەم بۆچوونە کە مادە تەنیا شتێکە کە بوونی هەیە و غیری مادە هیچ شتێک بوونی نییە! مەبەست تەنیا یەک شت بوو، ئاین کە پێشتر مرۆڤی پێ کۆنتڕۆڵ دەکرا لە پاش ڕێنێسانسی ئوروپاوە هەردەم لاواز و لاواتر ببو و خەڵک بەرەو ئاگایی زیاتر هەنگاویان دەنا و لە ئاین دووردەکەوتنەوە یا ئیتر متمانەکەی جارانیان پێ نەدەبەخشیی، بۆیە جێگرەوەیەک بۆ ئاین و سەرقاڵکردنی مرۆڤ پێویست بوو! چ باشتر لە ئایدیۆلۆژییەکی نوێ و کێشانەوەی مرۆ بەرەو مادەگەرایی و تەجەمولاتی دنیایی و هاوکات پۆلبەندیی کردنی گەلان و وڵاتان بەسەر دوو باڵ یا چەندین باڵدا؟!


لێرەوە بوو کە زانستی ماتریالیستیی بوو بە فەلسەفەی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمی زاینی. درووشمی ئەم فەلسەفە ئەمە بوو کە "هیچ شتێک بێجگە لە ماتەر یا مادە بوونی نییە!" کومونیزمی مارکس لەسەر ئەم فەلسەفە ماتریالیستییە دامەزرابوو، لێنین و مائۆ و هوشیمینە و دوواتریش کاستڕۆ و هتد لەسەر ئەم ئایدیۆلۆژییە نوێیە هێزییان گرتە دەست و جیهان دابەشکرا بەسەر دوو پۆلی چەپ و ڕاستدا، سۆسیالیستی و کاپیتالیستیی!


تێبینی: ئەمڕۆ فیزیکی نوێ یا کوانتۆمیی ئەیسەلمێنێت کە شتێک بە ناوی مادە بوونی نییە و ئەوەی هەیە و نییە هەموو هەر وزەیە و تەنیا وزەیە و زیندوون!


ئالێرەوە، خەڵک سەرقاڵی دوو بۆچوون یا دوو ئایدیۆلۆژیی زەوینی کران و لە گیانی یەک بەردران. ئەم ئایدیۆلۆژییانە هێزی حکومەتییان پێدرا و تا بە ئەمڕۆش هەر شەڕییان لەسەر دەکرێت و خەڵکیان لە پادا دەکووژرێت. بەمشێوە لە عەدەم و نەبوونی ئاگایی و دەرک و بەسیرەتیی مرۆیی، شۆڕشیکی ڕانەگەیەنراو لە لایەن موئەسسە بانکییە گەورەکان لە دژی مرۆڤایەتی دەستیپێکرد لەوەی کە گوایە "مادە" هەموو شتێکە و غەیری مادە هیچ شتێک بوونی نییە! کارخانە گەورەکانی دەواسازی درووستکران و خوێندنگای پزشکی بەرپا کران و هەر ساڵە بە دەرزەن و تەغار پزشک پەروەردە دەکران بۆ گیان خەڵک، چوونکە سەرچاوەی هەموو ناسازییەک گەڕێندرایەوە بۆ تەنیا و تەنیا لەشی مرۆڤ و لەشیش گوایە تەنیا مادەیە و چارەسەرییەکەیشی گوایە تەنیا چارەسەریی پزشکیی و خواردنی دەوا و دەرمانە!


ئەمانە لە کاتێکدا کە پێش ئەم قۆناخە، خەڵک بە شێوەی سوونەتی و نەریتی دەیانزانیی کە پەیدابوونی ناسازیی بە هۆی تێکچوونی هاوکێشە دەروونیەکانە و چارەسەریشی هەر لەوێدایە و چاریشیان دەکرد، بەڵام بە بەفەلسەفە کردن و بە زانستیکردنی مادە، هەموو چارەسەرییەک تەنیا گەڕێندرایەوە بۆ خواردنی دەوا و دەرمان!


تێبینیی دووهەم لە پەراوێزدا: من نامەوێت بڵێم پزشک ئەسڵەن پێویست نییە یاخود کەس نەچێت بۆلایان و پزشک پدیدەیەکی زایدە، نا شتی وا ناڵێم، بەڵکوو دەڵێم هەموو نەخۆشییەک سەرچاوەی لە ناموتەعادلبوون و ناهاوکێشەییی دەروونییە و دەرمان تەنیا چارەسەریی کاتیی بۆ دەکات و نەک دایمی و هەتایی. هاوکات بۆ برین پێچان و ڕووداوەکان و نەشتەرگەریی و بڕینەوەی دەست یا لاق و ئەمانە پزشک پێویستن و دەبێت هەبن!


ئەم باسە دیارە تەنیا ئەسرینێکە لە شیوەنێکی چەندسەتساڵە و پێویستە زیاتری لەسەر باس بکرێت و بەڵگەی زیاتر لەسەری بخرێتە بەرچاوان، دیارە ئەگەر بەڵگەیەک مابێت و نەفەوتێندرابن! هاوکات پێویستە ئاینەکان و ڕۆڵی ئەوانیش بۆ هەڵگیرسانی شەڕەکان و شیرەماڵی کردنی سەری خەڵک و سەرقاڵکردنی خەڵک بەخۆیانەوە و هتد لەبەرچاو بگیرێت و ناشێت ئەوان بەریی بکرێن لەم باسەدا، بگرە ڕۆڵی گرنگیشیان گێڕاوە.


هەندێک باسەکە ئاوەڵەتر دەکەمەوە و بەم وێنەوە دەسپێدەکەم کە دامناوە. بە پێی ئەم وێنە گرافیکییە، ئێمەی خەڵک هەژار یا دارا و نیوە دارا هاوکات لەگەڵ هەموو بوونەوەران و گیاندارانی سەر زەویی، خەریکین لە سەر زەویی لە خوارەوەترین پلەدا دەژین. ئەوەی لە سەروو ئێمەوەیە لە پلەی دووهەمدایە حکومەتەکان یا گۆڤێڕمێنتەکانن کە بە زاهیر نەتەوەکان و سنوورەکان و یاساکان و کۆمەڵگاکان و دێمۆکڕاسییەکان و هتد دەپارێزن و هەرکامەشیان گۆیا سەربەخۆ یا هەر هیچ نەبێت نیوە سەربەخۆیەکن بۆخۆیان و گوایە شەڕەکان هەڵدەگیرسێنن و بەڕێوەیان دەبن و هتد!


بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان هیچکارەن، بەڵکوو ئەوان تەنیا و تەنیا وەک ئیدارەیەکی کۆنتڕۆڵ و چاودێریی و بەڕێوەبەرایەتی خەڵکن و تەنیا دەسەڵاتیان دراوەتێ کە بە سەر خەڵکدا زاڵ بن، بەڵام بڕیاردەری ئەسڵی نین. تەنانەت خاوەن پاەوش نین، بەڵکوو مووچە دابەشکەرن بەسەر خەڵک و فەرمانبەرانیاندا. ئەم حکومەتانە تەنیا وەک بووکەڵەی خێمەشەوبازیی یا خود ماریۆنێتن، خۆیان نەک هەر هیچ نین و مۆرەن، بەڵکوو بەڕێوەبەرەکانیشیان هەر مۆرەی ئەندەر مۆرەن و حیزبەکانیش کە لە ناویاندا کێبەرکێ و ڕەقابەتییانە بۆ گرتنە دەستی هێز و قوودرەت، لەوان ڕسواتر و مۆرەتر و دەزگاترن. ئاڵمانی وتەنی هەر هەموو ماڕیۆنێتن، یا هەر هەمان عروسکهای خیمە شب بازین وە هەڵدەسووڕێندرێن و هیچ بڕیاردەر نین، بەڵکوو بڕیاریان بۆ دەدرێت!


ئەم دەوڵەتانە لە لایەن بانکە گەورە نەتەوەییەکانی خۆیانەوە وە هەروەها کاڕتێلەکانی وزە و ئینێرژیی و هاوکات دەرمانسازییەکانەوە کە ئەوان لە پلەی سێهەمدان بەڕێوە دەچن و ئەمر وەردەگرن. هاوکات ئەمانیش خۆیان لە بانکە گەورەترەکان و کاڕتێلە گەورەترەکانی سەرووتری خۆیان لە پلەکانی سەرەوەتر فەرمان وەردەگرن و ئەمانە تا دەگەنە بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی پوڵ و لە سەروو هەمووانەوە چەند ئێلیت یا بنەماڵە هەن کە هەموو پارەی دنیا هی ئەوانە و ئەم هەموو شەڕ و شۆڕ و بەدبەختیی و کۆمەڵکووژی و جێنۆساید و داگیرکاریی و هەژاریی و نەداریی و برسییەتیی و کەم پوڵی و دەوڵەمەندیی و بە کورتیی و بە گشتیی هەر هەموو شتێک لەدەست ئەواندایە.


هەر دیکتاتۆڕێک بیانهەوێت وەک خومەینی دەیخەنە سەر کار و قودرەت و هێزی دەدەنێ و ئەیپارێزن و چاوپۆشی لە هەڵە و کۆمەڵکووژیەکانی دەکەن بەو مەرجەی ئاقڵ بێت و بە گوێی ئەوان بکات، نەک شەڕ نەکات، بەڵکوو شەڕ هەڵگیرسێنێت بە فەرمانی ئەوان. هەرکات بە پێچەوانە بجووڵێت، دەردەکەی شای ئێران و سەدام و موبارەک و غەزافی و ئەوانەی ئەفریقا و هتدیان بەسەر دێنن!


خەڵکینە چاوتان بکەنەوە!! ئەوانەی ڕوودەدەن لە وڵاتەکان لە دژیی حکومەتەکانیان، شۆڕشی هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی خەڵک نین، بەڵکوو ئاژاوەگێڕییەکن کە ئەو بنەماڵانە دەیخەنە هەر وڵاتێک کە بیانهەوێت ئاڵووگۆڕی حکومەتیی تێدا بکەن و خەڵکانی ناڕازیش و ئەحزاب و ئوپوزیسیۆنیش سوار شەپۆلی هەڵکەوتوو دەبن و هەوڵ دەدەن هەلپەرەستیی بکەن و هەلەکان بۆ قازانجی خۆیان بقۆزنەوە. جا هەرکامیان فەرمانبەردارتر بن، بۆ کارتێلە نەوتییەکان و وەعدی هاوکاریی بدەن، ئەوە هێزیی لە بن نەهاتوویان پێ دەدرێت کە لەو وڵاتە لەمڕۆ بۆ سبەینێوە قوودرەت بگرنە دەستیان، هەر ئەوەی بۆ خوومەینییان کرد لە ساڵی ١٩٧٩ی زاینیی یا ١٣٥٧ی خۆریی!! بۆ ئیخوانیان کرد لە میسر، خەڵک قایل نەبوون و لابردرا و زۆر نمونەی دیکەش!


ئێستاش ماوەتەوە بڵێم کە تکایە هەندێک وریا ببنەوە و هێندە لەسەر مادە و شتی بچکۆلە و حیزبایەتیی و هتد یەکتر مەکووژن و دووژمنداریی ساز مەکەن و کەس و کاری یەکتر ڕەزیل مەکەن. ڕەنگە ئەگەر بڵێم شۆڕش بکەن، لێم دەپرسن شۆڕشی چی و بۆ چی و بۆ کێ؟ ڕاستییەکەی منیش نازانم، هەر ئەمەندە دەزانم کە شۆڕش تووندووتیژیی تێدایە و من لەگەڵی نیم و وەزعەکان خراپتر دەکات و باشتری ناکات. باشترین شت بەئاگابوونەوە و وەخەبەرهاتنەوەیە، هێمنییە و خۆڕێکخستنیی هێمنانە و دۆزینەوەی ئاشتیی دەروونییە هەرکەس لە خۆیدا و دووریکردنە لە ستڕێس و مادەپەرەستیی و هێز و ئەمانەیە. بەڵام لە کۆتایشدا دەڵێم مادام هەموو سەپاندنی هێز لە پوڵەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ کورتکردنەوە و بڕینەوەی دەستی بانکەکان و ئەو چەند ئێلیت و بنەماڵانە بە سەر ژیان و مان و نەمانی خەڵکەوە، باشترین ڕێگا بێ کەڵک کردن و بێ بایەخ کردنی پوڵە! دیارە ئەمە کاری یەک یا چەند کەس نییە، بەڵکوو کاریی زۆرگەورەتر و کۆمەڵانێکی بەرینی زیاتری خەڵکە کە بیکەن. بۆ نمونە شارەکان ببنەوە بە گووند و لەشێوەی گووندەکان بژینەوە، واتە خۆیان کشتووکاڵ و ئاژەڵداریی بکەن و دان و وەرگرتن یا هەر هەمان دادوستد بکەنەوە وەک زەمانی کۆن و ئیتر وردە وردە ئاڵتێرناتیڤی باشتریش ئەدۆزرێتەوە. لە ئوروپا و ئەمریکا کۆمەڵە خەڵکانێک هەن کە گرووپ گرووپ بەمشێوانە دەژین، بەڵام هێند بچووکن کە هەر دیار نین، بۆیە دەڵێم پێویستە لە قەوارەی جەماوەری چەند میلیۆنی و وردە وردە میلیاردیی خەڵکدا بکرێت، ئەمە ڕێگا چارەیە. دەنا سوسیالیزم و کاپیتالیزم و ماتریالیزم و حکومەتی ئیسلامی و حکومەتی مەسیحی و حکومەتی یەهودیی و باڵی ڕۆژئاوا و باڵی ڕۆژهەڵات و ئەمانە هەر هەموو هەر ئەو شتەن کە ئێستا هەن و بۆنبەستن و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ وەزعیی مرۆڤایەتیی خراپتر دەکەن، چاکتریی ناکەن.


هیچکەس ئازاد نییە و ئازاد نابێت تا ئەو ڕۆژەی "پوڵ، مادەگەرایی" لە ئارادا بێت! درووشمی "ئازادیی" شاعیران و نووسەران و هونەرمەندان و حیزبەکان و دەوڵەتەکان و هەموو هەوادارەکانیان تەنیا مزحەکەیەکە و بۆ گرتنە دەستی هێز و قودرەتە و بۆ گەیشتن بە پۆست و پارەیە و دەنا هیچیتر نییە و بەقەدەر نووکە دەرزییەک سەداقەت و ڕاستگۆییان تێدا نییە، دیارە زۆربەیان نازانن و نائاگان، بەڵام کەسانێکیش هەن کە دەزانن بۆچی و بە چ مەبەستێک خەڵک فریو دەدەن!


تەنیا بیر لەم پرسیارە بکەنەوە: بۆچی پاکترین مرۆڤ کاتێک بووە سەرۆکێکی سیاسی هەڵسوکەوت و قسەکانیشی دەگۆڕێت و ئەوەی وەعدی داوە جێبەجێی ناکات؟ چوون بنەماڵەکەی "فێدڕاڵ ڕێزێڕڤ" پێشتر یا دوواتر تێیانگەیاندووە ئەوان کێن و چییان لەدەست دێت، بۆیە ئەمیش فاسد دەبێت!
_____________________________
سەرچاوەکان: ئینتێڕنێت.

 

٥\٣\\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی ئه‌یوب ره‌حمانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک