په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١١\٢٠١٢

مووچە بۆ کچانی ماڵ و دایکان، داینگە بۆ منداڵەکان،

داڵدەدانی قوربانیان و رسواکردنی بکوژانی ژنان و کچان.

 


ھەموو جیھان لەساڵیادی رفاندن و دەستدرێژی سیکسی و کوشتنی سێ خوشک(پاتریا، مینیرفا، ماریا) لە کۆماری دۆمنیکان لەلایەنی پۆلیسی نھینییەوە لە ٢٥/١١/١٩٦٠، نارەزایەتی و چالاکی جۆربەجۆر رێکدەخرێت دژ بە سیستێمی توندوتیژی و چەوسانەوە و فکری پیاوسالاری، بۆیە ئێمەش لە خانەقینەوە ھاودەنگی لەو خەباتە و دەنگی ناڕەزایەتی و نەفرەتی خۆمان بەرزدەکەین.


زەبروزەنگی جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابووری تاوانی رۆژانەی کۆمەڵگەی باوکسالاری چینایەتیە:


بەھۆی گرانی بازار و خراپ بەکارھێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت و سەیرکردنی فیلم و ڤیدیۆ سێکسییەکان کێشەی زۆر لەناو خێزانەکان روودەدەن و شارەکەمان بەرزترین رێژەی تەڵاقدان ھەیە. کەم نین ئەو پیاوە دڕندانە کە لەناو ماڵ بە لێدان و قسەی سووک رووبەرووی ژن و خوشک و تەنانەت دایکیشیان دەبنەوەو نایانەوێت ئەو حەقیقەتە بزانن کە ئەوانیش بە سەد شێوازی جیاواز تۆڵەیان لێدەکەنەوەو ئەوەی لێی دەترسن، روودەدا؛ ماڵەکانیان کردووە بە زیندان، بەتایبەتی بۆ کچانی ماڵ و لە ھەرجۆرە ئازادییەک بێبەشیان دەکەن، تەنانەت بڕیاردەدەن دژ بە مافی ھەڵبژاردنی ھاوسەر ولەسەر جۆر و رەنگی جلوبەرگ و بەرزو نزمی دەنگی پێکەنین و پێڵاو و میکیاژ و پرچ و تەوقەکردن!


ئەو توندوتیژیانە ھەوڵی خۆکوشتن، سوتاندن، لەشفرۆشی، راکردن لە ماڵ، گەران بۆ سۆزو عیشقی تر، دووڕوویی، رەشبینی، خەمۆکی و چەندین نەخۆشی تریشیان لێکەوتۆتەوە. تەنھا ئەو پیاوانە سەربەرزن کە بەوپەڕی حورمەت و رێزەوە رەفتار لە گەل ھاوسەرو خوشک و کچەکانیان دەکەن.


ئێمە بەم بۆنەیەوە وێرای ئیدانە و رسواکردنی ئەو رەفتارە پیاوسالارە وەحشیگەریانە دەکەین، ئەم داخوازییانە دەخەینە بەردەکەم ھەموو لایەنە پەیوەندارەکان:


١- وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەی تایبەت بۆ ژنان و کچانی ماڵ دابین بکەن(ئەمانە ھێزی کاری کۆمەڵایەتی زۆر سەخت و شێتانە ئەنجام دەدەن و حکومەت دەبێ پابەندبێت بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکە).
٢- قەدەغەکردنی جمیندان بە کچان و ژنان بە پێی یاسا.
٣- دەستبەجێ قوربانیانی توندوتیژی لە سەنتەرەکانی داڵدان وەربگیرین بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی فەرمان و ئیجرائاتی بیروکراتی حاکم و پۆلیس ببن. ھەموو ھەنگاوەکان پاش وەرگرتن و ھێورکردنی بارودۆخەکانیان، ئەنجام بدرێن.
٤- بەشی منداڵھێنان بەشێوەی ئینسانی رێکبخرێت بەشێوەیەک ھاوسەرەکان ئامادە ببن لە کاتی منداڵھێنان.
٥- لە پرۆسەی دامەزران، بایەخێکی جددی بە دامەزراندنی کۆمەڵناس و دەروونناس بدەن بۆ قوتابخانە، پۆلیسخانە و ئاسایش.
٦- بۆ دیاریکردنی ھۆکاری ھەوڵەکانی خۆکوشتن و سوتاندن و خنکاندن ئەبی لێژنەیەکی تایبەت لێکۆڵینەوەیان لێ بکات، نەک بە ئاسانی بە قسەی قوربانییەکی کەسایەتی شکێنراو و ترسێنراو و کەسوکارەکانیان بکەن.
٧- باشکردنی بەشی ژنان لە زیندانی پۆلیسخانە و بەشێوەیەکی مرۆییانە رەفتاریان لەگەل بکرێت.
٨- قەزاکەمان پێویستی ھەیە بە دامەزراندنی سەنتەری داڵدەدانی کچان و ژنان.
٩- رێکخراوەکان سەردانی ھەموو ماڵان بکەن تا لە نزیکەوە ئاگاداری کێشەو گرفتی کچان و ژنان ببن.
١٠- دەزگاکانی راگەیاندن و رێکخراوە مەدەنییەکان زیاتر بایەخ بە بەرنامەی دژ بە توندوتیژ بدەن و ژنانی کۆمەڵناس بھێننە گۆ.
١١- بەھێزکردنی کلتوری ئاشتی لە شەقام و قوتابخانە و بەرێوبەرایەتییەکان.
١٢- راگرتنی جیاکاری و سوکایەتیکردن بە ژنان وکچان لە ئیدارەکان.
١٣- راگرتنی تەڵاقدان لەدەرەوەی دادگا.
١٤- راگرتنی ھاوسەرگیری بەرێگای تەلەفۆنکردنەوە.


لێژنەی ئاشتی و ھیوا بۆ ئەنان(رێکخراوی مافی مرۆڤ، سەنتەری روناکبیری و راگەیاندنی ژنان، یەکێتی ژنانی کوردستان، رێکخراوی گوڵانی خانەقین، کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان)
لێژنەی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە گشتییەکان ٢٤/١١/٢٠١٢
بۆ پەیوەندیکردن: ئەمەل فوئاد ٠٧٧٠١٩٢٩٨٠٤، مەھاباد سلیمان٠٧٧٠١٣٦٣٠٥٩، د. رابعە عەباس ٠٧٧١١٣٢٩٧٢١، زەینەب ئەرکەوازی٠٧٧٠١٩٨٩٩٠٢، کولدەران ٠٧٧٠٨٦٩٧١٣٠، قاھرە ٠٧٧٠٤٣٠٨٢٦٢، سیروان نەوروز٠٧٧٠١٣٦٨٧٦١، ئەیاد عەلی ٠٧٧٠٢٢١٥٣٧٤، سەربەست برزو ٠٧٧٠٢١٤٣٨٧٢، عەلی قاسم٠٧٧٠١٩٠٣٥٩٧، باسل یەحیا ٠٧٧٠٠٧٧٠١٥١٣٨٨٣، ئەیاد کەرکوکی٠٧٧٠١٣٤٤٣٧٥، سەلام عەبدوڵلا ٠٧٧٠٠٥٩٥٥٨٣، ئەمیر عەلی ٠٧٧٠٢١٥٤٦٧٢.

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک