په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٤

مووچەفرۆشیی!!!


نەجم محەمەد     

لە کوردستان مانگ ٣٠ رۆژ نییە بەڵکو ٦٠ رۆژە یان هەندێ جار دەگاتە ٩٠ رۆژ یان پتر...


ماوەى چەند مانگێکە قەیرانى نەدانى مووچە بەرۆکى بە فەرمانبەران و خەڵکى کوردستان گرتووە دیارە نەدانى مووچەش پەیوەندى بەوململانێ وقەیرانە سیاسیانەوە هەیە لەنێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان کەتیایدا تەنیاو تەنیا خەڵکى کوردستان زەرەرمەندن وباجەکەى دەدەن نەک بەرپرس وسەرکردەو حیزبەکانى دەسەڵاتدارى عێراق وکوردستان دیارە ئەو سەروەت و سامان وبووجەیەى هەیە لە کوردستان وعێراقدا قوتى خەڵکیە لەڕاستیدا موڵکى خەڵکى عێراق وکوردستانە نەک موڵکى حکومەتى ناوەند وهەرێم نەک موڵکى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى هەرێم و ناوەند نەک موڵکى سەرکردە حیزبیەکانى عێراق وکوردستان کە بەشێوەیەکى دیکتاتۆرانە و نادادپەروانە و ناشەفافانە دەستیان بەسەردا گرتووە وکردویانەتە موڵکى حیزبى و کەسیی خۆیان و وەک خێروسەدەقە مووچەى فەرمانبەرانى لێدەدەن و خەڵکى عێراق و کوردستانى لێ بێبەش دەکەن و نایخەنە خزمەت خەڵک و خۆشگوزەرانى خەڵکیەوە تەنانەت ئەوەتا لە پێناو ململانێ وبەرژەوەندیە حیزب و سیاسى و کەسییەکانى خۆیاندا فەرمانبەرانى کوردستانیان کردۆتە قوربانى و بێ بەشیان دەکەن لە سەرەتایترین مافى خۆیان کە ئە ویش مووچە وەرگرتنە لە بەرابەر کارو ئەرک و ماندووبونیاندا کە بەڕاى من ئەمە پێشێلکردنى مافەکانى ئینسانە و ناکرێ لە قەیران وململانێ سیاسى وحیزبیەکاندا خەڵک و فەرمانبەرانى کوردستان بکرێنە لایەن و تێوە گلێنن وبکرێنە کارتى فشارو بە قوربانى بکرێن.


دواى ئەوە بۆچى خەڵکى کوردستان باجى سیاسەت و ململانێى ناتەندروست و هەڵەوئینکاریەکانى دەسەڵات وسەرکردە حیزبیەکانى عێراق و کوردستان بدات بەداخەوە ئەم حاڵەتە تەنیا لە کوردستان وعێراقدا دەبینرێت و داهێنانێکى نوێ ى نائینسانیانەى دەسەڵاتدارانى عێراق و هەرێمە ئەم حاڵەتە لە بەربەریترین و دیکتاتۆرترین و تۆتالتارترین و هارترین دەسەڵاتدار و حکومەتى دونیادا نابینیتەوە.


هەربۆیە لێرەوە دەچمە ناو کرۆکى بابەتەکەمەوە دیارە نەدانى مووچە لە کاتى خۆیدا و دواکەوتنى مووچە لە کوردستاندا حاڵەتێکى نوێ ى خوڵقاندووە کە وەختە ببێتە دیاردە وئەگەر قەیرانى مووچە هەروا بەردەوام بێت ئەوا بە ناچارى وبە دڵنیایەوە دەبێتە دیاردەیە دیارە ئەو حاڵەتەش حاڵەتى (مووچە فرۆشتنە) کە لە زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانى کوردستان بەهۆى دواکەوتنى مووچەى فەرمانبەرانەوە بەشێک لە فەرمانبەران لە پێناو دابینکردنى بژێوى خۆیان و خاو خێزانیاندا یان لە پێناو کرێ ى خانوى کرێ نشینیدا ولەپێناو دابینکردنى پێداویستیەکانى ژیانیاندا و... هتد ناچاردەبن کە مووچەکانیان بفرۆشن بۆزیاتر ڕوونکردنەوە بۆ نموونە فەرمانبەرهەیە مووچەکەى (یەک ملیۆن ) دینارە بەڵام هێشتا مووچەکەى وەرنەگرتووە ونازانێت چ وەخت وەرى دەگرێت بۆیە تاچار دەیفرۆشێت بە کەسێکى تر بە حەوت سەد یا بەهەشت سەد هەزار دینار یان مووچەکەى ٦٠٠٠٠٠ دینارە بەڵام دەیفرۆشێت بە ٤٠٠٠٠٠ دینار وبەوشێوەیە وەک پەندە کە دەڵێت ( چۆلەکەیەک لەمشتدابێت باشترە لە دەچۆلە کە لەسەر درەختێکدابێت) دیارە ئەم کارەش لە بێ هیوایى و لە دیارنەبوونى کاتى دیاریکراوى مووچەوە دەکات بەڕاستى ئەوپەڕى شەرمەزارى یە بۆ دەسەڵات وحکومەت کە کە فەرمانبەران وهاوڵاتیانى خۆى ناچاربکات بە فرۆشتنى مووچەکانیان بە نیوە قیمەت ومامەڵەى کڕین وفرۆشتن بە موچەکانیانەوە بکەن کەچى خۆشى لەسایەى ئەوسەروەت وسامانەى خەڵکیدا غەرقى ناز و نیعمەت بێت ئەگەر ئەم دەسەڵات و حکومەتە زەڕڕەیەک ویژدان و مرۆڤایەتیی و هەستیان هەبووایە دەبوو دەستیان لە کار بکشانایەتەوە سەیرە بەم هەمووە سەروەت و سامان و نەوت وبوجە زەبەلاحەى ئەم کوردستانە ئەم دەسەڵاتە مووچەى فەرمانبەران نەدات و چاوەڕوانى دەستى حکومەتى ناوەند بێت ئەى ئەم هەمووە سەروەت و سامانە بۆکوێ دەڕواو بۆکێ دەبێت؟؟!! شەرمەزاریەبۆ دەسەڵات کە ڕۆژى پێدانى مووچەى فەرمانبەران لەکەناڵە ئاسمانییە تەلەفزیونیەکان و میدیاکاندا بە مانشێتى گەورە وەک( هەواڵى بە پەلە ومژدە بڵاوبکاتەوە..). شەرمەزاریە دەسەڵات بەو هەمووە سەروەت و سامان و بوجە زەبەلاحەى کوردستان لە شاشەى تەلەفیزبۆنەکانەوە پێشمەرگەیەک بگرێنێت بۆ مووچە و سوێند بخوات کە دینارێکى پێ نییە!!!


دیارە پێدانى مووچە بە فەرمانبەران مافێکى هەرە سەرەتایى خۆیانە و ئەرکى حکومەتە... نە خێرە.. نە سەدەقەیە.. نە منەتە... نەجوامێرییە.. نە دەسکەوتە ونابێت ئیتر فەرمانبەرانى کوردستان بێدەنگ بن لە ئاست ئەم مافەى خۆیاندا ونابێت پەنابەرنە بەر مووچە فرشى و قەرزکردن وگریان وتەسلیم بوون بەم واقیعە دروسکراوەى دەسەڵاتدارانى عێراق و کوردستان دەبێت هەموو فەرمانبەرانى کوردستان بە یەک ڕیزى بەیەک دەنگى بەشێوەیەکى گشتگیرى دەست بدەنە خەباتى مانگرتن و ناڕەزایەتى شارستانیانە و مەدەنیانە ى بەردەوام ببنە هێزى فشار لە پێناو پێدانى مووچە لەکاتى خۆیدا و دوانەکەوتنى ولە پێناو دابینکردنى ژیانێکى خۆشگوزەرانە و شارستانیانە و مرۆییانە لە سایەى ئە و هەمووە سەروەت و سامانە زەبەلاحەى کوردستان ئەگەر بەخت ونەگبەتى خەڵکى کوردستان وعێراق نەبوایە بەدەست ئەم دەسەڵاتدارانەوە ئەوا دەبوو خەڵکى کوردستان و عێراق وەک خەڵکى دوبەى و کەنداو خۆشگوزەرانانە بژبانایە لە سایەى ئە و هەمووە سەروەت و سامان و نەوتەى عێراق و کوردستان نەک بەم شێوە مەمرەومەژیەى ئێستاى خەڵکى کوردستان و عێراق بە داخەوە ئەو سەروەت و سامانە بۆ خۆشگوزەرانى و کەیف وشادى دەسەڵاتدارا ن و سەرکردەکان و بەرپرسە حیزبیەکانە.
 

ماڵپه‌ڕی نه‌جم محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک