په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠٢٠

موقتەدا سەدر نە خیانەتکارە و نە ساویلکە و نە شۆڕشگێڕ.


زاھیر باھیر      

 

بەداخەوە کە خۆپیشاندەران و زۆرێک لە خەلکانی دیکە ھەر لە سەرەتاوە موقتەدا سەدریان بە پشت و پەنای خۆپیشاندەرانی عێراق زانیوە و کاتێکیش کە ھەڵوێستی ئەو و کۆمەڵەکەی ئاشکراتر دەبێت بە خیانەتی دەزانن و توشی بێ چارەیی دەبن .

لە ڕاستیدا سەدر و حیزبەکەی ئەوەندە دۆستی خۆپیشاندەران بوون کە بتوانن کۆنترۆڵیان بکەن و ئەو کاتەش موزایەدەی سیاسییان بەسەرەوە بکەن یا وەکو دەڵێین سەرمایەی سیاسییان لێدروستبکەن .

شیعەبوون و شیعایەتی مەرجەعییەت و پێگەی تایبەتی خۆیان ھەیە و شتێک نییە لای ئەوان کە لەسەرەوەی ' شیعایەتی' بوونیان و مەرجەعێتەکەیانەوە بێت. کاتێک لای ئەوان ، نەتەوایەتیی و نیشتمانچێتی و حیزبایەتی و شۆڕشگێڕێتی دەگاتە دووڕیانێک کە لەگەڵ مەزەھەبگەریی و مەرجەعییەتی ئەواندا ناڕوات ، ئیدی ئەو خەسڵەتانە دەبێت ببنە ئامرازی خزمەتکاری دین و مەزھەبەکەیان چی تر شتێک لەوانەی سەرەوە نامێنێت تاکو ببێتە بنەما و پرنسپڵ و گڕیدانەوەیان بە لایەنێکی نامەزھەبی ئامانججیاوازەوە. بێ گومان قسەی من لەسەر 'تاک' ی شیعە ، نییە کە وەکو ھەموو تاکێکی دیکە لە ھەر مەزھەب و دین و نەتەوەیەک ، دەکرێت ھەڵوێستی یاخیبوون و بەگژاچونەوەیان ھەبێت .

شیعەکان و شیعایەتی ئا لەم خەسڵەتەدا ھاوبەشن لەتەک یەھودییەت و جولەکەبوونی ئەرسەدۆکسیدا، کە ئەوانیش لەوێدا کە دێتە سەر ئەو پرسە کە لە لایان سەرەکییە، ئیدی دەستبەرداری شت و لایەنەکانی دیکە دەبنەوە . دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە قسەکەم لەسە گشتە، نەک 'تاک' و ھەڵوێستی تاک.
ئەمڕۆ لە عێراق-دا چەندەھا جۆر لە ڕەوت و فەسائیلی شیعە و سەرکردە و ڕابەر ھەیە و بە دڵنیاییەوە ململانێ و ناکۆکی زۆر ھەیە لە نێوانیانا کە ھەموو ئەمەش وەکو لە ھەموو دین و مەزھەب و نەتەوەیەکدا، ھەیە، زیاتر ناکۆکی و ململانێکەیان لەسەر دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتییە، بۆیە کە کاتێک دێتە سەر پرسە ھەرە گەورەکە کە شیعایەتی و مەرجەعێتیانە و ڕووبەڕووی مەترسی دەرەکی دەبنەوە ھەموو ئەو ناکۆکیی و ئامرازانەی کە بۆ دژایەتیکردنی یەکدی بەکاریان ھێناوە ، دەخەنە لاوەو دەبنەوە بەیەک و ھاوپەیمانە کۆن و دێرینەکانیان بەرەڵادەکەن و دەیانفرۆشن.

ھەر ئەم ھۆکارەشە چی دی موقتەدا سەدر ئامادە نییە کە پشتگیریی ڕاپەڕیوان بکات لە عێراق-دا نەک لەبەر ئەوەی کە کە لە لایەکەوە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی ڕاپەڕیوان، بەڵکو پشتگیریکردنیان تا ئێستا وەکو ئامرازێک ، تاکتیکێک وابووە بۆ بەدەستھێنانی ئیمتیاز و دەسەڵاتی زیاتر. لە کاتێکدا کە سەدر ماوەیەکی زۆرە لە نێوانی عێراق و ئێران-دا دێت و دەچێت ڕەنگە ئەو ئیمتیاز و دەسەڵاتەی مسۆگەر کردبێت ھاوکاتیش بارودۆخی حوکمی شیعە لە ئێران و عێراق و لوبنان -یش زۆر شلوق و لەرزۆکە. ئەم شلۆقی و بارە دژوارەش لەو سێ وڵاتەدا ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆ و کارایی کاریگەری لەسەر لایەن و فەسائیلە جیاوازەکانی نێو شیعەکان لە ھەر سێ وڵاتەکەد،ا ھەیە. بە واتایەکی دیکە کە پایە و کۆڵەکەکانی ژێر سەقفەکە ھەرەسی ھێنا ئیتر ھەر دار و پەردووە لە نێو تەپووتۆزی خۆیدا نوقمی سەر زەوی دەبێت.

لەناوبردنی قاسمی سولێمانی و موھەندیس-یش کە دوو پایەی گەورەی ھەردوو ڕژێم بوون، لەناوبردنیان تا ئەو ڕادەیە کارایی خۆیان لەسەر لاوازی ھەردوو ڕژێم دانا کە بە دەگمەن تیاماندا ھەبووە، دەرکمان بەو ڕاستیە کردبێت. تەنانەت زۆرێک لە سیاسی و ڕۆشنبیرانی کورد و توێژەرەوە سیاسیەکانی ناوچەکەش وایاندەزانی کە دەبێتە ھۆی ھەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە، کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستدەردەچێت کە سەرەنجام چۆک بەئێران دادەدات بۆسەر مێزی وتووێژ و سازش.
ھەڵوێستی ئێستای سەدر و لایەنەکەی تەنھا وەلابوونی تەواو و ڕاستگۆیی و بە ئەمەکێتی ئەوان دەردەخات بۆ شیعەگەریی و مەرجەعییەتەکەی.


٢٦\١\٢٠٢٠

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک