په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠١٩

موسافرێکی ماندوو.

- چیڕۆکە تەکسی -


جەلال قادر     

 
سەیرە، هەر کات چاوەڕوانی موسافر بکەم کەس نایەت بەلامەوە، کەچی کاتێک نەفەرێکم لەگەلدابێت، لە هەموو کون و قووژبنێکەوە خەلکی دەست هەڵدەبڕن و داوای تەکسی دەکەن.

ئەو موسافرەی لەپشتمەوە دانیشتبوو، بە دەنگێکی ترسناکەوە وتی: ئەو خەلکە نابینیت دەستت لێ بەرزدەکەنەوە، بۆچی هەلیانناگریت؟

بە منگە منگێکەوە وەلامیمدایەوە: هەتا تۆ نەگەینمە شوێنی مەبەست، کەس هەلناگرم.

+ خەمی منت نەبێت، من هەمیشە لەگەڵتم.

- راستدەکەیت، ئێمە دوو برادەری گیانی بە گیانین. سەبرت هەبێت، چەند خووڵەکێکیتر دەتگەنمە شوێنی مەبەست.

موسافرەکەم سەری هێنایە بن گوێم و بە تووڕەییەوە وتی: ئەرێ تۆ تا کەی ئاوا بە سەرلێشێواوی دەژێیت، من موسافرێکم لەم ژیانە، نە ماڵ هەیە و نە ئەدرەس. منیش وەک ئەو خەلکە بێزاربووم لە پیادەڕۆیی، بۆیە سواری تەکسی بووم. تکایە، ئەگەر ئەمجارە نەفەرێک دەستی لێت بەرزکردەوە بۆی راوەستە.

لەبەرئەوەی موسافرەکەم بۆنی دەمی دەهات و قسەکانی ناخۆشبوون، بە بێ ئەوەی ئاوڕی لێبدەمەوە وتم؛ ئاخر ئەمە تەکسییە خۆ پاس نییە!

لەپاش ئەم وتەیەم موسافرەکەم هەناسەی لێبڕا و بێدەنگ بوو.

لە بێزارییا، پێم لە بەنزین ناو خێراتر تەکسییەکەم هاژوژت. زۆرش سەیربوو، بەردەوام خەلکییم دەبینی لەسەر شۆستە و شەقامەکان چاوەڕوانی تەکسییان دەکرد و دەستیان لێم بەرزدەکردەوە. وەک ئەوەی ئەوانش ماندوو بێزاربن و بیانەوێت شار بەجێبهێڵن.

بۆ ئەوەی ئەم بێدەنگییە ترسناکەی نێوان خۆم و موسافرەکەم بشکێنم، پەنجەم بە دوگمەی رادیۆکە نا تا گوێ لە گۆرانییەک بگرم.

لەپڕ گوێم لە بێژەرەکە بوو: دانیشتووانی شار ئاگاداردەکەینەوە کە تەکسییەک بە خێراییەکی تیژ دەڕوات و بۆ هیچ موسافرێک راناوەستێت، لەوانەبێت (برێک)ی پسابێت. تکایە ئاگاداری خۆتان بن.

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک