په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٧\٢٠١٢

موسڵمانانى بۆرما و بێ هەڵوێستیی ئیسلامییەکانى کوردستان.


شاخەوان برایم عەبدوڵا  


هەرکە سەیرى کەناڵ یاخود ماڵپەڕێکى میدیایی ئیسلامییەکانى کوردستان دەکەیت، ئەگەر شارەزاییمان لەسیاسەتدا نەبێت ئەوا بێ هیچ گومانێک فریوى ئەوە دەخۆین کە ئیسلامییەکان پاسەوانى ئایینن لە کوردستاندا. لەلایەکى تریشەوە ئەوە ئیسلامییەکانى کوردستانن لەسەر کورتە چیرۆکێکى وەرگێڕدراو کە سەدان ساڵە لەلایەن نووسەرێکى عەرەبەوە نووسراوە هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەى بەیانات و هەستى توندوتیژى و فەتواى کوشتن بۆ ئەم و ئەو دەردەکەن لەسەر قسەکردن لەسەر ئایینى ئیسلام کە ئایینێکى تا سەر ئێسقان عەرەبییەو بەهۆى دەسەڵاتى عەرەبەکانەوە لەزەمەنێکى دیاریکراودا بەناوچەکەدا بڵاوبۆتەوەو دواتریش لەگەڵ قۆناغ و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆتە ئایینى ناوچەکە کەوا من لێرەدا مەبەستم نەتەوەى کوردە، کێ هەیە ئەوەى بیرنەکەوێتەوە ئیسلامییەکان لەسەر شیعرێک لە گۆڤارى وێراندا بڵاوبۆیەوە چ فەوزایەکیان خوڵقاندو دەیان بەرنامەى تەلەفزیۆنى و سەدان وتارى رەخنەییان لەسەر نووسى و زۆربەیانیش راستەوخۆ لەرووى سایکۆلۆژییەوە توندوتیژى کۆمەڵایەتى پێوە دەبینراو بەجۆرێک لە جۆرەکانیش دەسەڵات لەگەڵ ئەواندابوو بۆ ئەوەى میللەت نەکەوێتە رەخنەگرتن لە دەسەڵات و گومانى ئەوەى لێنەکرێت دەسەڵات لەپشت کارى لەم شێوەیەوەیە، لە هەموویان نزیکتریش ئەو فەوزا کۆمەڵایەتى و میدیایی و سیاسییەى لەسەر گۆڤارى چرپەدا خوڵقاندیان، ئیسلامییەکان کەیسەکەى چرپەیان زۆر بە شارەزایی بۆ مەرامى سیاسى خۆیان بەکارهێنا تاکو لەم رێگەیەوە لە دەسەڵاتى هەردوو حیزبە عەلمانییەکە بدەن بەوپێیەى ئێستاکە لە دەسەڵاتدان و هەر فەوزایەکیش لە کۆمەڵگەدا بێتە ئاراوە راستەوخۆ بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتەوە، ئەوە ئیسلامییەکان بوون گەورەو بچووکى کۆمەڵگەى کوردیان هاندا بۆ ئیدانەکردن و جنێودان و تەکفیرکردنى ئەو ستافەى چرپەیان دەردەکرد، هاوکات سەیرەکە لەوەدابوو زۆربەى ئەوانەى رەخنەیان لەچرپە دەگرت لە بڕى بڵێن چرپە دەیان گوت چرکە، یاخود ترپە، کەواتە ئەوانە ناوى گۆڤارەکەشیان نەدەزانى، ئەمەش بەڵگەى ئەوەیە ئاراستەکراون و ئەمەش لە کاتێکدابوو گۆڤارێک بەناوى چرکە هەیە، کەواتە لێرەدا گۆڤارى چرکە مافى سکاڵاى یاسایی هەیەو تەنانەت ستافى چرپەش خاوەنى مافێکى لەم شێوەیەن، چونکە ئەوان تەشهیریان بە ئایین نەکردبوو، بەڵکو تەنیا وەک هەواڵێک باسى ئەو نووسینەیان کردبوو، تەنانەت داوایان لە موسڵمانان کردبوو فریاى قورئان بکەون، ئەوە سیاسەتى ئیسلامییەکان بوو لەرێگەى مینبەرى مزگەوتەکانەوە ئیشى لەسەر سایکۆڵۆژیەتى تاکى کورد کرد بۆ بەرژەوەندى حیزبى و لەم نێوەندەشدا هەڵوێستى حکومەت زۆر نێگەتیڤ بوو، لەسەر داواى مەلاکان گۆڤارەکەى داخست و سەرنووسەرەکەشى دەستگیرکرد هاوکات هەردوو کردارەکە نایاسایی بوو، بەم بڕیارەشى خودى حکومەت و پەرلەمانى خستە بەردەم پرسیارەوە.


لەئێستاکەدا موسڵمانانى بۆرما لە هەلومەرجێکى زۆر خراپدا دەژین بەدەست دەسەڵات و پەیڕەوانى ئایینى غەیرە ئیسلامەوە، ئەوەى منى نیگەران کردووە شەڕى نێوان ئایینەکانە کە بەلاى منەوە ترسناکترین شەڕەو لەگەڵ قۆناغەکانیشدا قوڵتردەبێتەوەو لق و پۆپى تری لێدەبێتەوە، بێدەنگى بەشێکى زۆر لە وڵاتانى دونیاش لەو هەلومەرجە ترسناکەى بۆرمادا هێندەى تر بارودۆخەکە مەترسیدارتر دەکات، من لێرەدا دەمەوێت ئەو مەسەلەیە ببەستمەوە بە ئیسلامییەکانى کوردستانەوە بەوپێیەى ئەوان هەمیشە خۆیان بە پاسەوانى ئایین زانیوە لە کۆمەڵگەدا، بێدەنگى ئیسلامییەکانى کوردستان لەسەر ئاستى کوردستان ئەوپەڕى دووفاقى دەگەیەنێت، مادام لەسەر شیعرێک یان پەرەگرافێک نووسین دەیان بەرنامەو کەمپین و فەتواى هەرەمەکى دەردەکەن بۆ مەرامى سیاسى بەبیانووى داکۆکى کردن لە سەروەرى ئایینەوە، ئەى خێرە بۆ هەلومەرجە ترسناکەکەى بۆرما بێدەنگن؟! بەدڵنیاییەوە ئەوەى بۆرما کەمتر بۆ ئیسلامییەکانى کوردستان دەستکەوتى سیاسى تێدایە، رەنگە ئەوان وا بیر بکەنەوە ئەگەریش ماکینە میدیایەکەى خۆمان بخەینە ئیشیش دواتر تەنیا مەسروفات و ماندووبوونیان بۆ دەمێنێتەوە خۆ موسڵمانێکى بۆرما ناتوانێت دەنگ بەوان بدات، کەواتە ئەو بێدەنگییەى ئیسلامى سیاسى لە کوردستان، بەڵگەیەکى زۆر ئاشکرایە لەوەى ئەوانە تەنیا خەریکى سیاسەت و بەرژەوەندى خۆیانن و موسڵمانانى سادەو بەدبەخت بەکار دەهێنن بۆ گەشتن بەدەسەڵات، لەکاتێکدا توێژێک هەیە موسڵمانەو غەدرى لێدەکرێت، کەچى ئیسلامییەکانى دونیاو بەتایبەتى ئەوانەى خۆمان لەم غەدرە بێدەنگن، تەحەدا دەکەم یەک نووسەرو رۆژنامەنووسى ئیسلامى لە کوردستان وتارێکى جیدى لەم شێوەیەى بەندەیەکى عەلمانى نووسیبێت، خۆ دەبوایە منێکى عەلمانى بێدەنگ بوومایە لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیەى دەرهەق بە موسڵمانەکانى بۆرما دەکرێت، بەڵام بەلاى منەوە ئینسانیەت لەسەرووى هەموو شتێکەوەیە تەنانەت بە ئایینیشەوە، میدیا فاشیلەکەى ئیسلامییەکان لەوەتەى محەمەد مورسى کاندیدى ئیخوانە تیرۆریستەکەى میسر بە سەرۆک هەڵبژێردراوە بەردەوام پروپاگەندە بۆ سەرۆکێک دەکەن کەوا حیزبەکەى دایکى هەموو رێکخراو و حیزبە ئیسلامییەکانى دونیایەو دارێژەرى سیاسەتى تیرۆرى دونیان، کێ هەیە ئەوە نەزانێت ئیخوانیەکان لەماوەى حکومڕانى جەمال عەبدولناسردا نزیکەى دوانزە جار هەوڵى کوشتنى جەمالیاندا تاکو بگەنە سەر دەسەڵات، ئەوەى تۆزۆکەیەک شارەزایی لە ئیسلامى سیاسى هەبێت (مەشخەڵى رێ)یەکەى سەید قوتبى بیستووە، ئەو کتێبەى بۆتە مانیفێستى ئیسلامییەکانى دونیاو هاوکاتیش سەرچاوەى هەستى تووڕەیی و تیرۆری جیهانییە، چونکە لەم کتێبەدا بەتەواوى عەقیدەى جیاواز لە ئیسلام رەتدەکرێتەوەو ئەوەى لەسەر پەیڕەوى ئایینى ئیسلام نەروات بە تیرۆریست و جاهیل لە قەلەم دەدرێت و بە جۆرێک لەجۆرەکانیش فەتواى کوشتنى خەڵکى دەدات لەسەر بیروراى جیاواز.


ئەوەى پێویستە بگوترێت ئیسلامییەکانى کوردستان یەک تۆزقاڵ کار بۆ بەرز ڕاگرتنى ئایین ناکەن، ئەوەى لە میدیاکانیشیانەوە بانگەشەى بۆ دەکەن بەبیانووى داکۆکى کردن لە ئایین، زۆر دوورە لە راستییەوە، بەپێچەوانەوە تەنیا دەیانەوێت لەرێگەى خەڵکى موسڵمانەوە بەبەکارهێنانیان بگەنە دەسەڵات، هەڵبەتە گەیشتنە دەسەڵات مافێکى رەواى هەر یەکێکمانە وەکو تاک و دواتریش وەک لایەنى سیاسى، بەڵام ئەوەى مەترسیدارە لە گەیشتنە دەسەڵاتى ئیسلامییەکان ئەوەیە دواتر رووبەرى ئازادییە ئینسانییەکان تا ئاستێک بەرتەسک دەکەنەوەو تەداخول لە ژیانى ئاسایی هەر مرۆڤێکدا دەکەن لە لەبەرکردنى جل و پۆشینى پۆشاک و رۆیشتن بۆ شوێنە گەشتیارییەکان و تێکەڵاوى رەگەزەکان و پەخشى میدیاکان و هەڵسوکەوت و قسەى رۆژانەمان و خوڵقاندنى فەزایەکى ئایینى ئەوتۆ بەهیچ جۆرێک رێگە بە کەسانى تر نادات غەیرە ئایینى ئیسلامى بیر بکاتەوە یان مومارەسەى رێوڕەسمە ئایینەکەى خۆى بکات، ئەوەتا ئێستاکە لە کوردستاندا مەیخانەکان و مەساج و شوینە گەشتیارییەکان دەسووتێنن و ئازادى قسەکردن سنووردار دەکەن و دەیانەوێت تەداخولى هەموو شتێکى کۆمەڵگە بکەن. بۆیە ئەوەى دەکەوێتە ئەستۆى حکومەت و حیزبە عەلمانییەکان ئەوەیە لەرێگەى میدیا و بەرنامەى ستراتیژى کار بۆ ئەوە بکرێت خەڵکى لەم فەوزایەى ئیسلامییەکان هۆشیار بکرێتەوەو بەجۆرێک لە جۆرەکان رێگە نەدەن بەئاسانى خەڵکانى هەرەزەکار بخەنە داوى خۆیانەوە، هەڵبەتە ئەوەش نابێت لەرێگەى توندوتیژییەوە ئەنجام بدرێت، چونکە ئێمە لێرەدا باسى توندوتیژى دەکەین و بەهەموو شێوەیەک رەتى دەکەینەوە، بەڵکو دەبێتەوە لەرێگەى هوشیارکردنەوەوە بێت و حەقیقەتى ئیسلامییەکان بۆ خەڵکى روون بکرێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەوکاتە کۆمەڵگە بە گشتى سوودمەند دەبێت، چونکە ئێمە ئەزموونى حکومڕانى ئیسلامی سیاسیمان لە وڵاتاندا بینیوەو ناکرێت بۆ کوردستان بگوازرێتەوە.
 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک