١٣\٦\٢٠١٥
نابێ ٦ ملیۆن
دەنگی پاکی هەدەپە بەفیڕۆ بدرێ.

هۆشیار
ئەوڕەحمان
هەدەپە هەلێکی زێڕینی بۆ هاتۆتە پێش لەدەرەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە،
بەبەراورد بەپارتەکانی تریش ، تەنها هەدەپە وەکو براوەیەکی سەرەکی
دەردەکەوێت، چونکە جگە لەمەهەپە و هەدەپە ئەو دو حیزبەکەیتر
سەردەمانێکی دورودرێژ بەتایبەتی جەهەپە حیزبی تاک وتەنهای
فەرمانڕەوابوە. سەبارەت بەم دۆخەی ئێستاش پێویستە هەدەپە بەوپەڕی
لێپرسراوێتیەوە خۆی لە وێزەی سیناریۆکان بدات وبەنەفەسی رۆژانی
بەنگەشەی هەڵبژاردنەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم تافە هەستیارەدا بکات. سەرەتا
پێویستە ئەو راستیە بزانێت، کە ئاکەپە لە ئێستادا داهێزراوەو خەریکە
لەبەر یەکهەڵدەوەشێتەوە و ئاکەپەکەی ساڵی ٢٠٠١ نیە، چونکە تەنها چەند
کەسێکی کەم نەبێت لەدەستەی دامەزرێنەری ئەو حیزبە کەسی تێدانەماوە
ولە٧٦ ئەندامانی ئەو حیزبە داوای گەڕانەوەی عبداللە گول دەکەن ، کە
وەکو کەسی یەکەم و فریاد ڕەسێک بۆ رزگارکردنەوەی ئاکەپە بێتەوە،
ئەگەینا هەرگیز جارێکی تر ئاکەپە لە٤٧% نابینێتەوە! جگەلەوە دەمێک بو
سەرکردایەتی ئاکەپە بەتایبەتی گول بێزارن لە رەفتارە تاکڕەویەکانی
ئەردۆغان ، کە تورکیای بەرەو گۆشەگیری و دابڕان بردوە ولە بەرەی
نێوخۆشدا دۆستێکی بۆ حیزبەکە نەهێشتۆتەوە لە خودی عبداللە گولەوە بەر
پەراوێزخستن کەوتوە تا گولەنیەکان. سەبارەت بەداکشانی دەنگەکانی ئاکەپە
لەکوردستاندا جاران ئاکەپە دەیگوت ئێمە بە یەکەم حیزبی کوردین، چونکە
هەمو دەنگەکانی شارەکانی کوردستانی دەچنیەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی
دواییدا واتا لە قەتڵو عامی ( رۆبۆسکی- ئەسپەکان خۆیان سەرخۆش بون
وهەڵدێران) بۆ (کۆبانێ و کەوتن ونەکەوتنی) و دوا وێستگەی کەوتن
وهەڵوەراندنی دەنگی ئاکەپە بۆمبڕێژکردنی لە( ئامەد) دا کۆتایی هات.
لە ئێستادا ئاکەپە بەهەر شێوەیەک حکومەت پێكبهێنێت هەر خۆی زەرەرمەندی
یەکەم دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختیش لەو قەیرانە رزگاری ناکات وبگرە
دەنگی زیاتری لێهەڵدەوەرێنێ، چونکە بەرنامە و ستراتیژی حیزبەکە
لەحەزەکانی ئەردۆغاندا خۆی گرمۆڵە کردبو کە هیچ ئامانجێکی نەپێکا...
جگە لەوە گەر تیبینی بکەین هیچ کام لە حیزبەکان ئامادە نین پێ بنێنە
نێوکۆشکەکەی ئەردۆغانەوە ( کۆشکی سپی – ئاک سەرای) چونکە جگە لەوەی ئەو
کۆشکە بەپارەی ( بێ سەروشوێن - تۆزوبا) دروستکراوە لەسەر زەوی تجاوز
وقاچاغیش دروستکراوە، مانا سیاسیەکەی کۆشکەکەی ئەردۆگان، کەبەنیاز بو
ببێتە ( چانقایە) ی ئیسلامیەکان بەواتای رەتکردنەوەی مێژوی ٩٢ ساڵەی
کۆشکی چانقایەی کۆماریەکانیش دێت، هەر بۆیە ئەردۆغان خۆی لەوەپاراست،
کە دەنیز بایکاڵی سەرۆکی پێشوی جەهەپە وبەتەمەنترین پەڕلەمانتاری ئەم
خولەی بانگێشتی بەشی وەزارەتی دەرەوە/ لەناو کۆشکی چانقایە کرد!
وەکو لە پێشەوە ئاماژەمان پێکرد، ئاکەپە جگە لەوەی لە گێژەنگی نێوخۆیی
حیزبەکەیدا گینگڵدەدات و بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت، لەئاستی ئەوەشدا
نیە هیچ مەرجێک بەسەر ئەو حیزبانەدا بسەپێنێت کەدەیەوێ حکومەتیان
لەگەڵدا دابمەزرێنێ، تەنها ئەوەی بەدیکراوە ئەردۆغان بانگی
دەنیزبایکاڵی کردوە سەرەتا وەکو نیەت پاکیەک کردنەوەی هۆڵی پەڕلەمان
وسەرپەرشتی پەڕلەمانی پێ راسپاردوە تا داهەڵبژاردن ودیاریکردنی سەرۆکی
نوێ بۆ پەڕلەمان وباس لەوەش دەکرێت، کە وەکو حیزبی براوەی دوهەم سەرۆکی
پەرلەمان بۆ بایکاڵ و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کەمال کلیجدار ئۆغڵو قسەی
لەسەرکرابێت.. هەمو ئەمانە هێشتا گریمانەن، چونکە ئەم دوحیزبە بەنەیاری
سەرسەختی یەکتری ناسراون، ئەگەرچی لەسیاسەتدا نەیاری هەتا سەرو دۆستی
هەتا سەر بونی نیە. هەرچی جەهەپە نوێنەری تورکە سپیەکان و نەوەی
کۆماریەکانی کۆمارەکەیە بەتەواوی دژی هەمو بیروبۆچونێکی ئیسلامیەکان.
بەڵام ئاکەپە سەرەتا لەهەوڵەکانیدا بۆ پێکهێنانی حکومەت دەچێتە لای
جەهەپە و پێکهێنانی حکومەتیش لەنێوانیاندا بەقازانجی تورکیاو ناوچەکە
دەشکێتەوە، چونکە کوالیسیۆنی نیوان ئەمسەری نوێنەری عیلمانیەت و
تورکچێتی لەگەڵ ئاکەپەی ئیسلامیدا حکومەتی زۆربە پێکدەهێنن. حکومەتی
شەراکەتی نیوان ئەم دولایەنە، کەلەروی بنکەی جەماوەری وشوین
وئایدۆلۆژیاوە زۆر لەیەکەوە دورن ئەگەری تەمەنکورتی حکومەتەکە زیاتر
دەکات، ئەگەینا کایەی نیوان ئەم دودورە لەیەکترەوە کێبڕکێ و پێشڕەوی
لێدەکەوێتەوە بە سودی کۆمەلانی خەڵکی تورکیا دەگەڕێتەوە!
هێشتا نەئاکەپە ، نە ئەردۆغان چەندو چونیان لەگەڵ هەدەپە ومەهەپە
نەکردوە، بەڵام مەهەپە لای خۆیەوە وەکو پێشمەرج داوای وەزارەتەکانی
دەرەوەو دادو پەروەردەی کردوە.. کەدەبو هەدەپە پەیامی هەرزان
بلاونەکاتەوە، کە گوایە نەراستەوخۆ نەناراستەوخۆ بەشداری هیچ جۆرە
حکومەتێک ناکات! ئایا هەدپە لەبەرانبەر چیدا بەشداری ناکات؟ ئەی
لەبەرانبەر چیدا ٦ ملیۆن دەنگدەر دەنگیان پێداوە؟ یا خود هەر بۆ
بەڕێکردنی کات ئەم لێدوانە کاتیەی داوە؟ دەنگەکانی هەدەپە لە دەنگەکانی
مەهەپە ( پاکتر) ن لەبەرئەوەی دەنگەکانی هەدەپە دەنگی چەوساوەکانی
تورکیان لە کوردو تورک وئەرمەن و ئەرنائوط ولاس و چەرکەس وعەرەب و روم
و رٶشنبیران وئازادیخوازان و لیبرال دیمۆکراتەکان و کەمە مەزهەبە
کپکراوەکانی ئێزدی وئەرمەنی وعەلەوی وقزلباش و بەکتاشین.
بۆیە بۆئەگەری پێکهێنانی حکومەتی ئاکەپە + مەهەپە نابێت لەسەر حیسابی
هەدەپە بیت، کە هەردوکیان هاوبیر وهاوهەڵویستن لەسەر مەسەلەی کورد
ودێمۆکراسیەت و پرۆسەی ئاشتی ومافی مرۆڤ، راستە ئاکەپە ومەهەپە لەروی
بنکەی جەماوەری و ئایدۆلۆژیاوە دەگەنەوە سەریەک، بەلام ئەو نزیکیەیان
نابێت لەسەر حیسابی کورد وهەدەپە بێت.
جگەلەوە پێویستە هەدەپە بەهەمان نەفەس وڕیتمی رۆژانی بانگەشەی
هەڵبژاردن کار بکات وهەنگاو بنێت وخۆی بەدوربگرێت لە لێدوانی ئاگرین و
ڕادیکالانە.. هەدەپە هەمان مافەکانی مەهەپەی هەیە لە پەڕلەماندا، بەڵکو
دەنگی هەدەپە زۆر لەدەنگی مەهەپە دلێرترە، چونکە جیاوازی هەیە لەگەڵ
سەرجەم حیزبەکانی تری تورکیا، ئەویش بەوەی نیوەی پەڕلەمانتارەکانی ژن و
لاون، جگە تەنها لەیەک ئەندام پەڕلەمانی مەرسین ( دەنگیر میر محمد
فیرات) کە تەمەنی کەمیک هەڵکشاوە.. جگە لەوە هەدەپە پێکهاتەیەکی زۆر
دەگمەن وتایبەت و دانسقەی هەیە.
ئەوەی ناوەڕۆکی سەرەکی وناوکۆیی ئەم نوسینەیە بریتیە لەم پرسیارە.
ئەگەر هەدەپە نەبە بەشێوەی ئەکتیڤ و نەبە شێوەی پاسیڤ بەشداری هیچ جۆرە
حکومەتێک ناکات، ئەی ئەلتەرناتیڤەکەی چیە ؟ چی وەڵامی دەنگدەرانی
دەداتەوەو؟ ئەی چۆن قەرزی ئەو دەنگانە دەداتەوە کەبەئەمانەت وەریگرتون؟
ئەم بەشداری نەکردنە بێ قەیدو شەرت و دۆخێکی بێزارکەر بۆ دەنگدەری
هەدەپە دەهێنێتە پێشەوە. لە هەمو دۆخەکاندا دەبێ پارێزگاری لە شکۆمەندی
هەدەپە و ئەو ٦ ملیۆن دەنگە بکرێت وڕێژەکەی بۆ باڵاترو ئامانجەکانی
بەرزتر بێتەوە. بەو هیوایەی لێدوانەکانی دەمیرتاش بۆ بەڕێکردنی کات
وتاکتیک بێت.
ماڵپەڕی هۆشیار
ئەوڕەحمان
|