٤\٩\٢٠٢٢
نا بۆ
بێسەروشوێنكردن،
بەڵێ بۆ
دیاریكردنی چارەنووسی قوربانیان.
ئەمرۆ
٣٠ی ئاب رۆژی بێسەروشوێنكراوانە لە جیهان، كوردستانیش هەرێمێكە لە
وڵاتێك كە عێراقە یەكێكە لەو ٨٤ وڵاتەی جیهان كە ژمارەیەك زۆر لە
هاووڵاتیانی بێسەروشوێنكراون بەهۆكاری سیاسی، جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی
و مەزهەبی، لە جیهاندا ژمارەی بێسەروشوێنكراوانی راگەیەنراو بە ٥٢٢٥٠
كەس دیاریكراوە، كە ئەوانەن تۆماركراون لە ناوەندە جیهانییەكان بە
تایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و خاچی سوری جیهانی و هاوپەیمانی جیهانی دژ
بە بێسەرو شوێنكردن و .... لە كاتێكدا تەنها ژمارەی بێسەرو شوێنكراوانی
كوردستان لە قوربانیانی ئەنفال و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و ...چەندین
بەرابەری ئەو ژمارەیەیە، بە شێوەی گشتی ژمارەی بێسەروشوێنكراوان لە
جیهان خۆی دەدات لە ٥٠ ملیۆن كەس، لە ناویشیاندا لە ٣٠ وڵات زیندانی
نهێنی هەیە، عێراقیش یەكێكە لەوان، بەشی زۆری بێسەروشوێنكراوان لە
پیاوان پێك دێن.
لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١ ەوە ٨٢٠٠٠ كەس بێسەروشوێنكراوە، ٢٠٠٠ زیاتری لە
لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە ئەنجامدراوە، لە سریلانكا ٦٠ بۆ ١٠٠ هەزار كەس بێ
سەرو شوێنكراوە، تەنانەت بەشێك وەك ئەنفالكراوانی كوردستان ئەوانەن
خۆیان داوەتە دەستەوە، لە ئەرجەنتین ٣٠٠٠٠ كەس بێ سەرو شوێنكراوە لە
ساڵانی نێوان ١٩٧٦ بۆ ١٩٨٣.
ئەوانەی تۆماركراون لە عێراق ١٦٥٤٤، لە سریلانكا ١٢٢٢٦ه، ئەرجەنتین
٣٤٤٩، گواتیمالا ٣١٥٥، پیرۆ٣٠٠٩، سلفادۆر ٢٦٦١، كۆڵۆمبیا ١٢٣٥ كەسن.
تەنها لە نیوەی ئەم ساڵ ١١٠٠٠ كەس بێسەروشوێنكراون لە عێراق.
ئێمە پێمانوایە:
• بێسەرو شوێنكردن هەموو كات تاوانە، دەوڵەت ئەنجامی بدات یان میلشیاو
گروپی چەكدار بەهەر پێناسێكەوە بێت.
• بَسەروشوێنكردن تاوانێكی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و
جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە، بە پێی پەیمانامەی رۆما دەچێتە چوارچێوەی
تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە، كات و شوێن تاوانەكە بە زیندویی
دەهێڵێتەوە ، بنەماڵەی قوربانی مافی قەرەبوو و زانینی راستیەكانیان
هەیە.
• هیچ دەسەڵات و گروپێك مافی بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانیان نییە، كە
تاوانكار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا رزگاری بێت.
• بێسەرو شوێنكردن پێشێلی مافی یاسایی تاك، مافی ئازادی و ئاسایش، مافی
ئەشكەنجە نەدان، مافی ژیان، مافی ناسنامە، مافی دادگاییكردنی
دادپەروەرانە، مافی پاراستنی مافی مرۆڤ لە كاتی گلدانەوە، مافی
قەرەبوكردنەوە، مافی وتنی راستییەكان، مافی ئابووری، كۆمەڵایەتی،
رۆشنبیری، مافی خێزانداری، مافی ئاستی ژیان، مافی تەندروستی و فێربوون،
مافی كەرامەت و داوای لێبوردنكردنی قوربانی، مافی كەسایەتی یاسایی
.........هەیە.
لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەكردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن
بەهۆی عەقیدەی سیاسیەوە لە باشوری كوردستان و دەیان هەزار لە پارچەكانی
دیكەی كوردستان لە لایەن رژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە، داواكارین:
١- حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوان، هۆكاری
بێسەروشوێنكردن و هۆكاری مردن، شوێنی مردنیان بڵاو بكاتەوە، ئەوانەشی
ماون ئازادیان بكات.
٢- شوێنی كۆكردنەوەی بێسەروشوێنكراوان بپارێزرێت و بۆ یاداوەری بێسەرو
شوێنكراوان و دروست كردنی مۆنمێنتی یاداوەرییان.
٣- بە یاسا بێسەروشوێنكردن لە كوردستان قەدەغە بكرێت.
٤- داوای لێبوردن لە بنەماڵەكانیان بكرێت و پەیمانی دوبارە نەكردنەوەی
بدرێت.
٥- روفاتی قوربانییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ كەسوكاریان.
٦- قەرەبووی ئابووری كەسوكاریان بكرێتەوە بۆ ماوەی رابردوو، ژیانێكی
شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بكرێت لە روی دارایی و خوێندن و چارەسەری
تەندروستی.
٧- مافی كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانە هەموو راستییەكان لەسەر
بێسەروشوێنكردنی رۆلەكانیان بزانن، تەواوی زانیارییەكانیان لە بەرواری
بێسەروشێوێنكردنەوە بۆ ئاشكرا بكرێت.
٨- بە یاسا پارێزبەندی بۆ كەسوكاری قوربانیان، پارێزەرەكانیان،
رێكخراوەكانیان دیاری بكرێت بۆ وتنی راستییەكان و داكۆكیكردن لە
مافەكانیان.
٩- پێویستە زیندانەكانی كوردستان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت، هیچ
كەسێك لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەكان زیندانی نەكرێن و زیندانی نهێنی
وەك تاوان سەیر بكرێت.
١٠- پشكنین بكرێت بۆ قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بۆ ناسینەوەیان.
رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
٣٠\٨\٢٠٢٢
kw_genocide@yahoo.com
|