١٤\٢\٢٠٢٢
نا بۆ
چەکدارکردنی منداڵان، نا بۆ زەوتکردنی ژیانی منداڵان.
- بە بۆنەی رۆژی جیھانیی دژ بە چەکدارکردنی
منداڵان -
ئەمڕۆ
١٢ی شوباتی رۆژی جیھانیی دژ بە چەکدارکردنی منداڵانە، چەکدارکردنی
منداڵانی کەمتر لە ١٥ ساڵ بە پێی پەیمانامەی رۆما وەک تاوانی جەنگ سەیر
دەکرێت، ھەموو مرۆڤێک بە پێی یاسای مرۆیی جیھانی مافی خۆیەتی تەمەنی
منداڵی خۆی لە دەرەوەی شەڕ و ترس بەرێتە سەر بە خوێندن و یاری و نازی
دایک و باوک.
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی منداڵان، ئەوانەی تەمەنیان لە
١٨ ساڵ کەمترەو لە ململانێی چەکدارییەکان ناوخۆیی و نێونەتەوەیی،
بەشداریان پێ نەکرێت و ئەمن و ئاسایشیان پارێزراو بێت، بەشداری
پێکردنیان وەک تاوان سەیر بکرێت.
ئێستا لە جیھاندا ٢٥٠٠٠٠ ھەزار منداڵی کەمتر لە ١٨ ساڵ چەکدارکراون و
لە ململانێ چەکدارییە ناوخۆیی و دەوڵەتییەکان بەکار دەھێنرێن، عێراقیش
یەکێکە لەو وڵاتانە. تا ئیستا چارەنووسی ھەزاران منداڵی ئێزیدی نادیارە
لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە، بەشێکیشیان لە کردارە چەکدارییەکان بەشدارییان
پێدەکرێت لە لایەن داعشی تاوانکارەوە.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزای قورسی دیاریکردووە بۆ ئەو کەس و
لایەنانەی منداڵان چەکدار دەکەن و لە ململانێ چەکدارییەکان بەکاریان
دەھێنن، یاخود ئازاریان دەدەن یان وەک داعش و بۆکۆحەرامی دەیان رفێنن.
تۆماس لۆبانجۆ" سەرکردەی سوپای نیشتمانی رزگاری کۆنگۆ" بە ١٤ ساڵ
زیندانی و قەرەبووی قوربانیان حوکم درا لە لایەن دادگای تاوانی
نێودەوڵەتییەوە، بەتاوانی چەکدارکردنی منداڵانی کەمتر لە ١٥ ساڵ لە
رێکەوتی ١٠ ی یۆلی ٢٠١٢.
لێرەوە داوا لەسەرجەم پارتە کوردستانییەکان دەکەین پابەند بن بە
ھەڵوێستی نێونەتەوەییەوە، منداڵانی کەمتر لە ١٨ ساڵ لە ریزەکانیان
بەھیچ بەھانەیەک وەرنەگرن، سزا بەھانەکان نازانێت، ھەرکردارێکی وا
دەیان باتە ریزی تاوانکارانی نێونەتەوەییەوە، بەتایبەتیش منداڵانی
کەمتر لە ١٥ ساڵ.
نابێت منداڵان لە ھیچ بوارێکی سەربازیی بەکاربھێنرێن" نامەبەر، خواردن
ئامادەکەر، کاری سیخوڕیی، جەنگاوەریی، تەنانەت پەروەردەی سەربازییش
بەکاربھێنرێن".
ئەوانەی منداڵان چەکدار بکەن، تاوانبارن بە زەوتکردنی ژیان لە منداڵان
و تاوانی نێونەتەوەیی قورس ئەنجام دەدەن.
نا بۆ چەکدار کردنی منداڵان، نا بۆ زەوتکردنی ژیانی منداڵان.
رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی" رێکخراوە کوردستانییەکان بۆ دادگای تاوانی نێو
دەوڵەتی
رێکخراوی ھەڵمەتی دادپەروەریی
تۆڕی ژیان دژ بە سێدارە لە کوردستان
١٢\٢\٢٠٢٢
|