په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٢

نا بۆ کوشتنی ژنان!

 


لە ٨ی مارسدا بانگەوازی ئێمە جەختکردنەوەیە لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕەشەکوژی ژنان لە کوردوستاندا بەتایبەتی لە ناوچەی پشدەر و بتوێن، ئەمرۆ لەبەردەم دادگادا پەیاممان بەدیھاتنی عەدالەتە و داواکارین لە دۆسیەکانی کوشتنی ژناندا ھیچ سازشێک نەکرێت و ھەموو شێوازە دواکەوتوەکانی ڕێکەوتنی خێڵایەتی و پەردەپۆشکردنی تاوانی کوشتنی ژنان کۆتاییان پێ بێت.


کوشتنی ژنان و فشاری کۆمەڵایەتی بۆ خۆسوتاندن و شێوازەکانی دیکەی توندوتیژی لە کوردستان ناوبانگی ئەم ھەرێمەی لەکەدار کردوە و تا ئێستاش حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان کەمتەرخەمن، سەرەڕای تێپەڕاندنی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەڵام ھیچ ھەنگاوێکی جدی بەدی ناکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.


جەختکردنەوەی ئێمە لەسەر ناوچەی پشدەر و بتوێن بە پشتبەستن بە تاوانە بەردەوامەکان و ئامارەکانی ساڵانی ڕابوردوە، کە نیشانی ئەدات ئەم ناوچەیە بە یەکێک لە مەترسیدارترین ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەژمار ئەکرێت لە ئەنجامدانی تاوان و توندوتیژی دژی ژنان ھەر لە دوو مانگی ڕابوردودا ٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان و ٨ حاڵەتی سوتان‌و چەندین حاڵەتی دیکەی توندوتیژی جەستەیی تۆمار کراون.


ئەوەی جێی تێبینیە لە بارودۆخێکی وادا ھەق وابوو باری نائاسایی لەو ناوچەیە ڕابگەیەنرێت و ھەوڵ بدرێت دوور لە ھەموو بیرۆکراتیەت و ڕۆتینێک بەدواداچونی جدی بۆ ئەم حاڵەتانە بکرێت، بەڵام لەبری ئەوە ھەوڵێک ھەیە ٨ی مارسی ئەمساڵ ببێتە بۆنەیەک بۆ خۆڕازاندنەوەو پۆشینی جلی کوردی.


بەو پێیەی تاوانی کوشتنی مامۆستا ساکار بەناوبانگترین دۆسیەی کوشتنی ژنان بوو لەمساڵدا، ئێمە وەک بەشێک لە ئەندامانی ئەو کەمپینەی بۆ ئەم تاوانە ڕاگەیەنراوە لە ٨ مارسدا ئەم چالاکیانە ئەنجام ئەدەین و داواکارین لە سەرجەم ھاوڵاتیان و چالاکوانان و ئازادیحوازان بەشداریمان لەگەڵدا بکەن.


چالاکی یەکەم: گردبونەوەیەکی نارەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی ژنان، لە بەردەم دادگای سلێمانی لە ڕۆژی پێنج شەممە کاتژمێر ١٠.٣٠ی پێشنیوەڕۆ بۆ ١١.٣٠.
چالاکی دووەم: ئەنجامدانی پانێلێک سەبارەت بە کوشتنی ژنان لە قاوەخانەی کلتوری ھەمان رۆژ کاتژمێر ٣ی پاشنیوەرۆ.

 


کەمپینی مامۆستا ساکار
٧\٣\٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک