|
١٦\١٠\٢٠٢٦
نا بۆ
سێدارە، بەڵێ بۆ مافی ژیان.
ڕاگەیاندنی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی دژ بە سزای
سێدارە.
گەلی كوردستان لە مێژوودا یەكێك بووە لەو گەلانەی بە شێوەیەكی فراوان
قوربانی سێدارە، كوشتنی دەرەوەی دادگا، ئەشكەنجە و بێسەروشوێنكردن
سەركوتی سیاسی بووە. كەم نین ئەو كوردانەی لە ڕابردوودا و تا ئێستاش،
بەهۆی كوردبوونیان یان بەهۆی بۆچوون و چالاكییە سیاسییەكانیانەوە،
ژیانیان لێ زەوت كراوە. لە پرۆسەكانی جینۆسایدیشدا، بە كۆمەڵ مافی
ژیانیان لێ زەوت كراوە و بەبێ دادگایی كۆمەڵكوژكراون.
بۆیە، هەڵوەشاندنەوەی سزای
سێدارە تەنها داواكارییەكی یاسایی نییە؛
بەڵكوو ئەركێكی مرۆڤانەشە، هەنگاوێك بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و
وەڵامدانەوەیەكە بۆ مێژوویەكی پڕ لە ستەم و پێشێلكردنی مافەكانی گەلانی
كوردستان. ئێمە باوەڕمان وایە كە كوردستان دەبێت ببێتە هەرێمێك كە مافی
ژیان، ئازادی و كەرامەتی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت.
لە دوای كۆنگرەی ستۆكهۆڵمی دژ بە سزای
سێدارە، كە لە رێكەوتی ١١ و ١٢ی
کانوونی یەکەمی ١٩٧٧ بەسترا، بانگەوازی جیهانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا
نا مرۆڤایەتییە بەهێزتر بوو. لەو كاتەوە تا ئێستا، هەنگاوی گرنگ لە
ئاستی جیهاندا نراوە؛ بەڵام بەردەوامی جێبەجێكردنی
سێدارە لە هەندێك
وڵاتدا نیشانەی ئەوەیە كە هێشتا كارێكی زۆر ماوە بۆ گەیشتن بە جیهانێكی
بێ سێدارە، كارمەت و ژیانی مرۆڤ پارێزراو بێت.
ئامارە جیهانییەكان: پێشكەوتن لە یاسادا، زیادبوونی
سێدارە لە كرداردا.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی (لێبووردنی
نێودەوڵەتی) بە ناونیشانی
«سزا و حوكمەكانی
سێدارە لە ساڵی ٢٠٢٥»، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیكەم ٢,٧٠٧
كەس لە ١٧ وڵاتدا
سێدارە كراون. ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی ٧٨٪ لە ژمارەی
١,٥١٨ سێدارەی تۆماركراوی ساڵی ٢٠٢٤ زیاترە و بەرزترین ئاستی
تۆماركراوە لەلایەن ئەم ڕێكخراوەوە لە ساڵی ١٩٨١ەوە. ئەم ئامارە
سێدارە
لە وڵاتی چین لە خۆناگرێت، چونكە ئاماری رێك لەم وڵاتە بڵاو ناكرێنەوە.
هەروەها، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیكەم ٢,٣٣٤ حوكمی نوێی
سێدارە لە ٤٨ وڵاتدا
تۆمار كراوە.
لە هەمان كاتدا، پێشكەوتنی یاسایی لە بواری هەڵوەشاندنەوەی سزای
سێدارە
بەردەوامە. لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا، ١١٣ وڵات سزای
سێدارەیان بۆ هەموو
تاوانەكان بە تەواوی لە یاسادا هەڵوەشاندبووەوە و بە گشتی ١٤٥ وڵات ئەم
سزایەیان لە یاسا یان لە كرداردا هەڵوەشاندبووەوە. لە بەرامبەردا، لە
ساڵی ٢٠٢٥دا
سێدارە لە ١٧ وڵاتدا ئەنجامدراوە. ئەم جیاوازییە نیشان
دەدات كە هەرچەندە ڕێڕەوی جیهانی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی
سێدارە، بەڵام
زیادبوونی ژمارەی
سێدارەەكان هۆشدارییەكی جدییە و دەری دەخات رێگاكە بۆ
گەیشتن بە جیهانی بێ
سێدارە بێ كەند و كۆسپ نییە.
لە هەنگاوێكی گرنگی ساڵی ٢٠٢٦دا، پەرلەمانی لوبنان لە رێكەوتی ١١ی ئابی
٢٠٢٦ یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای
سێدارەی بۆ هەموو تاوانەكان پەسەند كرد.
یاساكە لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٦ لە ژمارە ٣٦ی ڕۆژنامەی فەرمی بڵاوكرایەوە و
چووە بواری جێبەجێكردنەوە. بەمەش لوبنان بووە یەكەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست كە سزای
سێدارەی بۆ هەموو تاوانەكان بە یاسا هەڵدەوەشێنێتەوە.
بە پێی ئەم گۆڕانكارییە، ژمارەی وڵاتەكانی هەڵوەشێنەرەوەی سزای
سێدارە
بۆ هەموو تاوانەكان دەگاتە ١١٤ وڵات، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگ بوو.
دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان.
بەداخەوە، عێراق هێشتا لەو وڵاتانەدایە كە سزای
سێدارە لە یاسا و
كرداردا بەردەوامە. ڕاپۆرتی
لێبووردنی نێودەوڵەتی سێدارە لە عێراقی لە
ساڵی ٢٠٢٥دا تۆمار كردووە، بەڵام ژمارەی وردی
سێدارەەكانی ئەو ساڵەی
عێراقی نەتوانیوە پشتڕاست بكاتەوە.
لە هەرێمی كوردستانیشدا، ڕاگرتنی جێبەجێكردنی
سێدارە هەنگاوێكی گرنگە؛
بەڵام ڕاگرتن جیاوازە لە هەڵوەشاندنەوەی یاسایی. بۆیە داواكاریی ئێمە
ئەوەیە كە ئەم هەنگاوە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یاسایی و یەكجاری سزای
سێدارە بڕوات و مافی ژیان ببێتە بنەمایەكی پارێزراوی یاسایی و سیاسەتی
گشتی لە هەرێمی كوردستاندا.
ئێمە لەم ڕۆژەدا داوا لە حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان
دەكەین هەنگاوی ڕاستەقینە و كرداری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای
سێدارە بنێن،
حوكمەكانی
سێدارە جێبەجێ نەكەن و بەرەو سیستەمێكی دادوەری مرۆڤانە،
دادپەروەر و سەربەخۆ بڕۆن.
داواكارییەكانمان:
لە ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای
سێدارەدا، ئێمە داوا لە دامەزراوە
فەرمییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان
دەكەین:
١. سزای سێدارە بە یەكجاری هەڵبوەشێننەوە و هەموو هەنگاوێكی یاسایی و
پێویست بۆ گۆڕینی ئەو یاسایانە بنێن.
٢. لە سەرۆكی كۆماری عێراق، بەڕێز د. نزار ئامێدی، و سەرۆكی هەرێمی
كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، داوا دەكەین هیچ حوكمێكی
سێدارە
واژۆ و پشتڕاست نەكەنەوە و هەموو هەوڵێكیان بۆ پاراستنی مافی ژیان و
پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ بخەنە گەڕ.
٣. زیندانە نهێنییەكان كۆتاییان پێبهێنرێت. هۆكاری دەستگیركردن و
ڕاگرتنی هەر كەسێك لە ماوەی یاساییدا بە شێوەیەكی ڕوون ئاشكرا بكرێت و
دەستگەیشتن بە پارێزەر و دادگا مسۆگەر بكرێت بۆ هەمووان.
٤. زیندانی سیاسی و دەستگیركردنی نایاسایی قەدەغە بكرێت و هیچ كەسێك
بەهۆی بۆچوون، ناسنامە، چالاكیی مەدەنی یان سیاسییەكەیەوە ڕووبەڕووی
سەركوت و زیندان نەبێتەوە.
٥. ئەشكەنجە و هەموو شێوەكانی مامەڵەی نامرۆڤانە قەدەغە بكرێت و بە
كردار ڕێگرییان لێ بكرێت. لێكۆڵینەوەی سەربەخۆ لە هەموو تۆمەتەكانی
ئەشكەنجە و مامەڵەی نایاسایی بكرێت و بەرپرسان بەرامبەر یاسا
وەڵامدەرەوە بن.
٦. سەربەخۆیی دادگا و دادوەری بپارێزرێت، دەستێوەردانی سیاسی لە پرۆسەی
دادوەری ڕێگری لێ بكرێت و دامەزراوەكانی دادوەری و داواكاری گشتی بەهێز
بكرێن.
٧. ماف و كەرامەتی زیندانییان بپارێزرێت. مافی پەیوەندی بە خێزان و
پارێزەر، چاودێری تەندروستی و پاراستنی كەلوپەل و شتە تایبەتییەكانی
زیندانی بە پێی یاسا ڕەچاو بكرێت. هەر پشكنینێكیش لە سنووری یاسا و بە
چاودێری دەسەڵاتی دادوەریی پەیوەندیداردا بێت.
٨. لێپرسینەوە لە تاوانە گەورەكان بەردەوام بێت. تاوانبارانی جینۆساید،
تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەبێت بە دادگایی سەربەخۆ و
دادپەروەرانە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە. ڕەتكردنەوەی سزای
سێدارە بە
مانای بێسزایی نییە؛ بەڵكوو داواكارییە بۆ دادپەروەرییەكی یاسایی،
مرۆڤانە و ڕێزگر لە مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ.
٩. مافی قوربانیان و خێزانەكانیان بپارێزرێت، ڕاستییەكان ئاشكرا بكرێن
و بۆ قوربانیانی جینۆساید و تاوانە گەورەكان دادپەروەری، ڕاستیزانی،
قەرەبوو و گەرەنتی دووبارەنەبوونەوە دابین بكرێت.
پەیامەكەمان:
ئێمە باوەڕمان وایە كە مافی ژیان مافێكی بنەڕەتی و جیهانییە و نابێت بە
هیچ بیانوویەكەوە لە مرۆڤ زەوت بكرێت. ئەزموونی مێژوویی گەلی كورد و
قوربانیانی جینۆساید پێمان دەڵێت كە پاراستنی ژیان، ڕێگری لە ئەشكەنجە
و دابینكردنی دادپەروەری ئەركی هەموومانە.
بە بۆنەی ١٠ی
تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، بانگەوازمان بۆ هەموو حكومەتەكان،
پەرلەمانەكان، دامەزراوەكانی دادوەری، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و
هەموو مرۆڤدۆستان ئەوەیە كە بۆ جیهانێك هەوڵ بدەن كە تێیدا سزای
سێدارە
نەبێت، ئەشكەنجە ڕەوا نەبێت و كەرامەتی مرۆڤ بپارێزرێت، لەسەر بنەمای
نەتەوەیی و ئاینی پێشێلكاری ئەنجام نەدرێت.
نا بۆ سێدارە، نا بۆ ئەشكەنجە؛ بەڵێ بۆ مافی ژیان، بەڵێ بۆ پاراستنی
كەرامەتی مرۆڤ.
واژۆكەرانی
ڕاەیاندنەكە:
ڕێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەریی
هەڵمەتی ژیان: نا بۆ
سێدارە لە كوردستان
١٠\١٠\٢٠٢٦
|