٣٠\٣\٢٠١٣
نا بۆ سیاسەتی
گەوجاندن و لەخشتەبردن و بێدەسەڵاتکردنی تاکی کورد.

شەماڵ عادل سەلیم
ماوەیەکە و رێک لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆرشەکانی یەک لەدوای یەکی بەهاری
عەرەبی و هاتنە پێش و داگیرکردنی گۆرەپانی سیاسی لە میسرو هەندێ
ولاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین لەلایەن گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان
بەگشتی و (ئیخوانەکان) بەتایبەتی ، چەند کۆلکە مەلایەک لە کوردستانەکەی
من دەنگیان هەلبڕیوە و قۆڵیان لێ هەڵمالیوە و کەوتوونەتە
چەواشەکردنی بەئاشکرای مێژوو و پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی
سڤیلی کوردستان) و بە بیانووی بەربادو پروپوچی بێ مانا ودور لە راستی
خەریکە پێش لە پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان دەگرن،
هەربۆنموونە (مەزهەر) ناوێک خۆی کردۆتە پاڵەوانی شاشەو لە
مینبەرەکەیەوە هاواردەکات و دەڵێت (کوردستان بە خەڵکەکەیەوە بەقوربانی
ئیمام عومەر بێت)!!
کۆلکە مەلایەکی تر شیعری شاعیرێک دەکاتە کفر و ڕق و نە فرەتی بە سەردا
دەبارێنێ...!!
سەمەدی کۆلکە مەلاش دەڵێ : (جەژنی نەورۆز حەرامە)... ئێمەی کورد
دووجەژنمان هەیە ئەویش جەژنی (رەمەزان و قوربانە).
یەکێکی تریان مارشی پیرۆزی (ئەی رەقیب )ی دڵداری شاعیر حەرام دەکات و
دەڵێ چۆن دەبێ بڵێن (دینمان و ئاینمان هەر نیشتمان)... ئەوە کوفرە...؟
مامۆستایەکی دیکە فەتوا دەدات و دەڵێ : کفرە و نابێ لەبۆنەکان خولەکێک
بۆریزگرتن لە شەهیدەکان بوەستن...!
مەلایەکی دیکە کە کۆپیەی ئیخوانەکانی میسرە لە سەکۆکەی خۆیەوە نامەیەک
ئاراستەی ( مولحیدەکانی کوردستان دەکات ، ئەوانەی رێگای گوناهو
خەراپەیان هەڵبژاردوە ...بەقسەی خۆی) و دەڵێت: سڤێتلانەی کجێ جوزێف
ستالین باوەری بەخوا هێناوەو بەلام لەترسان ئاشکرای نەکردوە...؟!،
هەروەها درێژەبە قسە قۆڕەکانی دەدات و چەندین زانیاری نادروست و هەڵەی
زەق و رەقی مێژوویی کە لە جەهل ونەزانینیەوە سەرچاوەی گرتووە لە
مینبەرەکەیە وەک ژەهر بڵاوی دەکاتەوە دەربارەی هاوڕێی تێکۆشەرو
کەسایەتی ناسراوی عێراق بەرێز (عەزیز محەمەد)، کە بەنەزانینی خۆیەوە
بەسکرتێری پێشووی (حیزبی شیوعی کوردستان) ناوی دەبات ودەڵێت (محەمەد
عەزیز)!! ،هەروەها درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێ : (عەزیز محەمەد)
یەکەم کەس بووە کە (شیوعیەتی) هێناوەتە عیراق و کوردستان...!!، هەروەها
بەسەرهاتێکی ئەوزاتە تێکۆشەرە دەگێریتەوە کە گوایە لەکاتی رۆشتنی بۆ
سەر شانۆ بۆ پێشکەشکردنی وتاری حیزب لە یەکێک لە هۆڵەکانی شاری
هەولێر،و لەکاتی سەرکەوتنی بۆ سەر شانۆ پێی لە گورزەیەک وایەر دەئاڵێت
و خەریک دەبێ بکەویت ولەوکاتەدا بەبێ ویست و بەدەنگێکی بەرز هاوار
دەکاو و دەڵێت (یا اللە)...!!، ئەوەش جێگای سەرسووڕمانی مەلا و
فەقێکانی بووە ، چونکە ئەو لەوباوڕەدابووە کە هاوڕێ (عەزیز محەمەد) ی
هێژا لە کاتی کەوتنەکەی هانا بۆ (مارکس) دەبات نەوەک بۆ ( اللە)...!!
مامۆستایەکی دیکەی پسپۆری فەتوا بەشادومانییەوە دەڵێ : هونەری شێوەکاری
بەهەموو بەش و جۆرو رێبازو قوتابخانەکانی حەرامە و نابێ وێنەو
پەیکەردروست بکرێت چونکە ( کفر و ئیلحادە ) ...!!هەروەها سوکایەتی بە
گۆرانیبێژە کوردە بەناوبانگەکان دەکات و بە (فاسق و فاجر ) لەقەڵەمیان
دەدا...!!
مەلایەکی تر لەسەکۆی ماڵی خودا دەنگ هەڵدەبڕێ ودەڵێ : پیاو بەریش
پیاوە...، ریش نامووس و سیمبوڵی پیاوانە ،بۆیە دەبێ ئێمە سمێلمان
بتراشین و ریش بەخێوکەین و لەوش زیاتر سووکایەتی بە پیاوی بێ ریش دەکات...!!
خوێنەری هێژا ... من لێرەدا نامەوێ وەڵامی ئەم کۆلکە مەلایانە بدەمەوە
کە بە جەهل و نەزانین و خۆ دەرخستنیان وەکو دەسەڵاتدارێکی بێقەیدو شەرت
، زیانێکی گەورە بە دینی ئیسلام و (اللە )دەگەێنن ،بەڵکو ئەوەی جێگای
شایان و گرینگییە لێرەدا کە بیخەمە ڕوو ئەوەیە کە ئەم فەتوایە
بەئەنقەست و حیساب بۆ کراوە بە ئاشکرا ئەوەمان پیشان دەدات کە:
کوردستان چەندە بێ ساحێبە....، بەڵێ ئەم چەواشەکاریانە ئەوەمان بۆ
دەسەلمێنن کە لە دەڤەرەی لەمەر ئێمە کەس ئاگای لەکەس نەماوە و هەرکەسێک
بۆخۆی بویتە فیرعەونێک و فەتوا دەدات...!
بەڵێ ئەم هەلوێستە بەئەنقەست و حیساب بۆکراوەی ئەو کۆلکە مەلایانە
ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەر دزینی نەوت و
تێوەگڵانی لە گەندەلی بەهەموو جۆرەکانیەوە ئاگای لە رەوشی میللەت
نەماوە و هەربۆیە ئەمڕۆ زۆررێک لە مینبەری مزگەوتەکان تەرخان کراون بۆ
چەواشەکردنی ڕاستیەکان و شێواندنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و کولتووری
رەسەنی کوردایەتی و هونەرو ئەدەب و بزاڤی رۆشنبیری بە گشتی.
بەڵێ ئەم فەتوا چیانە لەبری خوێندنەوەی (خوتبە و مەدائیح و تەراتیل)ە
ئاینیەکان وا خەریکن هەموو کایەو جومگەکانی کۆمەڵگا کۆنترۆڵ دەکەن و
دەستی تێوەردەدەن و شەلم کوێرم ناپارێزم و بە کەیف و ویستی خۆیان
سیاسەت و پێشێلکاری دژ بە ئازدای و مافەکانی پرسۆنالی ئەم دەڤەرە بێ
ساحێبە دەکەن ....!
بۆیە پێویستە لەسەرهەرهەموومان وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و
ئەخلاقی، دژ بەم پێشێلکاریانە دەنگ هەڵبرین و قسەی خۆمانمان هەبێ و
پابەندبین بە نرخ و بەها نەتەوەییەکانمان کە خۆشەویستییە بەرامبەر بە:
نیشتمان و زمان و نەتەوەو ئەدەب و کولتوور وهونەر...!
بەڵێ... ئەرکی سەرشانی هەر هەموومانە کە نەهێڵین چەواشەکاران و ئیخوانە
کوردەکان مێژووی پر سەروەریمان چەواشە بکەن و راستیەکان بشارنەوە و
روداوە مێژووییەکان ئاوەژوو بکەن...!
بەڵێ... پێویستە لەسەر هەموومان شۆرشێکی فیکری رۆشنبیری لەتەک
بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە گەندەڵی بەرپا بکەین و نەهێڵین سیاسەتی
گەوجاندن و لەخشتەبردن و بێدەسەڵاتکردنی مرۆڤ کە گەورەترین سەرمایەیە
لە کوردستان بەردەوام بێت...!!
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|