١٣\٧\٢٠١٧
نا..

فەتاح حەسەن
گەنجێتی خۆم، لەسەر سیاسەت دانا
سامانیشم لەسەر ژن
لە یەکەمیان پەشیمانم
لە دووەمیان.. نا.
*
خەڵک هەیە
دڵخۆشی لەپارەدا دەبینێ،
هەیە لە ژن.. هەشە لە مەی
من، لەیەکەمیان.. نا.
*
جاران، لۆمەی ئەوانەم دەکرد،
دەیانگوت:
ژەهر تاڵە .. بەخوا تاڵە
بەڵام، ئێستا.. نا.
*
لەنێوان زمانان دا، سنوور هەیە
دڵان نا
بۆیە، بەدڵ خۆشمدەوێی،
بەزمان.. نا.
*
وا هەست دەکەم، کفریش بکەیت
لەوانەیە.. خوا لێتخۆشبێ.
وەلێ..
دڵی ژنێك بڕەنجێنی.. نا.
*
ئیرەیی بە پاڵەوانی ئەو رۆمانە دەبەم
دەیخوێنییەوە،
دەزانم، عاشقی ئەو دەبی
ئەو خاوەنی پارە و..
وەلێ من.. نا.
*
من، بەبێ تۆ.. هەست بە بوونی
کات و شوێن دەکەم،
ئەمما..
لەگەڵ تۆ.. نا.
*
سەختە بێ تۆیی سەختە
وەلێ..
هێندەی بێ وەفاییت.. نا.
دانیمارك
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|