په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٠

ناکرێ سەردەشت رێویى ئینتەرنێت بێ و تۆش شێرى رۆژنامە..

- بۆ بەختیار عەلى -


حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

(1)

 

بەختیار عەلى، چەند ساڵێکەو گۆشەیەکى پچڕپچڕى قرچۆکى لە ئاوێنەدا هەیە بەنێوى ژوورێک لە ئاوێنە، دیارە ئەو ژوورەى بە بەلاش دەستکەوتووە، چونکە ناوبەناو بەسەر خودان و سەرنووسەرەکەشیدا فەرمانى قەڵەو قەڵەو دەردەکات و پۆلیسییانە بابەتە جنێوئامێزەکانى لەو گۆشە مردارەوەبووەدا بڵاو دەکاتەوە.. ساڵانە ئەو ژوورەى تەرخانە بۆ پەلاماردانى دەوروبەرى خۆى، خۆشى ماڵى لە شووشەیە بۆیە ئاوا، من و کەسانى دیکەى لێدەکەوینە بەردباران و رەجمى ئەو نووسینانە دەکەین کە سووکایەتیکردنە بەو نووسەرانەى لە سایتەکانەوە دەنووسن و بە ڕێوى ترسنۆک دەیانشوبهێنێ، کاتێک خۆى گووتەنى لە شوێنى سەلامەتەوە پەلامارى شێرەکان دەدەن. گوایە، نووسەرانى سایتەکان رێوین و ئەوى گەورە نووسەرى گەلەکەمان شێرى ناو شێرانە، بۆیە داکۆکى لە شێرەکانى ناو دەزگا دارستانییەکانى گەندەڵستانەکەمان دەکات.


لەگەڵ بڵاوکردنەوەى رەخنە توندەکەى شوان ئەحمەد لەسەر دەزگاى سەردەم، لە ئاوێنەدا، کە بە دۆکومێنت گەندەڵى و ناڕۆشنبیرى ئەنجوومەنەکەى ئەو دەزگایەو نووسەرە گەورەکانى گەلەکەمانى (کە خۆیان رێکلام بۆ خۆیان دەکەن) سەلماند.


ئەم کەڵە گەورەیەى گەلەکەمان، لەو گۆشەیەدا (بە نێوى رێوییەک لە کۆشکى تەلەفۆندا) ئاوێنەى ژمارە 231 دا پەلامارى ئەو نووسەرانە دەدات کە لە سایتەکاندا بەردەوام دەنووسن (کە بە ئەو بوایە پۆلیسیانە ئەو سایتانەى دەسووتاند چونکە پەنجەرەیەکى ئازادن و سەرنووسەرە بوغراو حزبى و مناڵ مەزنەکان نایانبەن بەڕێوەو منەتبارو ملکەچى بڕوبیانووى بێمانات ناکەن..).


لەو گۆشەیەدا ئەو نوسەرانەى لە سایتەکاندا نوسین بڵاو دەکەنەوە، بە (( مەخلوقى بچووک و بێجەوهەر/ بێغیرەت و ترسنۆک و بودەڵ)) و زۆر دەستەواژەى دیکەى قێزەون ناوزەد دەکات، ئەو نوسەرانە بە رێوى لە قەڵەم دەدات و خۆیشى بە شێر، ئەوان بچووک و قەزەم ( کە ئەوەش کاردانەوەى دەروونى مرۆڤێکە کە هەست بە کێماسى و کەموکوڕیى جەستەیى بکات و لە پەرچەکرداردا پەلامارى ئەوانى گەورەترو باڵابەرزتر دەدات و وشەى بچووک و ترسنۆکیش گوزارشتە بۆ نەست و لێکدانەوەى ناخى ئەم مرۆڤە)..


نوسەرانى سایتەکان بە رێوییەکى ترسنۆک و بچووک وێنا دەکات کە پەلامارى شتە هەیبەتدارو باڵاکان دەدەن (کە هەیبەتەکە، مەبەستى پلەى خۆیەتى و ئەمەش رەنگدانەوەى پشێوى دەروونى ئەم کەڵە نوسەرەیە کە خۆى بە خودا دێتە پێشچاو (شوان ئەحمەد گووتەنى) ئەوەش کاردانەوەیەکى سروشتیى دەروونییە، چونکە خۆى باڵابەرزو درێژو مەزن نییە..


ئەو لە گۆشەکەیدا دەڵێت: ئەو مەخلوقە ترسنۆک و بچووکانەى ناو جیهانى مۆدێرن و تەکنۆلۆژیاى ئەمڕۆمانە کە ئاسان دەتوانن ئیهانەى هەموو بەهایەک و شتێکى باڵا بکەن، سەمبوولى سەتحییەتە بەرامبەر بە مەزنى (کە مەبەستى سیمبۆلى رووکەشیخوازییە) مەزنییەکە مەبەستى خودى خۆیەتى چونکە ئەم کەسە لووتبەرزو بوغرایەو خۆى بە شتێکى مەزن دێتە بەرچاو، پێچەوانەى تۆلستۆى و ئاینیشتاین و گاندى و ماندێلا، بۆیە لە زۆرینەى نووسینەکانیدا وشەکانى ((مەزن، بەها، بەرز، باڵابەرز، هەیبەت، گەورە، بڵند، شکۆ، هێزى گەورەو چەندان وشەى لەوجۆرە گوزارشتن بۆ هەستکردن بە کەموکڕى و کێماسی جەستەیى))..


لەم نوسینەدا کەمتازۆر و لەبەر رۆشنایى بەکارهێنانى وشەو دەستەواژەى خودى ئەم نوسەرەوە دەتوانم بیسەلمێنم کە دەروونى ئەم کەڵە رووناکبیرەى گەلەکەمان نەخۆشە، چونکە دەربڕینى حاڵەتەکان و رەوشى ئینسان لەڕێى زمانییەوەیەتى، هەتا مرۆڤــ قسەو ئاخاوتنى نەبێت ناتوانرێت، دەروونى یەکاڵا بکرێتەوە، کەى مرۆڤێک کەوتە قسەکردن دەتوانرێت بیرکردنەوەو کەسێتى و دەروونى ئاشکرا بکرێت.. ئەوەش لە نووسین و رۆمان و وەڵامى رەخنەگرانیدا وەدەرئەکەوێت..


(2)


دەمێکە من دیقەتى ئەم نووسەرە دەدەم و جیا لە هاوەڵەکانى و بێئەندازە توندوتیژەو رەخنەى بەرامبەرى قبوڵ نییەو بە جاهیل و نەزان و پیس و زبڵ و بودەڵ و.......تاد. لە قەڵەم دەدات، تەواوى هەوڵەکانى دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەى بچووک و جاهیل و گرگن و بودەڵ بیخاتە بەرچاوى خوێنەرەوە. بچووککردنەوەو ناشرینکردن و بە ترسنۆک دانانى زۆرینەى بەرامبەر کە ئامادە نین تۆیەکى بوغرا بە بت و خودا دابنێن و بتپەرستن و رەخنە لە نوسین و کەسێتیت دەگرن و ستایشت ناکەن، کارى بەردەوامى ئەم نوسەرەیە، رۆڵى راوێژکارو ئامۆژگاریکارو مامۆستا بینینى ئەم کەسە لاى هەموومان ئاشکرایە..


خۆ دانان بە ئەفسەرو پێشەوا یاخود بە پۆلیس و مرور بۆ کارکردن و رەفتار نواندن و بەڕێوەبردنى رۆژنامەو بڵاوکردنەوەى نووسینى ئەم نووسەرو بایکۆتکردن و قەدەغەکردنى وتارى ئەو نووسەرەى رەخنەت لێدەگرن، کارو بیرکردنەوەو مۆراڵى بەردەوامى ئەم کەسەیە..


ئەم مۆراڵ و رەفتارانەى کە بەردەوام چەندبارەیان دەکاتەوەو جاروبار هاوەڵ و برادەرە نزیکەکانى خۆشى دەگرێتەوە، لە پێناوى بەرژەوەندى کاتیى خودى خۆى و شاردنەوەى راستییەکان لە خەڵًکى و داکۆکیکردن لە شێرە گەندەڵەکانى نێو دارستانى رۆشنبیریى کڵۆڵى کوردى بەکاریان دێنێت..


ئەگەر ئەو نووسەرانەى لە سایتەکاندا دەنووسن رێوى بن، ئەوا کاکە سەردەشت هەرچى نووسینێکى هەیبوو لە سایتى کوردستانپۆستدا بڵاوى دەکردنەوەو بوێرانە دژى دەسەڵات دەینووسى، ئازایانە بە دووا نووسینی خۆى بەرەنگارى مەرگى خۆى بۆوەو ئەیزانى ئیدى دەبێت باجى ئەو نووسینەى خۆى بدات، کە دەستکارى هێڵى سوورو شتى بڤەى کردبوو، ئەوەش دیارە کە ئازایەتییەو خۆ کردنە بە شێرى نێو بێشەڵان و گۆڕەپانى کوردستان.. ئەوە رەفتارى شێرەکانە کە لەناوجەرگەى کوردستانەوە، لە بەردەرکى سەراى سلێمانییەوە.. یان نزیک بە قەراتى هەولێرى هۆلاکۆ بەزێنەوە وتارى ئاگرین دژ بە شێرە گەندەڵەکانى نێو دەسەڵات بنووسیت..


هەرگیز رێوى ناتوانێت مەرگى خۆى بخاتە سەر لەپى دەستى و بوێرانەتر لە رۆژنامەو گۆڤارە بەناو ئەهلییەکان لە سایتەکاندا رووى ناشرینى دەسەڵات و بەرپرسە گەندەڵ و رۆشنبیرە گەندەڵخوازەکانى هەڵماڵێت.. ئەوان رێوییەک نین کە لە دوورەوەو لە ئەوروپاوە، سەروەختێک هێرشى گوماناوى بەرن و سەروەختێکیش ببنە پارێزەرى خۆڕایى و بەلاشى گەندەڵخوازانى نێو دەزگایەک کە بە سەدان دەفتەر دۆلاریان حەپەلووش کردووە، کە لە راستیدا، ئەو داهاتە زەبەلاحانە، قووت و داهاتى کوڕان و کچانى گەنجى گەرمیان و منداڵانى ئەنفال و خێزانى شەهید و هەژارى کوردستانى هەناسەساردن..


(3)


ئەى گەورە بیرمەندى گەلەکەمان، تۆ پێویستە، پەڕۆیەک لە کاکە مەریوان وریا قانیعەوە دادڕیت، ئەو هەیبەت و شکۆدارى و مەزنى و باڵابەرزییە لاى ئەوو نووسینەکانى هاتۆنەتە دى، ئەو کوڕەزاى راستەقینەى قانیعى مەزنە..


ئەوەندە بە گشتگیرى و هەمەلایەنە کەس بە رێوى و بودەڵ و جاهیل و بچووک مەزانە، چونکە گاندى ووتەنى: خراپترین نەخۆشى کە ناوداران دووچارى دەبنەوە بریتییە لە بوغرایى و خۆبەزلزانى.. ئەگەر خوداو بتێکى مەزنیش بیت، هەر سەردەمێک دەتپەرستن و بەسەر دەچیت!


لەو بورجى عاجییە وەرە خوارەوەو لە ئازادیى نووسین و رادەربڕین و چۆنییەتى خوێندنەوەو نووسین و ژیانماندا مەبە بە پۆلیس.. رێزى ئەو قەڵەمانە بگرە کە لەم سەردەمى جیهانگیرى و مۆدێرنەیەدا دەتوانن لە سایتەکانەوە هەناسەیەک هەڵمژن و منەتى هیچ سەرنووسەرو ژێرنووسەرێک هەڵنەگرن، کە شێرە بودەڵەکان و سیخناخ لە نەخۆشی دەروونى لە پشتییەوە وەستاون..


(بیرتان چوو یەکێک لەو سەرنووسەرانە لە کوشتنى ژنەکەى خۆیدا دەستى هەبوو،پاش خیانەت لێکردنى، کە ئەمێستاکە لە زیندانى رەشدایە!!).


ئێمەى نووسەرانى سایتەکان رێوى نین و سەردەشتى شەهیدى قەڵەمیش، نووسەرى دیارى سایت و ئینتەرنێتە، کە بە فەخرەوە، پێشەنگ و رابەرى هەموومانەو شانازى بە سەکۆى ئازادى ئەم سایتانەوە دەکەین کە بێمەرج و بێمنەت بەخشینەوە دەرگاى واڵایان بۆ ئێمەومانانێکى بێ پشتوپەنا کردۆتەوە کە لەنێو هەژارى و حیرمان و بێ مووچەییدا ژیانێکى زبرو بۆر و رۆژگارێکى بۆرترو زبرتر بەڕێدەکەین، بەڵام بە سەرفرازو سەربەرزى و دوور لە گەندەڵکاران..!


تکایە، جوانترو نەرمترو برایەنەترو ساکارترو سادەتر بنووسە، گەنجان فێرى بوغزو کینەو جنێو وتوانج و داشۆرینى بێماناو بە مەبەست و بە ئامانجى بەرژەوەندخوازانەى تەسکى خودى و خۆپەرستى مەکە، تۆ هیچ نەبێت ژوورەکەت لە شووشەیەو، بەردەفڕکێکانت ئاکامیان باش نابێت.
 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ