په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٠

ناڵە، ئەو شاعیرەی کە حەوای خۆش دەوێ.
خوێندنەوەیەکی کورتی دیوانی:
'' ئەو پیاوانەی لەناو رەنگی تابلۆکانما سەما دەکەن ''ی ناڵە عەبدوڕەحمان.

زاهیر محەمەدی   


(سلێمان)ی هاوڕێم هەموو رۆژێک کە ئێوارە درەنگان دەگەڕێتەوە ماڵ، کۆمەڵێک رۆژنامە و گۆڤاری لە جانتاکەیدایە و دوای سەلام و ئێوارەباش، دەسبەجێ جانتا رەشەکەی دەکاتەوە و چی پێ بێ دایدەنێ. بەڵام ئەمڕۆ وێڕای رۆژنامە و گۆڤار، کتێبێکی بچووکی شیعری لە جانتاکەی دەرهێنا و منیش بە یادی قۆناغی دواناوەندی و سەرەتای گەنجێتی دەستم کرد بە خوێندنەوەی شیعرەکان و دوای خوێندنەوەی شیعرەکان بە (سلێمان)م وت خۆزیا گەورەیی ئەم شیعرانە لە دووتوێی ئەم دیوانەدا بزر نەبووایەن. من لەسەر ئەوە بڕیار نادەم کە ئەرکی ئەدەب و شیعر چییە و نامه‌وێ چوارچێوە و پێناسەیەک بۆ شیعر و ئەدەب بنووسم. بێ ئەوەی هێرش بکەمە سەر روانگەی پۆست مودێرنەکان بەرامبەر بە ئەدەب و شیعر یان بڕیارێک لەسەر روانگەکانیان بدەم، دەمەوێ خوێندنەوەیەکی خۆمانە لەسەر شیعرەکانی ناڵە بنووسم.


ناڵە لەم دیوانە شیعرەدا زۆر بوێرانە قسەکانی ناخی نووسیوە و زۆر کۆتوبەندی کولتووری و کۆمەڵایەتی پساندوون کە کەمتر ژنێک دەوێرێ باسیان بکا. ناڵە بە پێچەوانەی شاعیرەکانی تر دەستی نەبردووە بۆ نووسینی دێڕە شیعری درێژ و زمانێکی ساکاری هەڵبژاردووە بۆ نووسینەوەی قسەکانی دڵی. جگە لە چەند رستە و وشەیەک، شیعرەکانی ناڵە گەلێک ساکارن و سادەبوونی قسەکانی بە زمانێکی پاراو و سووک، رێگای بە شاعیر داوە تا هەستی سادە و ناسکی بە روونی دەرببڕێ. خاڵی سەرکەوتنی شاعیر ساکاری زمانەکەیەتی کە بێ شەرم لە زمان و ئەدەب و خەڵک، قسە دەکا. ئەگەر هێندێک شاعیری ژن بۆ دەربڕینی قسە و چیرۆکەکانی ناخیان تووشی سەفسەتە دەبن و بە زمانێک دەنووسن کە زمانی فەلسەفەیە، ناڵە خۆی لە سەفسەتە و زمانی قورس پاراستووە و بێ هیچ سڵ کردنەوەیەک قسەکانی خۆی دەربڕیوە، جا ئەو قسانە خۆی چ ناوێکیان بۆ دادەنێ ( ئازار، خەم، شکاندنی کۆتوبەندەکان و . . .) ئەوە مافی خۆیەتی.


دیوانەکەی ناڵە قسەی ژنێکی پڕ حەز و هیوامان بۆ باس دەکا کە هەر لە مناڵییەوە تووشی مەکە و بڤە دەبێ و خۆشەویسترین کەسەکانی ئازادی ژنبوون و مرۆڤبوونی لێ ئەسەنیێنەوە. ناڵە وێنەی کچێکمان پیشان ئەدا کە لە ژێر دارسێودا دانیشتووە و ناترسێ لە سێوخواردن و لەوەی رەوتی کەون و کائینات بگۆڕێ و خواردنی سێوەکە بەلایەوە ئاساییەوە و وەک خەڵکی تر پەشیمان نییە لەوەی کە سێو بخوا، بەڵام پەشیمانە لەوەی کە سێوەکەی نەخواردووە. ناڵە لەم دیوانەدا هێرش دەکاتە سەر مێژوو و ئەوانەی مێژوویان نووسیوەتەوە کە چۆن بەناحەق هێرشیان کردووەتە سەر حەوا و زولەیخا و بەم شێوە بە گژ مێژوودا دەچێتەوە و وەک ئەوەی دڵی تۆراو و شکاوی چەندهەزار ساڵەی حەوا بداتەوە بە زمانێکی دایکانە و هاوڕێیانە بانگی دەکا و دەڵى حەوا کچە شیرینەکەم! و حەوا گیان . . .

 

ئەم بانگ کردنەی ناڵە داکۆکیکردنە لە هەستی پاک و پیرۆزی حەوا و هەموو ئەو حەوایانەی کە دەیانەوێ مانای ژیان بزانن و بژین بۆ ژیان نەک بۆ مێژوو. ناڵە دوای گوناحە گەورەکەی حەوا بە دیارییەوە دادەنیشێ و دەیکا بە گیان و کچی شیرینی خۆی، چونکە دەزانێ تەنیا حەوایە کە هەستی بە مانای ژیان کردووە و گوناحەکەی ئەوە کە خوا و جیهان و بەهه‌شت و دۆزه‌خی دروست کردووە. ناڵە ئاوڕ لە هەموو حەواکانی مێژوو دەداتەوە و بە زمانە جوانەکەی پشتگیرییان دەکا و بەم شێوەیە ده‌یه‌وێ وەک حەوا و زولەیخا بە پێچەوانەی ئاراستەی مێژووی چەواشەکراودا هەنگاو بنێ و تامی سێو بکا و ده‌یه‌وێ کونێکی خڕ لە باخەڵی پڕ لە مەمک و داوێنی پڕ عەتری هەموو ژنێک بکاتەوە تا بە شنەبای عەورەتی پیاو هەناسە بدەن. ناڵە بێ هیچ سڵ کردنەوەیەک لەو قسە بێ‌بنەمایانەی کە بە درێژایی مێژوو کڵاویان ناوەتە سەر مرۆڤ گوناح بە رەش نازانێ، خواپەرەستی بە دۆزەخ دادەنێ و داوێن پیسیش بە بەهەشت. ئەمە یاخیبوونێکی بوێرانەیە کە بەرهەمی دڵێکی تێرنەبوو و ژیانێکی پڕ لە داخ و حەسرەتە.


. . . ئەدرەسی قەسیدەکانم
زەمەنی شێت بوونی پیاوێکی سۆزانییە
کە بۆ رێساکانی خواش ئاوڕ ناداتەوە
لە بەرامبەر تەنها ژنێکدا چۆکدا دەدات.

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان