ئەمڕۆ
٢٢\١\٢٠١٣
نوێکرایەوە.
ئەم نووسینەی بەڕێز (حەمەی
ئەحمەدی رەسوڵ) پێش چوار ساڵ پتر بەر لە مەرگی (ئەحلام مەنسوور)ی
هەمیشە زیندوو - نووسراوە و لێرە لە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، هەر لێرەوە
دەستخۆشیی لە ژیاندۆستیی و سەرناسییەکەی دەکەین کە لەو کاتدا بەو
نووسینە جوان و پوختە رێزی لەو خانمە چیڕۆکنووس و نووسەرە گرت و بە بێ
هیچ بەرژەوەندییەک و بە شێوەیەکی زۆر دڵسۆزانە و خەمخۆرانە ستایشی
تێکۆشان و هەڵوێستی بوێرانە و کارە بە نرخ و مرۆڤپەروەرییەکانی دەکا،
هیوادارین ئیدی هەموو نووسەرانی کورد ئەو رێچکە جوانە بگرنەبەر واتە
پێش ئەوەی مرۆڤە مەزن و تێکۆشەرەکان - ئەوانەی وەک مۆم بۆ خەڵک دەسوتێن
- لەدەست بچن بە هانایانەوە بچن و رێزیان لێبگرن و کارە بە نرخەکانیان
هەڵبسەنگێنن نەک تەنیا پاش مەرگیان.
- ئەمڕۆ -
______________________________________________________________________________
نامەى کراوە بۆ ئەحلام
مەنسوورى بەڕێز:
تۆ لەئێمەى پیاو ئازاتر و ئازادتریت.
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
(1)
شایانى وتنە ، لەوەتەى بیرم بێت حەزم بە ستایشکردن و پیاهەڵدان نەبووە
، هەرگیز نەبووم بە هەوادار و موریدى هیچ کەسێک ، هیچ رێبازێک هیچ حیزب
و گروپ و دەستە و لایەنێک ، بەڵام هەتاکو سەر ئێسقان رەخنەم خۆشویستووە
و هیچ کەسێک ،هیچ بابەتێک ، هیچ دیاردەیەک ،هیچ دەقێک یان فیلمێک یان
گۆرانییەک ، یان حیزبێک یان نەتەوەیەک نەبووە ، بەپێی رانان و
هەڵسەنگاندنى خاکەڕایانەى بچوکى بەندە ، رەخنە و پلار و توانجم
تێنەگرتبێ ، وەک بڵێی داخوازبووم و هەوڵمداوە رچەشکێن و سنووربەزێن و
دژەباو و رەخنەگربم و یاخى و سەرچڵ و کەمتازۆر هەقبێژ و راستگۆیانە
رووبەڕووى ژیان و ئاریشەى کۆمەڵگاکەم ببمەوە ...!!
بەڵام
بەنیسبەت خانمى بەڕێز ،دادە ئەحلام مەنسوورى چیرۆکنوس و نوسەرەوە ،
جارێکى دیکە دەبێت دژەباو ببمەوە و، دژى عادەت و خووى باوى خۆم
بووەستمەوە و قەڵەمەکەم بۆ ستایشکردن بەکاربێنم .! بێگومان ستایشى
هەڵوێستى مەردانەى مرۆڤێک لەم رۆژگارە نامەردەدا ، بەڵام ژیان و
ئەزموون و مێژووى تاکەکەسی هەر مرۆڤێک لە ڕابردوو یان لە ئەمێستادا ،
ئەوە بۆ خود و زاتى تاکەکەسیی خۆى دەگەڕێتەوە و بەندە دادوەر و
ئیزراییل نیم و ناشبم .. مەسەلەکە ئازادیی شەخسییە و ڕێزم بۆ ئازادیی
خود هەیە....!!
لەو دەمەوەى رۆژنامەى هاوڵاتى – وەکو ئاوێنە- بڕیاریدا هیچکە وتار و
نووسینم بۆ بڵاونەکاتەوە چونکە بەندە لەگەڵ کاکە تەها ئەحمەد رەسوڵى
نووسەر و شێوەکار و رۆماننوسدا رەخنەمان لەکاک (بەختیار عەلى)ى نووسەر
گرت ، ئیدى دەرگا و پەنجەرەى بڵاوکردنەوەیان
لێداخستین و وەکو بڵێی کابە کەچ بووبێت و خیانەتى هەرە مەزنى
بێوێنەمان لە نیشتمان و نەتەوە کردبێت بە دوژمنى باوەکوشتەى خۆیان
ناوزەدمان دەکەن .. بۆیە منیش بڕیارمدا ئەو دوو رۆژنامەیە نەکڕم و
نەخوێنمەوە !!
وەلى لە جێگەیەک ، لەگەڵ هاوڕێیەکدا باسی نووسینێکى خاتوو (ئەحلام) ى
بۆ کردم و دووربا ئەوەشی باس کرد کە ماوەیەک لەمەوبەر گوایە دوچارى
نۆبەتەى مێشک و ناساغییەک بووەتەوە ، کە پڕ بە دڵ پێم ناخۆش بوو ...
ئیدى بڕیارمدا بەپێی ویژدان و پێ بەپێی باوەڕ و هزرى سیاسیم ئاوڕێکى
زۆر دڵسۆزانە (هەر چەندە بەنووسینێکى کورتیش بێت) لە هەڵوێستى ئەم کەڵە
ژنە بێوێنەیە بدەمەوە کە شایانى پیاهەڵدان و ستایشە و ئەم رۆژگارەش
هێندە رەزاقوورس و قێزەون و سپڵەیە ، ژیان هێندە دژوار و بێهەدادانە ،
کەس بیر لە کەس ناکاتەوە و ، کەسێک نییە ئاوڕێکى برایانە و دڵسۆزانە لە
کەسێکى دیکە بداتەوە .. ئێستا دیاردەیەک بەرکەماڵ و باوە ، فێربووین
نامەى یەکتر بە سەرە ونخوونى دەخوێنینەوە یان هەتا نووسەرێک نەمرێت و
نەبێت بە کۆچکردوو یان خوالێخۆشبوو کەس نامەیەک یان وتارێکى
کەللەتەزێنى لەسەر نانووسێت !
وتنى راستى و هەقبێژى سەبارەت هەر کەسێک یان دیاردەیەک یان هەڵوێستێک ،
بەستایشکردن و پیاهەڵدان لە قەڵەم نادرێت ، بەتایبەت لەم رەوش و دۆخەى
مندا کە لە نزیکەوە بۆتەنها جارێکیش بەخزمەتى ئەم خاتوونە هێژایە
نەگەیشتووم و بەڕێزیشیان من ناناسێت (مەگەر لە رێگەی نووسینەوە !)
هەتاکو تەکلیف لەبەندە بکات دوو سەرە قەڵەم بۆ مەبەستى پیاهەڵدان و
ستایشکردنى بنووسم ... یان ئەم خانمە بەڕێزە پلە و پایە و کورسی
دەسەڵاتى گرتبێتە دەست و منى بەندە و هەژاریش بۆ مەبەستى وەدەستهێنانى
دەفتەر و بلۆکە دۆلار ، سێ لاپەڕەى لەسەر بنووسم و خۆم لە دەسەڵاتیش
نزیک بکەمەوە .! دیارە خۆشبەختانە هیچ کام لەو هۆکار و بەرژەوەندییانە
لەئارادانییە و ئەم نووسینە تەنها سەرسام بوونى بەندەیە بە هەڵوێست و
نوسینەکانى دادە ئەحلام و وتنى راستى و هەقبێژییە لە زەمەنێکدا کە بۆرە
پیاوان دیارن و بەڕێوەبەر و سەردارمانن و کەسانى بەهەڵوێست و بوێریش لە
بن ساپیتە و لە هەیوانى ماڵە هەژارەکاندا بێنەواو بێکەس دەژین ..ئەمڕۆ
مرۆڤى نەفس بەرز لە ژیان و لە نیشتیمان و لەمێژووى خۆى و نەتەوەکەى
تۆراوە ژونکە دەبینێ بۆرەپیاو و ناکەسبەچە وەکو پادشا لە ژینى
هایلایڤدا دەژین و شەق لە چەورى و دۆلار و نانى ڕووت هەڵدەدەن .. شەق
لە بڕوا و زانست و مەعریفە و شکۆمەندى و زێد دەدەن و خاوەنى هەموو
شتێکن ..مرۆڤى مەزن و گەورەش خاوەنى بستێک زەوى نین ... بۆیە بێگومان و
بێ دڕدۆنگم لەوەى کە ئەم نووسینە هاکەزایی و خاکەڕایە بچێتە خانەى
ستایش و پیاهەڵدانەوە ...!
(2)
زۆر گرنگە ئێمەش وەکو فەڕەنسییەکان خاوەنى ژان دارک بین ، یان وەکو
میسرییە هاوچەرخەکان خاوەنى دکتۆرە نەوال سەعداوى بین ، وەکو فارسەکان
خاوەنى فەروخى فەرخزادبین ، وەکو رووسەکان خاوەنى ئانا ئاخماتۆفابین ،
وەکو جیهان خاوەنى سیمۆن دى بۆڤوار و رۆزا لۆکسمبۆرگ و ئەنجێلا دیفیس
بین ! ئەوانە ژنى تێکۆشەر و روناکبیر و خاوەن هەڵوێست بوون ، لەگەڵ
پیاودا پیاو بوون و لەگەڵ ژندا ، رێبەر و پێشەنگى ژنان بوون .. یەکەمین
هەنگا و بۆچوونە پێش و بۆ ئازادبوون و بۆ
وەدەستهێنانى مافەکانى ژنان ... شکاندنى تەلیسمى ژەنگاوى و دژوارى داب
و نەریتى کۆمەڵایەتیین- سوونەتییە ، هەڵگەڕانەوە و یاخیبوونە
لەکۆمەڵگاى نێرسالاریی – دواکەوتوو ، رچە شکاندنى عورف و نۆرمى زاڵى
تاقەت پڕووکێنە ، کەعەقڵییەتێکى دەرەبەگى –کۆنەخوازى چەقبەستوو
لەپشتییەوە رەق راوەستاوە ..!!
ئازادى چۆن دێتە بەرهەم کەهەمیشە ملکەچ و زەلیل و بێدەنگ و زیندانیی
نێو قەفەسی ژوورەوە و ماڵێک بین کە پیاوى سمێڵ بابڕى دار بەدەستى زاڵم
و جاهیل خاوەنى کلیل و قفڵەکەى بێت !!
ئەگەر ژنى کورد وەکو دادە ئەحلام مەنسوور ئازا
و ئازاد بێت ، بوێر و دژەباو نەبێت ، رچەشکێن و یاخى نەبێت لەچنگى
دڕکاوى و زبرى ژنکوژان و ژن سووتێنەران و دڕندە و هووڤى .. ئەگەر ئێمە
سەدان و هەزاران ئەحلام مەنسوورمان نەبێت ، کە رەخنە لەپیاو و کار و
کردەوەى پیاوى جاهیل و کاڵفام دەگرێت .. کە لەم رۆژگارە قێزەونەدا
ئەنتى و دژى دەسەڵاتێکە کە کونج و کەلەبەرى دونیا
و قیامەتى پڕ کردووە لەگەندەڵى و لە درۆ و لەمردن و لەنەخۆشى دەروونى و
ئەخلاقى .!
دادە ئەحلام بەتاقى تەنیا ئەنتى دەسەڵاتێکى زل و زەبەلاحە .. دژەباوە و
بەرژەوەندى خەڵکى زۆرینە و هەژارى کوردستان لەبەرچاو دەگرێت ، کوشتەى
پارە و ڤێلا و مۆنیکاى جام ڕەش نییە ،
ناتوانێت خیانەت لەبیر و هزرى لیبراڵ و ئازادانەى خۆى بکات و ببێت
بەکۆیلەى دینار و دۆلار .. عیزەتى نەفسى زۆر بەرزە و وەکو حەللاج (هەق)
دەبێژێت .. ناتوانێت ناڕاستى و درۆ و ناشرینى و نادادوەرى کۆمەڵایەتى و
نایەکسانى و ناتەبایى قبوڵ بکات .. ناتوانێت بەگەندەڵ بڵێت ئافەرین و
دەستخۆش و ناتوانێت چاوداخات و مس بخاتە گوێى خۆى و قوڕوقەپى لێ بکات ،
وەکو چۆن سەدان نوسەرى پیاو وەکو نەعامە ، مل و سەرى خۆیان لە ئاست
گەندەڵى و دزى و تاڵانى و بێ خزمەتگوزاریدا خستۆتە ژێر گڵەوە و سبەینان
لەپشتى مێزى هایلایڤ و سپلیتى دوا مۆدیل و نیوەڕوان لەنێو مۆنیکاى جام
ڕەشەوە تەماشاى زۆرینەى هەناسەسارد دەکەن و ئێوارانیش ، ویسکى و
شەمپانیا هەڵدەدەن و شەوانیش ، سەماو لەرەى مەمک و سمتى سپى لەشفرۆشان
، کوردستانە هەتیوەکەیان بیردەباتەوە ! ئەحلام مەنسوور ، وەکو لەیلا
زاناى مەزن خاوەنى ویژدانێکى پاکى مرۆڤانەیە .. هەست و سۆزى زۆر ناسکە
و هەتاکو سەر ئێسقان بەزەیى و میهرى دایکانەى تێدایە و کانیلەیەکە ،
زۆر بەهێمنى بەسەرماندا دەڕژێ و حەنان و میهربانیمان لەم زەمەنە
شوومەدا پێدە بەخشێ کە تەنها داریوش لەگۆرانى ( ساڵى 2000 )دا
توانیووییەتى بیچڕێت ..!
(3)
دادە ئەحلامى زۆر بەڕێز ، هەڵوێستى تۆ سنوور بەزێن و رچەشکێنە
و لە هەڵوێستى پیاوى کورد بوێرتر و ئازادتر و ئازاتریت .. هەڵوێستى تۆ
لە هەڵوێستى یلا زانا دەچێت ، بۆیە مرۆڤێکى زۆر بەرزیت .. چونکە رێز لە
نووسین و قەڵەم و مرۆڤ و هەڵوێستى مرۆڤانە دەگریت ....!!
بڕوات بێت ئەگەر دەوڵەمەندبوومایە ، مەدالیاى زێڕینم پێدەبەخشیت !!
تکایە بەردەوام بەو لەسەر ئەو رێبازە مەزنەت لانەدەیت .. تۆ لە بەرەى
میللەتدابە ، لە نموونەى تۆ زۆر کەمە و دانسقەیە ... بڕوام بە هەڵوێستى
زۆرێک لە نووسەرانى نیشتمانەکەم نەماوە ... چونکە زۆربەیان چەندان
مووچە وەردەگرن و چەندان شوناس و پێناسی حیزبی و گروپ و دەزگا
و رێکخراوى پابەند و پەیوەست بە دەسەڵاتیان لەگیرفاندایە .. لەولاشەوە
کادێر و نوسەرانێک و هونەرمەندانێکى بێشوومار لە هەندەرانەوە دێنەوە و
خۆیان بەرە و باوەشی دەسەڵاتى کوردى راپێچ دەکەن و بێ هەڵوێستن ، بۆیە
تۆ لە زۆرینەى پیاوى ئەم نیشتمانە ئازادتر و ئازاتر و رچەشکێنتر و
مرۆڤدۆستتریت و رێز و نەوازشت بۆ قەڵەمەکەت ... سڵاوى گەرمى پڕ لەرێز و
حورمەتى برایانەم بۆ کەسێتى سەرکەوتووتان .سڵاوى گەرمت ئاراستەبێت ...
دادە ئەحلام مەنسوورى بەڕێز ...!
24.10.2008
hemea.rasoeL961@yahoo.com
|