په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٩

نامەکانی ئیشق، ھەموو بەیانییەک.

سەردار رەزا       

 

١٣- لە گەڵ کازیوەی سپێدەدا قەڵەم لە وەسفی ژیری و جوانیتا لە خەرەندە نایەتەگۆ و نڤیساندن، مەملەکەتی وشە و ڕستە و نووسین لە ئاست ئەو خەسڵەتانەتا ھەگبە بەتاڵ و شەرمندەیە، ھەروەک چۆن بیرکردنەوەکان ناگەنە قولەپێی تێفکرین وگوڵ بە جوانیت ناگا و دەژاکێ و سیس دەبێتەوە، ھیلالی بەدری یەکشەوەیش نە تیژی باڵەکانی بە تیژی بیرت دەگا نە لە ھەڵھاتنەوە تا ئاوابوون بە سەمای تیشک و تریفەیەوە بە جوانی برۆکانت ناگاو لە شەرم و خەجاڵەتیدا خۆ لە چاوی مرۆڤان و ون دەکا و ئاوا دەبێ، بەیانییەک بۆنی ژنێتی سەردەمت گرتووە، بۆنێک بە داڵان و ژوورا پرژێن بۆنت کردووە، ڕەتگاڵیی پەلکەزێڕینەی پاش بارانی خۆریشت ناگاتێ، ڕەنگاڵەیی حەوت تەبەق خۆ ئاوێتە دەبن و ھەر پێت ناگەن، ئەم بەیانییە ئیشقت گەرمتر لە ڕۆژان دنە دەدا ناخ پاک دەکاتەوە روح بە فریشتەیی ، ئەم بەیانییەک ژەمێک لە جوانی و میھرەبانیت بۆتە نەخشی ڕۆژبوونەوەی نوێ ، لە گوڵ گوڵتر دەرکەوتووی.

١٤- ئەم بەیانیەت لە وەنەوشە جوانتر و لە گوڵەباغ بۆندارترلە باران تەڕ تر و لە شنەی سپێدان فێنکتر، جەژن و ڕۆژت پیرۆز، پیرۆزیی نەخشێک بێ تەنھا بە باڵای ژیری تۆیا بدوورێت، ڕۆژێک لە ڕۆژانی دی ناچێ، پەلکەزێڕینە لە تەک ھەور و نمەبارانا ھەڵپەڕکێی ڕۆژی بۆ ژن دابەستووە، مانگ خەرمانەی کردۆتە بازنەبەندی پاراستنی ژن، ئاواز و دەنگی بە سۆز و خرمژن و ئۆغژنی دڵشادیت پیرۆز، ھاوژین و ئزیزی سەفەری تەمەنم یاقووتەکەی سەر دڵ دڵنیام کێوە سەختەکان دەبڕی و گاشە بەردەکانی سەر ڕێی ژیان دەھاڕی ، ھەوراز و نشێوەکان تەخت دەکەی، خەرەندی تەمەن دەبەزێنی، ژنێکی بڕوا بە خۆ بوونت لە ھەموو ژنێ لا پیرۆز و بەھێزترە، ژنێک لە بیر و زانست کامڵ ، ژنێک سەرچاوەی ئیلھامی پێشخستنی کۆمەڵ، تۆ ئەو چراتۆڕەی دەروازەی نەھامەتی و دواکەوتوویی و نەزانین ڕۆشن دەکەیتەوە، تۆ ئاوەزێکی ھاوچەرخی بۆ کۆمەڵی کوردی، ژنێکی مانی چەمینەوە نازانی و ھەر بەرەو دوند و ترۆپک ھەڵدەزنێی، ھەنگاوەکانت لە دامێنی عەقڵانیەتەوە ھەڵدەنێی، ئاااای چەند بە تاسووقی پێشکەوتنی کورد و تووڕدانی کەڵچەری نامۆی لای نەتەوەکەت، بەیانیت ھەر باش و جوان بێ, ئەزیزەکەی ھەمێشە ڕۆشنە ڕێم شەوێ سەرقاڵی ئەم نووسینە بووم و سەردل گرتن زێتر ئیشقی لە ناخما داچۆڕاند و بە سەر ڕێی تەمەنمانا تکا، ھەر دەڵێم تۆ ئەو ژنەی بێوێنەی.


١٥- بەیانییە و سڵاوێ لە دڵێکی پڕ خۆشەویستی و ئیشقداری بێگەردەوە بە قامەتی نیگاکانتا ھەڵدێ، ھەر دە پەنجەکەم بە واڵایی و لەرزۆکییەوە لە سەر ستوونی باڵەکانم خۆیان ڕاگرتووە و بە کەفوکولی ناخی مەینەتییەوە رووە و ئەو ئاسمانە شینە جوانەی بە مانەند تەوزیفی کردووە و لێی دەپاڕێتەوە، لە حەژمەتا کڕنووش دەبا تا چاکبوونەوەت بە باڵا بدوورێ ، لە دوور ڕا ھەر ھێندەم لە دەس دێ تاکە ڕێی بەر پەناداری بێدەسەڵاتیمە ، ئەم بەیانییە لە پڕ ڕەوی تاقەت و ھێزداریت مرۆیەکی سست و ڕزیلی بەردرگای ئیشقتم تۆیش لە عەوداڵ و سۆراغی بیمارستان و پزیشکێکی لای دۆراندۆرت بە، نەبا جگە لە پەتا سەرما دەردە ئیشقیش ڕەواجی خۆی باراند بێت، بەیانیت جوان و پڕ ساغلەمی ئازای بەدەنت بێ ئێش و ئازار ، دولبەرەکەم لە گوڵ گوڵتر.

١٦- ئەم حەزەی من ھەر نەبڕایەوە، ئەم دڵەی من ھێندەی ناسۆری و دووری تۆی چەشتووە قەتماغەی بریتی ھیچ ھەتوانێ سارێژی ناکا، گۆشەگیربوونم لە تەک ئاوابوونی خۆرا دەسلەمی خەم نایەوە، ئاسۆی روون بە نیگای رووخسارت سینە و ئەوکی ڕەشم ئۆغری تونی بابای کرد، گۆرانیەکەی ئەمەلی سەعید کوردەت ھێندەی تر شیرینتر و بە تەشویقتر کرد، شۆڕشت بە گوێی گەنجا چرپاند، ئاوێنەی ئاکارەکانت ڕەنگاڵە و پڕ حەسرەتی دەروێشبوونی خوڵقداری یەکتر کرد، بە ژێی کەنجەکەت تالییەکانت بە بەستەی بەزمی چەپڵەکرد، تۆ ئەو ژنەی غوباری رۆژگار و بولێڵی سبەینان پەییت پێ نابات، دەبییە شەونم و گوڵ پاک دەکەیەوە، دەروونی جوانت بۆنێکی شانێلن و بە بەیانا پەخش دەبن ، گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر.


١٧- کەی وەرزی بەیانیان لە شەرما ئاسۆی خۆی لە ئاست تۆیا روونکردووە خۆری لە بانێژەی زەوی سەرەتاتکێی کردووە، کەی خونچە جورئەتی کردووە لە ھەمبەر تیشکی ڕووتا چرۆ بکا، کەی گەڵا جەسارەتی نواندووە و لە خەزانا سەما بکا کە سەمای تۆ عەرشێ بلەرزێنێ، کەنگێ چنار وەک تۆ بە دەم شنەباوە جوانی لەنجەی تۆی نمایشکردووە، تۆ نەک ژنێکی لە مرۆ تۆ دنیایەک سروشتی دلرفێنی، بۆیە بەیانیانم بە تۆوە جوان دەکەم، شیلانەکەم گەر سڵاوی دەم سپێدەم بە شەماڵا ڕەوان بکەم، ئەوا گومانێک لە ئەوین و ئیشقی پەیدا دەکا، گەرەکمە ھەموو بەیانییەک روحی مرۆڤبوونمان بگۆڕینەوە لە ئامێزا قەڵاچۆی رک و کینە بکەین، لە دەنگمانا بەستەیەک بۆ خۆشەویستنی یەک بچڕین، نامەوێ دەنگێکی سڕک بین ، گەرکمە ھەست و نەستێک بین لە شەققەی باڵی پاسارییەک ڕاچڵەکێین و ھەناسە ببەخشینە یەک، ژنە جوانەکەم بەیانیت ھەنگوینتر و لە گوڵ گوڵتر.

١٨-  بیرت دەکەم ..... پەنجە خەپەکانت لە نێو ئەڵقەبەندی پەنجەکانم بلاولاوێنە، تۆ ژنێکی لە فریشتەی پاکی و جوانی و ئەوین و ئیشق و سروشتێکی ڕەنگین، تەمەنێک شەیدایی و ھۆگری خۆی بۆت دەنوسێتەوە، لێوڕێژم لە ئیشقی پاکیت، بە خەمزەی چاوەکانت دەستنوێژی پاکبوونەوە دەگرم، زنەی خەندەی لێوەکانت کابەی ئەوینمە بە بەرماڵی قریوەتا ھەڵدەزنێم و بۆنی چاو و گەردن و شەدەلاریت بەدەم شنەی مەیلەوە دەدەم، ئەم تریسکەی لەبی شیرینتە سەدای لە شیو و دۆڵ و چیای ناخما دەزرنگێتەوە، دەنگە بەمیلۆدییەکەت چرکەی میلژمێرەکە ڕادەگرێ تا ھیشکە لێوی بیستم بە ماچی ئاوازەکانت تەڕ دەبنەوە، ئەوینم ئەم سپێدە وەک قومرییە سەر باڵ شینەکەی حەسەن زیرەک بە سەر تەنافی نیگاکانتا شۆڕ بۆتەوە، خەون بە دیدارتەوە دەبینم، شەکەر باری سۆمات نەبات دەبارێنێ و تۆ دەپشکویت و خەرەندێ جوان دەکەی، سڵاو...... بەیانیت بە کڕنووشی منەوە قەشەنگ و بە دەنگی حەسرەتمەوە ڕۆشن، بەیانیت ڕەیحانە و بۆنی من، گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر.

١٩- ئەم سپێدە .... لە نێو ھەنگوینی وشەکانما ڕاکشاوی، بووی بە دێر بە دێری نوسینەکانم و دێی بە سەختەن و کووڕەنی ئالوودەبوونما ھەڵزنای، پەیوەستبوونی ھەموو بەیانییەکم ھەڵواسینمە بە پەتی سێدارەی تۆزی پێتا، چرپەکانت تووڕم دەدەنە ھێلانەی باڵدارە ئەویندارەکان، خورپەی دڵم ژانەکانی سیەینێم ھەڵدەوەرێنێ، چرۆ و خونچەی نوێ دەگری دەبیتە باغێک پڕپڕ لە بۆن، ژوانێک دادێنی بۆ خۆیشمان بێ ئاگا لە سات و شوێنەکەی، ھێندە نەبێ ھەر سەرەتاتکێی ڕۆیشتن و مالئاوایی تەمەن دەکەین، کاتە کورتەکانی دابڕان دەبێتە ساڵ و ھەر نابڕێتەوە، لێ تۆیش لە نێو لانکەی دوو کەڵی جگەرەتا ڕامژێنە با نەکەومە سەر خاک و گێژەڵوکەی ناھومێدی لوشم نەدا و لە کۆیلە بوونی تۆیا بخولێمەوە، تا ھەناسەم ھەبێ پیرە ڕێبوارەکەی سەرە ڕێی ژینتم، خەونەکانم لە دوو توێی پرچەکانتا حەشار بدە، با بە سەر سینەتا شۆڕ بێتەوەنەبا شنەی بەیان بە کزەی خۆی بیڕچێنێ، ئەمجارەیان بێ توێشەبەرەی پەنجەکانم دێ، ئەم بەیانییەت پڕ لە ھەناسەم، گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر...

٢٠- ئەم بەیانییە ھەولێر بۆنی تۆی گرتووە، روحت بە ئیسکانەوە لکاوە و چاوە خومارییەکانت بە نێو ئەپارتمانەکانی زەکەریایا پیاسە دەکەن، سۆزێکی فرزندەیی پڕ دڵت لێ دەچۆڕێ کەچی ئەو دڵەت لە خیابانی ئیگەنۆڵفی فریکھۆڤنا جێماوە، ئازارە سەختەکانم کپ دەکاتەوە و ئەو ھەتوانەیە حەکیم وەک دەوای چارەسەر بۆی نوسیومە تەنھا دڵت شیفای دڵم دەدا، ئەم سپێدە بە ھەموو لرفەکانی تاڤگەییتەوەبە تەواوی پڕ خەیاڵتەوە، وەک جوانترین شۆخێ دەردەکەویکە وێنە و شێوەیەکی وەک تۆ نییە ، ئەو سیما و ڕووخسارەت زەنگیانە یاقوتییەکانی پڕ بریسکە کردووە، لە جریوەی ئەستێرەی شەوی دەیجور بە زریوەتر و بریسکەترن، بشێ پەلکە زێڕینە ئیرەییت پێ نەبا، گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر...

٢١- سپێدەیەکی سارد سارد، کزەی با ڕاموسانی ڕچینمان لە ئامێزی خۆی دەنێ باوەشێنی باوەشێنی حووتبوونمان دەکا، دێیت و تەمە سپییە تەزیوەکانی ئەو دیو بەستەڵەکی پەنجەرەکەمدەتارێنی، وەک درەختەکانی پاییز گەرەکتە ھەموو گەڵاکانی جەستەت ھەڵوەرێنی و بە دەم تاریکستانی خۆرەوە مەحووی بکەیتەوە، دڵم گەرمتر شانە بکەیتا ئالوودەتر و سوتاوت بێ، غوبارت لە خۆ تەکاندووە و بە جوانی و ڕەونەقی ئاونگەوە دەرکەوتووی، لە تەک شەرابی غوربەتیمان کوانووی گێلاسێکم بۆ دادەخەی، سەما بەدەم کڵاوڕۆژنەی نەیەوە دەکەی، ژوان دەخولقێنی، ئیشق گەورە دەکەی و بست بست بۆ زنەی ئەوین لە دارە دارە دەکەوێ و پێ دەگرێ، چریکەی حەیرانت باھۆزێ کپ دەکاتەوە، چاوەکانت دەبنە خۆری دەمکەلی گزنگی بولێڵی، ئاسمانی تەمەنم بە تیشکی تریفەتەوە شەوق دەدا و پەلکە پەشمەکینەییت بە نێو ھەرد و دۆڵ و نشێو و خەرەندی دڵسوتاویم پەخش دەکەی، جوانیت دەبێتە سەمفۆنیا و نەشمیل نەشمیل دەبییەوە ئەو ئاوازەی ئەو شازادەی لە ئەندێشەکانما نەخشەی تابلۆ بوونتم تیای دا کێشا بوو، با ئەم بەیانییەدەربکەوی کە لە گوڵ گوڵتری...

 


٥-١٦\٣\٢٠١٩ - ئەڵمانیا
sardarjaff44@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک