٢٠\٣\٢٠١٩
نامەکانی ئیشق،
ھەموو بەیانییەک.

سەردار رەزا
٢- ھەموو بەیانییەک ئینجانەیەک خەونی پەمەیی بە دیاری لە گەڵ دەستی
خۆما دێنم، شەن و کەوی خەونم بە، چەپک چەپک ھیواکانمان باڵا پێ بکە،
بەری ڕەنج و ماندوێتی ئیشق بدوورینەوە، ھەموو بەیانییەک دەبمە شوانێکی
بێ دەرەتانی گوندێکی نیشتیمان تا پەنجەکانی شەنگەبێریم بۆ مەڕ دۆشینێ
سەرە ڕێی نیوەڕوانی ئیشقم لێ بگری، لێوەکانم تەتەڵە بکەن ببنە پریاسکەی
شەونم و بە سەر کوڵمە توندەکانتا داچۆڕێن، چەشنی گەڵا و پەڕی گوڵەکانی
سپێدان تەڕ تەڕ و بۆندار بن.
ھەموو بەیانییەک ژنێک لە خەوی غەفڵەتیم وەئاگا دێنێتەوە، ھێندەیش لێم
دوورە ماچەکانی بە غیابیش ناگەنە رۆخی دەریای ھیشکەوە بووی لێوەکانم ،
لە تەک بوخچەیەک خۆرا سەما بۆ تیشکی چاوەکانی دەکەم ، ئەو دەمانە گوڵیش
ھەڵپەڕکێ دادەبەستێ درەختیش چەپڵە دەژەنێ، ئەزیش گوێ گری ئاواز و دەنگە
بەسۆزەکەی سبەینان و شەوان و گشت ساتێکی دەبم.
بەیانیت خەرمانێ جوانی گوڵەکەم، لە گوڵ گوڵتر.
٣- لە سەر ژێی میلۆدی دڵما ئەم بەیانیە ژنێک لە باڵی فریشتە ، شۆخێ
جوانتر لە گوڵ بە سەر لقی نیگاکانمەوە ڕۆنیشتووە و دەنگی بە سۆزیم بۆ
دەکاتە گۆرانی بۆ دوو سبەی تا بە ھەستەکانمی بفرۆشێتەوە، دەرای جوان و
ڕنگ شینی بۆ ھەستەکانم ھەڵخستووە، گوڵەباغ ملی بۆ کەچ دەکا و ئاونگ
بریسکەی بۆ ڕادەگرێ، بەیانیەکە تەنھا دەنگی ئەو ژنە شۆخە جوانی کردووە،
دەرگاکەت بکەوە با تێَر تێر بۆنی ھەناسەی ماڵەکەت بکەم، رۆحم لە ئۆغری
شارە پڕ بەفرینەکەت بێ و لە سەر بالکۆنی داڵەنەکەتا ڕۆ بنیشێ و گۆرانی
دەردی ئیشقت بۆ بچڕێ و بە چرپەیەک بڵێ ......
شەو خەوم نایە لە بەر خێڵی خەیاڵی خاوی تۆ
تا سەحەر مەستم بە یادی جووتێ لیمۆی کاڵی تۆ
بە یانیت جوان گوڵەکەم ، لە گوڵ گوڵتر .....
١٨\٢\٢٠١٩
- ئەڵمانیا
sardarjaff44@yahoo.com
|