٢٦\٣\٢٠١٩
نامەکانی ئیشق،
ھەموو بەیانییەک.

سەردار رەزا
٤- بەیانییە و لە ژوورێکی سیغناخی نامۆیی نوێدا ژێی میلۆدی نیشتیمانم
زەنگی بیرکردنەوەی ساتە شیرینەکانی تۆم بۆ لێ دەدا، ئەو ساتەی ھەنگوینی
وەلا دەنا و بۆ خۆی شیرینترین شێوە دەردەکەوتن، خۆر لەم وڵاتە یەخسیری
تاریکە سەڵایە ھەنگوین ساتیمان رۆمانسی تر دەنوێنێ، تۆ خۆر و ڕۆشناییە
ھەمیشە بە شەوقەکەی پایتەختی شەختەی ، پایتەخت بە لەنجەکانی تۆوە خۆی
با دەدا و جوانی دەنوێنێ، بە خەندە و قریوەکانتەوە ڕشبەڵەک دادەبەستێ و
کۆنسێرتەکانی بە جۆش و خرۆشتر دەکا، بە سەماکانتەوە گۆرانی دەچڕێ، بێ
بوونی تۆ ، پایتەختی بەفر کاوڵاشێکە لە رۆمانەکەی عەبدوڵلا سەڕاج دەچێ،
دڵم بۆتە وڵاتێک و تەنھا جێی باڵا و نیگاکانتی تێ دەبێتەوە، چۆن
ئینجانە بێ گوڵ کەرەستەیەکی ڕق و تەقی بێ مانایە، ناخی من و
پایتەختەکەی تۆ ھەمان ئەرزشی ھەیە گوڵەکەم، نەک چرا تۆ گزنگی ھەموو
ڕۆژێکی منی، لەگول گوڵتر ھەر تۆی خانمەکەم .
٥- ئەم بەیانییە ھێشتان خۆر دەستی لە ملی ماچی ڕۆشنایی نەکردووە،
ھەنگاوەکانم خۆیان خێران و من پێموایە سست و خاون و ناجوڵێن، ڤینۆسەکەم
تۆ دەزانی من شەڵتانی ئیشقت بوویم و شیلەی ترۆپکم لێ دەچۆڕێ ،
ھۆکارگەلێ لە تەک ھەنگاوەکانم خاون خاو، نازانم من پەلەمە یا ئەوان
ناڕۆن، ، دیقەتی سروشت دەدەم خۆی لە تەدارەک داوەو ڕازاوەتەوە ئیدی لام
سەیرە نازانم من جوانی دەبینم یا بۆ من و تۆ خۆی لە باڵایی دوندی جوانی
ناوە، ئەم سپێدە ڕۆژێکە لەو ڕۆژانەی بە ئاوی زێڕ دەینووسینەوە، ڕۆژێکە
خەرمانی گوڵ ھەڵدراوە و تۆ لە تێکرای جوانتری، ڕۆژێکە ھەردووکمان
نازانین چۆن ناخی پڕ ئاە و کرووزانەوەمان بۆ یەکدی دەربڕین، ڕۆژێکە خەو
تارە لێمان، بولێڵی سبەینان بە شەبەقی نەورۆزی دەبینین، مەیلمان لێیە
گۆرانی سوتان بۆ یەک بڵێین، حەز دەکەین تێرتێر یەک لە باوەش بگرین، بشێ
کەی ئەو ئامێزەمان بە سینگی یەکتر تینوێتی یەک بشکێنن و گەرم بنەوە،
دەزانم دڵم بێ تۆ ناسرەوێ دەزانی بۆ ....؟ چونکە ناخ و رووخسارت پاک و
جوانن، لە گوڵ گوڵترن.
٦- بەیانییەک گوڵەکان یەکدی دەدوێنن، باغەوان لە سۆراغی گولەباغێکی
بۆنداردا ، حەزی منیش عەوداڵی گوڵە شلێرێ لە شلێری پێنجوین جوانتر و
سروشتتر و فێنکتر و ناسکتر و ڕەونەقتر، وەلێ ھەموو ئەو جوانیانە ناگەنە
بستێک لە باڵای شۆڕە بێیەکەی گوێ چەمی ئەوینم، ئەو شۆڕە ژنەی مێخەکی
ناگاتێ، بەیانییەک تەمی کزەی جەرگم بڕوێنێتەوە خۆری جوانی سەرەتاتکێی
ڕێی کانی و نێو ڕەزان بۆ یەک بڵێینەوە، پەخش بین بە سەر جیھانا کیژان و
کوڕان کورد بەر لەوانی دی لە بەرۆکی ڕێی ئەوینی خۆیانمان بدەن، لە
بەیانییەکدا سەدام نەی بێ، قالەمەڕە بە شمشاڵی بلورینی ئاوازی ژیانێکی
دەسلەملانێمان و بە پەنجەکانی بۆ بکاتە گۆرانی، لە نێو سروشت و چەم و
دۆڵی ڕاوگان و گۆخڵانا سەدا بداتەوە، دڵان بە کامی خۆیان ئاسوودە بن،
ژیان بە نوێبوونەوە ختوکە بدرێ ، چاوەکان بە ڕوونی ڕوو لە ئاسۆ بن،
ئیشقی ئێمەیش جوانتر لە جاران لە قەڵبەزەی تاڤگەی خۆیدا بێ گوڵەکەم لە
گوڵ گوڵتر.
٧- نازانم ئەم بەیانییە لە میلۆدیم یا میوانخانەی بابان، لێوانلێو پڕم
لە قاوە ، تاڵی قۆرخی کردووم، لێوە ھەنگوینییەکانی سێبووریت نەباتیم
دەداتێ و تاڵی مەحوو دەکاتەوە، ئەو ئیشقە لە دوندی ژیلوانەوە بۆ چاڵەوا
و دۆڵی جافایەتی شۆڕ دەبێتەوە رووەو باکوور ملی ھەنجیرە دەگرێ تا لە
دەم زێی دوکان دڵی بە کوڵ و سوتاومان فێنک دابێنێ، دڵێک بۆ خەمی یەک
نەبێ ژیانی لێتەحریمە وەک مارە بڕینی خوشک و برا، راستە بەیانییەکی
غوباراوی دوای تۆ ھەڵدەگیرسێ و ئافاتێک دەنێتەوە و منی سەرەڕۆ خۆمی
دەدەمە بەر و تا توونی بابام بەرێ، ھەر کات ئومێدی ھاتنەوەت نەبوو،
ئەوە بەخت و چارەمە، دەنا تۆ ھەر لای من باڵا دەکەی باڵا گوڵەکەم ، لە
گوڵ گوڵتر .
٢١ - ٢٧\٢\٢٠١٩
- ئەڵمانیا
sardarjaff44@yahoo.com
|