په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٩

نامەکانی ئیشق، ھەموو بەیانییەک.

سەردار رەزا       


٨- کازیوەیەک بێ بیرکردنەوەی ژوانی نوسین مانا و چەمکەکانی خۆی دەسوتێنێ، گزنگێ بە بێ ئەندێشەکردنی ڕۆژانی ڕابردوو..... تەمەن ڕووە و کزبوونەوە دەبا، بەیانیانێ بێ تێفکرینە ھەستە جوانەکانت مۆتەکەیەک بینەقاقای ھەناسەم دەتەنێ، چۆن ساتەکانم بە ئازاری دووری تۆوە دەبەمە سەر ھەر ئاوایش مەحاڵە و ناکرێ پەنجەکانم یادەکانی پێکەوەییمان نەنوسێتەوە، ئەگەر بێت و ڕوحم بە سەر شاباڵی پایتەختدا نەفڕێ و لە گوێسەبانەی کولیتەکەت لە شەققەی باڵ نەدا، ئەوا ھەموو بەیانییەک روحم دەگری ژیر نابێتەوە، وەڵامی تۆ ئەسرینەکانی دەسڕێتەوە، ھەموو سپێدەیەک بینایی دیدەم لێڵە تا ئەو دەمەی حەرفەکانت دەردەکەون، گشت سپێدەیەک دونیام بە سەردا دەتەپێ جیکەی زەنگی نامەکەت دەبنە شەبەقی تروسکایی و لە تەمەنی نوێما ھەڵ دێ ، باغچەکەم بە تۆ پڕ گوڵ دەبێتەوە، گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر.


٩- بەیانییە و مەیلی دیتنی چاوەکانت ناخی ھەژاندووم، پەنای پێ بردوومەتە بەر ئاوازی بەستەی مەستبوونی ئەوین، وشکە سۆفی نیم تا گلەو گازندەم بێتە سەر، ئەشق خۆرێکی بێ ئەندازەی ئەوینی تۆم، سینگم قاژقاژی شەقار بوونی گرتووە، مەحاڵە ھەتوانێ ھەبێ سارێژی بکا جگە لە بزە و خەندەیەکی لێوە ناسک و پڕ تریفەکەی تۆ نەبێ، دەروێشی ناختم لە تەکیەی سەر سینەت زیکر و تەھلیلەی سۆزمە بۆ باڵات، لە بەر دەرگای بسکتا ھەموو سپێدەیەک تەسبیحاتی مەیل بوونم دەکەم، دەپێم بڵێ حەیرانت بم ، خالقی کردگار چەند ڕۆژ و مانگ و ساڵ بە دیار ھاوێربوونی نەخشی جوانیتەوە مفت و دەستەمۆ ببوو تا بێ ڕتووش ببیتە جوانێک لە گوڵ گوڵتر بی.


١٠- لە تەک خۆر پێکەوە ئەم بەیانییە باڵای جوانترین ژن ماچ دەکەین، ژنێک لە ترۆپکی چیا بڵندتر، لە ئێڤرێست سەختتر لە بەفرەکەی سپیی تر، لە شەونمی دەم کازیوەیەکی گزنگ تەڕتەڕ تر، بەر لەشەبەقی رۆژ روونتر و پاکتر ، ژنێک سەدای بە سۆزی دەنگی میلۆدی لە بولبول خۆشخوانتر، قسەکانی خۆش مەشرەب و دییەکانی پڕ غەمزەی سیحراوی ئیشق، ژنێک جوانتر لە مانگ و ئەستێرە و گوڵ، پرچی خاوتر لە ئاوریشمین، باڵای زەنگی وریابوون و دووراو بە باڵام، ژنێک لەش و لارێکی نەرمتر لە لۆکە، ژنێک پڕ ھەیبەتی ژنێتی، ژنێک پڕ لە زیکر و تەھلیلەی تەکیە و خانەقای شێخان و لێوانلێو لە وەسفی حەیرانی ھەولێریان و ھۆرەی جافی و ئاوازی کوردی، ژنێک بە ناوی کرۆکی ژنانەوە ئیلھام بەخشی نووسین، ژنێک ئاڵ و واڵاتر لە گوڵ و ھەر خۆی لە گوڵ گوڵتر.


١١- بەیانییە و پەنجەکانی بە نێو چیمەنی سینگما پیاسەی لە گەڕانی رۆمانسیەتا نغرۆ بووە و بۆنی سینگی توکنیم دەکا، بەیانییە و باڵا لاولاوی خۆی لە قەد قامەتما رۆنیشاندووە و باڵای شیر ڕەنگی لە لەشی گەنم ڕەنگیم دەسوێ و لێوەکانی پرتەقاڵی دەکەنەوە، ئەم بەیانییە بە حەسرەتەوە لەو سەری جەمسەری ھەناسەمەوە دەگەڕێتەوە، بەدەم ئەو خەیاڵدانەی سپێدەمەوە، بەیانیت بە سڵاوی سپێدانم جوان دەکەم وەک ئەو ئاشقانەی سەرە ڕێ لە ڕەیحانە دەگرن و چەپکەنەی دەکەن بۆ سینگی یار، بەیانیت لە تەک ئیشقما ھەر لە سەماکردن بێ ، ئەو سەمایەت کە فێری کردم لە مەرگ نەترسم چونکێ لە جوانی سەمات حاڵی بووم بە ئەشق و تەواوی حەزەوە لە تەک ریتمی مۆزیکێکدا بۆم دەلەنجێنی، روحی دابڕان پەی پێ نابەی گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر.


١٢- بەیانییە و رۆژی ڕێزی ژنە، چما بۆ وا بێ ھەر ئەمڕۆ ڕێزی تۆی ژن بێ، تۆ لە قەراغی تەمەنمەوە بووی بەتەواوی ژیانم و لەو رۆژەوەی ئاسۆی خۆرت لە دڵما ھەڵات ڕێز و نۆکەریم بە باڵای روح و گیانتا دووریوە، تۆ تەنھا نیت، لە تەک ملیۆنان کیلۆمەتری دەمارەکانتان خۆپیشاندانتان لە سەر شانەکانی ھەنگوینیم ساز دا، کەرنەڤاڵ و ئاھەنگێڕانی رۆژانە و ساتەکانت خەرمانی پیرۆز بوونی رۆژی ژنە نەک ھەر ھەشتی مارس تۆ لای من ژن بی، تۆ چرکە بە چرکە ئەو ژنە تەلیسمەی ھۆگری ھەگبەی ھەڵڕشتی بەمەیلکردنی خۆتیت لە دونیای تەمەنی عەوداڵیم بۆ ئازادیت بۆ جوانی بیر و خەرمانی ڕەفتاری مەعریفیت، تۆ گوڵە وەنەوشەی دونیای سۆراغی منی، نەک سەد و یانزە ساڵ بەر لە ئەمڕۆ تەواوی مێژووی رابردوو تۆیەکی تری نەخولقاندووە و نای خولقێنێ، ئەوە ئیحاکەی تۆیە وام پێ دەڵێ کە تریفەیەکی لە ھەشتی مارسا لە ھەرە جوانەکانیانی گوڵەکەم لە گوڵ کوڵتر.

 


٢٨\٢ - ٨\٣\٢٠١٩ - ئەڵمانیا
sardarjaff44@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک