په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٢

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی ھەریمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

دەشتی جەمال    

بەرێزان/ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی)
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان (د. ئەرسەلان بایز)
پاش سلاو رێز.....


ھەروەکو خۆتان داواتان لە ھاولاتیان کردووە کە بۆچوون‌و پیشنیار‌و رەخنەکانیان دەربارەی ئەدای حکومەت بخەنەروو تا لەکابینەی تازەی حکومەتدا کاری لەسەربکرێت، چونکە دەتانەوێ کابینەی تازەی حکومەتی ھەرێم کار بۆ خزمەتکردنی تەواوی خەڵک بکات.

ئێمەش بەنوێنەرایەتی خواست‌و داواکاریە ئینسانیەکانی پەنابەران لە ھەندەرانو پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان‌و کەسوکاریان لە کوردستان ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەین لەبارەی کێشەو گیروگرفتێک کە چەندین ساڵە بێ وەلام جێھێڵراوەو وەک بەشیک لە کێشەو گیروگرفتەکانی خەڵکی کوردستان بە ‌ھەڵواسراوەی ماوەتەوە و دواخستنی ئاکامو کارەساتی زیانبار بەدوای خۆیدا دێنێت.

ئێوە ئاگادارن ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتە ئەوروپێکان کەوتوونەتە زەختو زۆر و فشاری دەروونی‌و فیزێکی بۆ پەنابەرانی عێراقی بە گشتی‌و پەنابەرانی کورد بەتایبەتی، کەسەرئەنجام سیاسەتی گرتن و راونان‌و زیندانیکردن‌و سنورداشکردنەوەی لێکەوتۆتەوە. تەنانەت بەھۆی ئەو زەختو زۆرەوە چەند پەنابەر بە ناچاری خۆکۆژیان کردوە. ئەمە بیچگە لەوەی کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو پەنابەرانە لە رێگای سەختی پەنابەریدا بەناو کیلگەی میندا رۆشتوون وەیان لە دەریاکەندا خنکاون، یاخود کراونەتە یاری دەستی با‌ندە قاچاخچیەکان‌و بەنرخی گیان لە داستدانیان تەواو بووە. ئەم کارەساتو تراجیدیایانە بەردەوام‌و دوبارە دەبنەوە،‌ بە شیوەیەک کە ساڵ‌و مانگ‌و ھەفتە ‌نیە گۆیبیستی ھەواڵێکی ناخۆشی پەنابەران نەبین‌و دڵمان رانەچڵەکێ.

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لەپێناو کەمکردنەوەی رەنج و کارەساتی ژیانی پەنابەران، داکۆکیکردن لەماف‌و حورمەتی ئینسانیان‌و ریگەگرتن لە دیپۆرتکردنەوەی بەزۆرو ئازادکردنیان لە زیندانەکان. لە ئاستێکی فراواندا دەیان‌و سەدان چالاکی ئەنجامداوەو کەمپینی بەریخستووە. لەوبارەشەوە خۆشبەختانە توانیویەتی کە پشتیوانی چەندین رێکخراوی جیھانی‌و شەخسیەتی سیاسی بەدەست بێنێ.

سەرباری ئەو ھەولانە بەلام ھێشتا ترس لەگرتن‌و دیپۆرتکردنەوە تارماییەکی کوشندەیە بەسەر ژیانی پەنابەرانەوە. حکومەتەکانی ئەوروپا بەردەوامن لە سیاسەتی بەزۆرناردنەوەی پەنابەرانی کورد بۆ فرۆکەخانەی بەغدا بەشێوازی نامرۆڤانەو بە ھاوکاری حکومەتی عێراقی. ئەو پرۆسەیەش لەگەڵ بێدەنگی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا چوەتەوە پێشەوە.

بەرێزان!


ئێستا دوای ھەوڵو ماندوبوونێکی زۆر لقی کوردستانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی موڵەتی یاسایی وەرگرتووە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمەوە، لە رۆژی ٤-٢-٢٠١٢ نوسینگەی خۆمان کردۆتەوە تا بتوانیین ھاوکاری ئەو پەنابەرانە بکەین کە لە چەند ساڵی رابردووا بەزۆرە ملی دیپۆرتی کوردستان کراونەتەوە. تا ئێستا نزیک بە ٤ھەزار پەنابەری دیپۆرتکراو فۆرمیان لە نوسینگەی فیدراسیۆن پرکردۆتەوە. ئێمە پرۆژەی گێڕانەوەی کەسانی دیپۆرتکراو بۆ ناو کۆمەڵگاو تیکەڵبونەوەیان بەژیانی ئاسایی کۆمەڵگاوە ھەیە. ھەریەکێک لەو پەنابەرانەی نێردراونەتەوە بۆخۆی گرفتێکی گەورەیان ھەیەو پێویستیان بە دا‌مەزراندنەوەی ژیانە، پێویستیان بە کارە، پێوسیتیان بەکۆمەک ھەیە تا تێکەڵبنەوە بە کۆمەڵگا. زۆربەیان ماڵ‌و حاڵیان فرۆشتوە. بەشێکیان پێشتر وەزیفەیان بووەو ئێستا پێویستە بگەرێنەوە سەرکارەکانیان. بەشێکیان خێزان‌و منداڵیان لەدوای خۆیان جێھێشتووە، مومتەلەکاتیان لە دوای خۆیان لە وولاتە ئەوروپێکان جێھێشتوە، ھەندیکیان باری دەروونیان تێکچووەو پێویستیان بە ھاوکاری تەندروستی‌و چاودێری ھەیە.. ھەموو ئەمانە پێویستی بەوە ھەیە کەلایەن حکومەتەوە لەبەرچاوبگیرێن‌و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، دەنا دەکرێ ببنە خەتەرێکی گەورە بۆسەر خۆیان و بۆسەر کۆمەڵگاش.

سەرباری ئەوە ئەوان لەناو ژیانی پەنابەریدا فێری چەندین بەھرەو توانایی‌و زمان بوون،‌ ئەکرێت ئەو تواناییانە بخرێنەگەڕ و سەرئەنجام کۆمەڵگاش سوودیان لێ وەربگرێت.


ئێمە وەک فیدراسیۆن لە سونگەی بەرپرسیاریتەوە جاریکی دیکە دۆسییەی پەنابەران‌و داواکاریە رەواکانیان دەخەینەوە بەردەست کابینەی تازەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان‌و پەرلەمانی کوردستان. داواکارین ئەمجارەیان بە چاوێکی بەرپرسیاریانە لەم داواکاریانە بروانن و ھەنگاوی بەکردەو ھەڵبگرن لەپێناو چارەسەرێکی گونجاوو کارسازو عەمەلی بۆ کێشەکانی پەنابەران. داواکارین:


١. حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوای راگرتنی ئەو ھەڵسوکەوتەی ولاتانی ئەوروپا بکات بەرامبەر بە پەنابەران لە گرتن‌و راونان سنورداشکردنەوەیان بۆ فرۆکەخانەی بەغداو بە پێشێلکاری مافی مرۆڤی لە قەڵەم بدەن، بە رەسمی رایگەیەنن.
٢. حکومەتی ھەرێم بەرەسمی داوا بکات لە حکومەتی عێراقی ھەموو ئەو بەندوبەست‌و ھاوکاریانە رابگڕێت کە خزمەت بە سیاسەتی بەزۆرناردنەوەی پەنابەران دەکات، ھیچ ھاولاتیەکی ھەرێمی کوردستان کە دیپۆرتی فرۆکەخانەی بەغدا دەکرێتەوە، وەرنەگیرێتەوە.
٣. پەرلەمانی کوردستان پەلەبکات لە خستنەرووی ئەو پرۆژەبریارەی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران، فیدراسیۆن خستووتیە بەردەم سەرۆکی پەرلەمانی پیشوو و ھەرسێ لیجنەی یاسایی‌و مافی مرۆڤ‌و کاروباری کۆمەلایەتی. حکومەت پشتیوانی بکات لەو پرۆژەبریارەو کار بکات بە ئاراستەی جێبەجێکردنی.

فیدراسیۆن پێشوازی لەھەر ھەولێک دەکات کە رووی لەباشکردنی ژیان‌و گوزەرانی پەنابەرانی دیپۆرتکراو بێت‌و بەدەم خواستەکانی پەنابەرانەوە بچێت.
بە ھیوای وەلامی ئێوە.

فیدراسیۆنی سەراسەریی پەنابەرانی عێراقی

___________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk ،00447856032991

 

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک