په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٢\٢٠١٥

یاداشتێک لە فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی:

 

نامەی دەستلەکارکێشانەوە و پەسەندکردنی داواکەی سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی،

زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئیفلیجکردنی زیاتری دامودەزگاکان.

بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.


لە پاراستنی مافی گشتی و سەروەریی یاسادا!


رۆژی ٧/١/٢٠١٥، بەڕێز حاکم فەرھاد سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی، بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی، نامەیەکی ٣ لاپەڕەیی پێشکەش کرد، کە تێیدا ئاماژەی بە چەندین ھۆکار داوە و بەڕونی دەستی خستۆتە سەر گەندەڵی ‌و پێشێلکارییەکان لەکایەی گشتیدا و ئەو رێگرییە گەورانەشی خستۆتەڕو کە بونەتە کۆسپ لەبەردەم دەسەڵاتەکانی داواکاری گشتی لە بەدیھێنانی دادوەری و پاراستنی ماڵی گشتی و بە دادگایی گەیاندنی گەندەڵکاران ‌و تاوانباران.


ئێمە وەک فیدراسۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ، لەماوەی رابردودا ئەزمونی کارکردنمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانیدا ھەبوە ‌و ئاگاداری نمونەی سەرجەم ئەو بەربەستانەین کە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ئاماژەی پێداون، کە دیارە ئەوەش ھەموی نییە و بەڵگەی زۆر لەوەش زیاتری ھەیە کە ئاماژەی پێنەداون، وەک کەیسی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەرەوێڵەیی، کە سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی توانایەکی زۆر باشی لەو پێناوەدا سەرفکرد، بەڵام بە دەرئەنجامێکی ئەوتۆ نەگەیشت، چونکە چەندین بەرژەوەندی حکومی ‌و حیزبی خرانە پێش بەرژەوەندی گشتییەوە و تائێستاش تۆمەتباران ئازادن ‌و بە ملیۆنەھا دۆلار بەفیڕۆچو، ئەمەو چەندین کەیسی دیکەی ھاوشێوەی تر.


وەک ئاگادارن، یاسای ژمارە (١٥٩)ی ساڵی (١٩٧٩) یاسای داواکاری گشتی عێراق، دەزگایەکی گرنگی وەک داواکاری گشتی خستۆتە سەر وەزارەتی داد، کە ئەمە بۆخۆی ناکۆکە لەگەڵ ئەرک ‌و سروشتی ئەو دەزگایەدا، ھەربۆیە بەپێویستی دەزانین کە بەڕێزتان وەک پەرلەمانی کوردستان لەم چوارچێوەیەدا ھەنگاوی پێویست بنێن، ئەویش یان بە پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ بۆ داواکاری گشتی، یاخود بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای ھەموارکردنی یاسای داواکاری گشتی ژمارە (١٥٩)، کە رۆژی ٨/١٠/٢٠١٢ بە واژۆی ١٥ ئەندام پەرلەمانی خولی سێھەمەوە پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام نەتوانرا دەربچوێنرێت.


سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی داواکاری گشتی و گواستنەوەی ئەو دەزگایە لە وەزارەتی دادەوە بۆ دەسەڵاتی دادوەری، پێویستیەکی بەپەلە و ھەنوکەییە، چونکە ئاشکرایە بەرژەوەندی حکومەت و بەرژەوەندی گشتی دو شتی جیاوازن.


لەماوەی رابردودا چەندینجار ئەوە رویداوە کە وەزیری داد لێدوان و بەدواداچون و پەیوەندییەکانی دەزگای داواکاری گشتی قۆرغکردوە و بەستویەتیەوە بە رۆتینیاتی وەزارەتی داد ەوە. لە روی یاساییشەوە ناکرێت داواکاری گشتی، کە لەئاست پاراستنی مافی گشتی لە چەندین دۆسیەدا بەرامبەر بە وەزارەتەکان سکاڵاکارە، بۆخۆی سەر بە لایەنیکی حکومی ‌و وەزارەتێک بێت! ئەی ئەگەر تۆمەتبار خودی وەزارەتی داد خۆی بو، لەو حاڵەتەدا چی پێدەکرێت!


ھەربۆیە لێرەوە داواکارین لە بەڕێزتان کە رۆڵیکی چالاکتان ھەبێت لە دەرچواندنی یاسایەکی تایبەت بە داواکاری گشتی ‌و ھەموارکردنەوەی یاسای دەسەڵاتی دادوەری، بەشێوەیەک کە ئەو دەزگا گرنگەش لەخۆبگرێت. لەو روەوە، وەک فیدراسیۆن، ئامادەین بۆ ھەر ھەماھەنگی ‌و بەدواداچونێک کە پێویست بکات، ھاوکات پێشنیاری ئەوەش دەکەین کە پەرلەمان پرسیار لە حکومەت بکات لەبارەی ئاکامی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی ‌و قبوڵکردنی ئەم پرسەش لە ئاستی کەسی ‌و وەزیفیەوە بکرێتە پرسێکی گشتی ‌و خەمخۆری ‌و بەدواداچونی بۆ بکرێت.


بەڵێ بۆ سەروەریی یاسا و دەوڵەتی دامودەزگایی.. نا بۆ پاشاگەردانیی ‌و گەندەڵیی!
 


فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
٩\٢\٢٠١٥

fidrasionrexraw@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک