په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\١١\٢٠١٠

نامەیەک بە هەڵە نێردرا.......


ناڵە عەبدولڕەحمان

سڵاو...


هەرچەندە نەدەبوا لەهۆکارى فەرامۆشکردنى دەقەکەم بپرسم چوون هۆکارە ناڕەواکە تاڕاددەیەک ڕوونە، لێ هەمیشە وەسوەسەیەک هەیە لەمندا دەیەوێ گومان تێبپەڕێنێ و بگاتە حاڵەتى یەقین، وەک ئەوەى (دیکارت) ئەلێ: (تەنانەت لەحاڵەتى یەقینیشدا دەبێ مرۆ بەشى پرسیارێک گومان لەئاوەزو بیریدا بهێلێتەوە...) من بەرلەوەى دیکارت ناس بکەم ئەم حاڵەتەم تێدا هەبووە بەڵام هەستم دەکرد هەڵەم یان جیاوازم لەگەڵ خەڵکى ئاسایی بەڕاددەیەک پێویست دەکات لاى یەکێک لەنوژدارە دەروونیەکان چارەسەرى دەروونى وەربگرم یا شێتم یان ناتەواویەک لە شێوازى بیرکردنەوەو حاڵەتە دەروونیەکانم: لەگومانەکانم لەوەسوەسەکردنم بەرامبەر بەکەون و کائینات و کەرەسەکانى دەوروبەر و تەنانەت وجودى خودى خۆشم.


من ئێستاش زۆر جار لەنوسینە عاریفانەکانى مەحوى و دەروونیەکانى شێرزاد حەسەن و شاعیرانى ڕاستینەى تر بەتەواوى تێناگەم هەر ئەم تێنەگەیشتنەم وام لێدەکا بەدواى شیعر بکەوم بۆ تێگەیشتن..... ئەگینا بەپێچەوانەوە لەشیعر گەیشتن پێویست بەواز هێنان دەکات، ئەوکات دەبوا وەک ڕامبۆ واز لەشیعر بێنم و بێبەهایى هەموو شتەکان بەڕوونى بیبینم و خۆم لێیان وونکەم و بڕۆم....


بڕۆم و شیعر نوسین وەک وەزیفەیەک بۆ شیعرنوسان جێبهێڵم، کە هەمیشە شاعیربوون پێوەندى بەنوسینەوە نیە چوون ئەز شاعیرانێک دێنیاسم نەدیوانێک شیعریان هەیە نە بۆیان دەڕەخسێ حاڵەتە جوانە شاعیرانەکانى خۆیان بخەنە ناو بۆتە و سەر ڕووپەڕى ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، تەنانەت دواى مردنیش کەس ناویان وەک (شاعیرێکى وون)یش ناهێنێ...


من ڕەفیقانێکم هەن مەزنترین شاعیریش بن! لێ کەس نازانێ ئەوان هەر شاعیریش بن، تەنانەت لەماڵەوەشیان درکى پێناکەن...


-ئەو دەتوانێ قسە لەگەڵ سەوزایى و گوڵ و درەختە ساواو چرۆ دەرنەکردووەکاندا بکات و قیمەت ببەخشێتە گەڵاى وەریوى گوڵەکانیش، (ئەو)ێکى دیکەیش کاتێ لەسیمینارێک هاتە دەرەوە چۆلەکەیەکى کوژراوى بینى لەداخى ئەوەى نەیتوانى چاڵێکى بۆحەوانەوى ئەبەدى بۆ هەڵکەنێ ئێوارەیەک لەناو خۆڵەمێشى گوناهدا قەسیدەى گەورەترین نزاى بۆ خوا نووسى...


من لەبەراوردى ئەمانە و زۆرانى لەم چەشنە شاعیرە ڕاستینانەدا، چیم نەنوسیووە جگە لەوەسوەسەکردنێکى بێووچان:


لەم خلیسکانەى وەسوەیەدا
پشوویەک بدە ئەى دەروون...


ئەگەرچى ئەز باوەڕم بە شڕۆڤەکردنى دەقەکان نیە، دوور لەهەرمەسەلەیەکى شۆڤێنى عەرەب جوان ووتوویانە: (المعنى فى قلب الشاعر).


سەیرە کەجەنابتان خەیاڵکردن و دەربڕینە شیعریەکانى شاعیر لەبەر تێنەگەیشتنتان ڕەفز دەکەنەوەو سنور بۆ ئەندیشە دادەنێن ... من ئەوەندەى کار لەسەر هەڵفڕاندنى کوکوختى ڕەمز دەکەم کار لەسەر ڕیز کردنى ووشە ناکەم، ئافەرین بۆ ئەوەى تۆڕى خۆى هەڵدەدات و کوکوختیەک ڕاودەکات و خوێندنە ئەفسوناویەکەى شڕۆڤە دەکات...


لە نیگارکێشێکى جیهانیان پرسى : ئەم وێنەیەت گوزارە لەچى دەکات تکایە بۆمى شڕۆڤەکە، ئەویش لەوەڵامدا ووتى: سەیرە کەداوام لێدەکەى بەدەستى خۆم شوشەى ناخم بشکێنم و دەروونم وەک گوڵێک بدەمە دەستت، گەمژە بچۆ زیاتر ووردبەرەوە و چۆنت بۆ دەکرێ ئاوا لێکى بدەرەوە، بەس شورەییە لەواتاکانى دەروونى هونەرمەند بپرسى...


شاعیر دەتوانێ مەنتیق سەراوژێربکات، حەقیقەتێکى زۆر ناشیرین بۆ خەیاڵێکى ئەفسوناوى بگۆڕێ، هەمووشتەکان ژێراوژووربکات بێئەوەى ئازارى کەس بدات یان تەنانەت نیازیشى هەبێت... شاعیرى ڕاستەقینە لەحاڵەتى نائاگایى دا ئەوپەڕى داهێنانەکانى خۆى دەنوسێت لێ زانیارەکان لەوپەڕى ئاگاییدا شتەکان کەشف دەکەن، یان ڕەنگبێ من تائێستا هەڵەبم و هیچ لە شیعرو وجودو مەوجودیەت نەگەیشتبم و پێویست بکات لەخاڵى سیفرەوە بەستایلێکى دیکەوە دەس پێبکەمەوە، لێ من پێت نابیژم بچۆ زیاتر لەشیعر قووڵ بەرەوە یان کار لەسەر ئەم مەسەلەیە بکە نا، هەموو کەسێک بەگومانەوە دەڕوانێتە کارەکانى ژن هەتا بگرە لەئەدەبیاتیشدا کەئەوێ دونیایەکى سەربەخۆیە بۆ هەناسەدان و ژیان، دەپرسم بۆت هەیە لەسەر شتە قەدەغەکراوەکان هەڵوەستەیەک بکەى بێجگە لەحاڵەتە ناگاییەکان؟ دەتوانى لەنێو مەجلیسى مەلاکاندا پرسیارە کەونیە بڤەکان بکەى، لێ خاڵق لەسەر زارى پەیامبەرەکەى داوادەکات مەخڵوقاتى ئەسحابولعقول داواى زانست وزانیارى بکەن ئەمەش بێگومان لەڕێگەى پرسیارکردنەوەدەبێت.


هەمومان گومانمان هەیە، بەڵام هەیە بەسەریدا بازدەدات و چاوى دەنوقێنێت... تا دواجار قوربانیەکان کەشفى نهێنى گومانەکان دەکەن کە هەمیشە گیانى قوربانیدانمان کز دەسووتێ بۆ گەیشتنە یەقین بۆیە نامەوێ بەسەر قەدەغەکراوەکاندا وەک هەموو خەڵکێک بخلیسکێکم، ژبەرکو ئەز داوادەکەم دەروون پشووبدات و واز لەسەوداییى وەسوەسەکردن بهێنێنێت کەبۆى نیە هەڵوەستە لەسەر پرسیارەکان و ناعەدالەتیەکاندا بکات بائیدى خۆى تەنانەت بەخلیسکانەى وەسوەسەیەش ئازارنەدات و پشوو بدات... کەواتە بۆپشوودان پێویستمان بەحەوانەوەى ئەبەدى هەیە کەمردنى بیرو دەروون مردنى ڕاستەقینەیە چوون ئینسان بەم چەشنە لەئەکشنى بەرهەمداردەوەستێت و ناتوانێت ئیزافەیەک بکات، ئەگینا ئێمە تیامانداهەیە دەژیێت و هەناسەدەدات و دەخوات و دەخواتەوەو بەرهەمیشی نیە (مشەخۆرە) ئیدى چ بڵێم لەم زەمەنى تیژتێپەڕینە بەسەر شتەکاندا لەترسى بەجێمانى فۆڕم... کەچى فریاى ڕۆحمان ناکەوین کە چەند دەیەیەک لەپشتەوەى خۆمانەوە جێدەمێنێت، شایەد لەگەڵ جێمانەکانى ڕۆح دا مردبێتین یا شایەد بتوانین وەفریاى خۆمان بکەوین.
یان شایەد فریادڕەسێک بمانگاتێ.


شادبژیت
ناڵە

 3\7\2010
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان