١٠\٥\٢٠١٠
نامەیەک بۆ پیاوە
ترسنۆکەکان.

سەلام عەبدوڵا
ئێوە هەر کێیەک هەن، هەر پلەوپایەیەکی میری
یان حزبیتان هەیە، بە هەموو مانایەک ترسنۆک و بێویژدان و کەرامەتن.
ئێوە تەنها مرۆڤکوژگەلێکی نامەردن، سووک و رسوان لە نەوەی بەعس و
قاعیدەو نازییەکانن. ئێوە نە ژیان، نە مێژوو، نە منداڵ و نە کەسوکار و
نیشتمان و باوەشی گەرمی هەژارەکان شانازیتان پێ ناکەن...بڕۆن گۆڕی
خۆتان بەدەستی خۆتان هەڵکەنن، تازە کار لەکار ترازا: لە هەموو شەقام و
چیاو دۆڵ و دەشتەکان و رووبەری رۆژنامەو گۆڤار و سایتەکان و تا ماون
نەفرتتان لێدەکرێ.
ئاخر چۆن بە فیشەک یان پەتی خنکاندن، وەڵامی خاوەن قەڵەم دەدەنەوە؟!
من کاکە(سەردەشت)م نەبینیوەو نە دەیناسم و نە وتارێکم خوێندۆتەوەو
لەوانەیە لەبەرەی نەیارانم بێت یا وتارێکی دژ بە خۆیشم نووسیبێ. هیچ
یەک لەو خاڵانە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تاوانباران لەپێستی مرۆڤ
دەرچوون و وەک دڕندەیەکی بی هەست و سۆز، ئەقڵیان لەدەستدا و لەگەل ئەو
خاوەن قەڵەمە، بەشێوەیەکی زۆر ترسنۆکانە رەفتاریانکردو بەو کارە
قیزەوەنە رووی خۆیان و ئەو لایەن و حزب و گروپە کە لەپشتیانەوە وەستاون،
رەش کرد.
ئێوە(سەردشت)تان کوشت، بەڵام بە بەرچاوتانەوە دەبینن چۆن سەدان و
هەزاران(سەردشت)ان لێ پەیا بووەو گاڵتە بە لولەی چەکەکانتان دەکەن!
ئێوە هەر کێیەک هەن و هەر پلەوپایەیەکتان هەبێت، بەو کردەوە چەپەڵە
سەلماندتان کە شایەنی تف و نەعلەت و نەفرەتن.
ئێوە هەر کێیەک هەن سوور بزانن ئەوە سنگ و فکرو عیشق و هیوای ئێمەیە کە
زۆر بەرینترو جوانترو پڕ سۆزترە لە ئێوە، بۆیە دەمانکەن بە نیشانەی
فیشەکەکانتان...ئێستا هەموومان سەرەڕای بیروبۆچوونی جیاوازمان، سەردەشت
دەکەین بە سمبۆلی ئازادی بیروباوەڕ...سمبۆلی نەوەی نوێی رۆژنامەنووس و
نووسەر و رۆشنبیری سەرکەشی کوردستان...
ئێوەش بڕۆن شانازی بە کەتن و بێناموسی تیرۆرکردن بکەن، بە زیندانکردنی
نووسەرێک لەسەر تێڕوانین.
ئێوە هەر کێیەک هەن، سەردەشت براتان بوو و نامەردانە غەدرتان لێکرد،
دەبڕۆن لە رزێوترین و ترسنۆکترین بەری خۆتان بخۆن،ئەی گروبی تیرۆرکردنی
خاوەن بۆچوونی تر و ئێمەش درێژە دەدەین بەو کارانە کە ئاسۆی ئازادی
بیروبۆچوون و دیالۆک و رزگاری ئینسان لە کوردستان بەرفراوانتر دەکات!
خانەقین
07701929872
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|