په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٦\٢٠١٤

نامەیەكی كراوە بۆ ڕێكخستنە ئەناركیستییەكان و خەڵكی سەرتاسەری جیهان

دەربارەی جامی جیهانی تۆپیپێ لە برازیل.
 

و. لە فارسییەوە: ھەژێن


بەر لەوەی كە جامی جیھانی (تۆپیپێ)ی ٢٠١٤ لە برازیل ئەنجامبدرێت، ناڕەزایەتیی بەرفراوان دژی سەریانھەڵداوە. دەوڵەتی ئەم وڵاتە بە سەرۆككۆماریی خاتوو (دیلما روسف) ئەو ناڕەزایەتییانەی سەركوتكرد. (ڕوسف) كە بەخۆی لە دەھەی حەفتای سەدەی رابوردوودا چریكێكی چەپڕەو بوو و دژی دیكتاتۆری سەربازیی تێدەكۆشا، ھەنووكە كە بەدەسەڵات گەییشتووە و فەرمانی بێچەندوچوونی بە ھێزەكانی بڕازیل داوە، كە ھەر جۆرە ناڕەزایەتییەك لە ماوەی بەرپاكردنی (جامی جیھانی)دا بەتوندی كپبكەنەوە.
لەم بارەوە شەش ڕێكخستنی ئەناركیستی برازیل نامەیەكی كراوەیان ئاراستەی ڕێكخستنە ئەناركیستییەكان و خەڵكی سەرتاسەری جیھان كردووە، كە لە خوارەوە دەقی نامەكە بۆ كوردزمانان وەرگێڕدراوە.
٢\٦\٢٠١٤
 

فیفا بەرپاكردن و بەڕێوەبردنی جامی جیھانی (تۆپیپێ)ی ٢٠١٤ ڕاسپاردەی بڕازیل كردووە. لەم ساتانەدا كە ئەم نامەیە دەنووسرێت، ٢٥.٦ ملیارد ڕیال یەكسان بە ١١.٥ ملیارد دۆلار بۆ بەرپاكردنی ئەم خولەی جامی جیھانی خەرجكراوە. لە سەدا ھەشتا و سێ ( ٨٣٪) ئەم بڕە پارەیە لە خەزێنەی گشتی و باجی ھاووڵاتیان دابینكراوە. ئەمە لە كاتێكدا كە لایەنیكەمی كرێ لە برازیل ٧٢٤ ڕیال یا ٣٢٥ دۆلارە و ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی تیكتێك بۆ ھەزار دۆلار ھەیە. كرێكارانی برازیل ھەزێنەی جامی جیھانییان دابینكردووە، بەڵام ناتوانن تێیدا بەشداریبكەن. لە ڕاپۆرتێكدا كە لەم دوایانەدا بڵاوبووەتەوە، نیشانیدەدات، كە (٧٥.٨٪)ی خەڵكی برازیل دژی سەرمایەگوزارییكردنن لە جامی جیھانی (تۆپیپێ)دا.

یونیسكۆ ڕایگەیاند، كە لە برازیل ٣.٧ ملیۆن منداڵ لە فێرگە بێبەشن و ١٠٪ گەورەساڵان بە نەخوێندەواری گیرۆدەن. دەوڵەت بڕیاریداوە لە ماوەی بەرپاكردنی (جامی جیھانی)دا فێرگەكان پشووبدەن [دابخرێن]، ھەروەك ئەوەی كە لەم بوارەدا كەموكڕی بوونی نەبێت. ئێمە لە وڵاتێكدا دەژین، كە ٢٤٢٠٠٠ خێزان لە ئەلەكتریك [كارەبا] بێبەشن. لە وەھا وڵاتیكدایە بتی تۆپیپێ كە بە "دیاردەی" ڕوناڵدینۆ ناودەبرێت، لە بەرانبەر چاوەڕوانی خەڵكدا گوتی "بە نەخۆشخانە دروسكردن ناتوانرێت جامی جیھانیت ھەبێت" .

باری ئابووریی ھەنووكەی برازیل زۆر خراپە. ئەمە لە كاتێكدا كە برازیل دارای بەرزترین ڕادەی باجگیرییە، ٥٠٪ داھاتی ناپوختەی نێوخۆیی دەكرێتە ھەزێنەی دانەوەی قەرزە گشتییەكان، بەڵام نیوەی سامانە بەرھەمھاتووەكان دەچنە گیرفانی چەند بانكدارێكەوە. گەندەڵیی دەوڵەتی و بەڕێوەبەرایەتی خراپ، بەسەر سەرپایای بەرژەوەندییە گشتییەكاندا زاڵبووە.

پرسەكە تەنیا خەرجكردنی ھەزێنە سەرسوڕھێنەرەكان نین بۆ جامی جیھانی تۆپیپێ، زۆرێك لە مافە سڤیلییەكان لەپێناو ئەوەدا پێشێلكراون. ھەڵبەتە وەھا كەتوارێك شتێكی تازە نییە، چونكە برازیل دارای پۆلیسێكە كە بەوپەڕی ھێزەوە سەربازییە و چەندین جار نێوەندە نێودەولەتییەكانی وەك لێبوردنی نێونەتەوەیی و تەنانەت ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خوازیاری ھەڵوەشاندنەوەی (PM) یا پۆلیسی سەربازیی برازیل بوون.

دەوڵەت پۆلیسی سەربازیی بەرپرسكردووە، تاوەكو خەڵكی ھەژار كە لە دەوروبەری یاریگەكەدا دەژین، چواردەوریان بدەن. دەوڵەت بۆ ئەم پرسە یارمەتی لە ھێزی سەربازی وەرگرتووە. ھەڵبەتە ھێزەكانی پۆلیس و سوپا بۆ ئاساییشی خەڵكی نەھاتونەتە بوون، بەڵكو دەیانەوێت پارێزگاری لە گەشتیاران و تەماشاكەران بكەن. بۆ نموونە كۆمەڵەی وەرزشی "دا مارە" لە ئێستادا لەلایەن ٢٥٠٠ كەس لە ھێزەكانی پۆلیسی سەربازی و سوپا و ھێزی دەریاییەوە دەورەدراوە. فیفا و دەوڵەتی برازیل تەنانەت مافی نیشتەجێبوونی خەڵكیان پێشێلكردووە و ھەزاران خێزانیان لە (تەنەكەئاوا)كان دەرپەڕاندووە. ھەندێك لەو خێزانانە وەك Aldeia Maracanã دژی دەركردنیان بەرھەڵستیانكرد و بە توندوتیژی لە شوێنی ژیانیان دەرپەڕێنران.

ھەروەھا بۆ ئێمە كە لە چوارچێوەی دەوڵەتی "دێمۆكراتیك"دا دەژێن، سەرسوڕمێنەر نییە، كە سەربازان برژێنە پێگەیەكی لەباری دروستكردن لە دڵی ئامازۆندا (Belo Monte) و ناڕەزایەتی نیشتەجێییان دژی چێكردنی بەنداوێك تێكبشكێنن.*

لەبیرمانەچێت كە ١٢ كرێكار لەپێناو دروستكردن و ئامادەكردنی یاریگەكە لە كاتی خۆیدا گیانیان لەدەستدا. لەیادمانبێت كە فورومی سەرتاسەری بەرگرتن و ھەڵوەشاندنەوەی كری مندالان ڕایگەیاندووە، كە نیو ملیۆن كەس لە منداڵان لە داوی سێكسرۆشیدان. جامی جیھانی تۆپیپێ تەنیا چارەڕەشی زیاتر بۆ ئەم منداڵانە دەھێنێت.

زۆرێك لە ئێمە دەڕژێینە شەقامەكانەوە و لە دژی بار و دۆخی ھەنووكەیی ناڕەزایەتی دەردەبڕین، بەڵام دەوڵەت كە لە پشتیوانی ڕاگەیاندنە پانوپۆرەكان بەھرەمەندە، ھەوڵدەدات ئێمە بە تاوانبار نیشانبدات، تاوەكو بتوانێت زیاتر سەركوتگەریی بكات. ڕێكخستنە نادەوڵەتیی و ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكان چەندین جار توندوتیژییەكانی دەوڵەتیان خستوونەتەڕوو، بەڵام تا ھەنووكە سەرەنجامێكی نەبووە.

دەوڵەت و دەزگە كارگێڕییە جۆروجۆرەكانی ھەرگیز وەڵام بە داخوازییەكانی خەڵك بۆ دابینكردنی تەندروستی، خوێندن و سەرپەنا و كار نادەنەوە. ئەوەی لەم زەمینانەدا ھەمانە، تەنیا بەرەنجامی تێكۆشانی یەكگرتووانەی خۆمانە.

تكایە نامەكەی ئێمە وەربگرن، زانیارییەكانی بە زۆرترین كەس بگەیێنن. كۆمەكمان بكەن، تاكو بە ھەموو جیھان نیشانبدەین، كە دەوڵەت و فیفا و پشتیوانانی جامی جیھانی، دەستیان لەنێو دەستی یەكدی ناوە، بۆ ئەوەی كەتواری ڕووداوەكان بشارنەوە.

ناوی ڕێكخستنەكان:
Fenikso Nigra
Boletim Operário
Liga Sindical Operária Camponesa
Danças das Idéias
Caos em Fluxo
Barricada Libertária

_____________________________
* وەك ئەو بەنداوەی كە كۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی ھۆرمان دروستیدەكات و گوند و باخ و ژیانی خەڵكی ئەو ناوچەیە ژێر ئاو دەخات و گەورەترین كانی ئاوی سروشتی [سەرچەشمەی بڵ] كە لە ساڵێكدا ١٥٠ ملیۆن لیتر، واتە چركەیەكدا ٤ ھەزار لیتر ئاوی خواردنەوە دەدات، كە دەتوانێت ئاوی خواردنەوەی دوو ولاتی وەك كوێت، دوو ملیۆن كەس دابینبكات، كە لە ئەنجامی نەخشەكەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەو سەرچەشمە گرنگە ١٢٠ میتر دەچیتە ژێر بەنداوەكەوە و سەرچەشمەكە كوێردەبێتەوە [وەرگێڕی كوردی].
 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک