١٩\٨\٢٠١٥ نامەیەك بۆ سەرۆك.
زەکەریا حەوێز
سەرۆك لەم خاکە سوتاوەدا لەم خاکە پڕ لە نەوتەدا لەم خاکە پڕ لە زێڕەدا ئەمەوێت هەڵبێم لەو دەموو چاوە ناشیرنانەی چەپڵەت بۆ لێدەدەن ئەمەوێت هەڵبێم لەو سۆزانی خانەی ناوی لێدەنێیت دەوڵەتی کوردی.
سەرۆك چیتر لەو ئایەتە نەگیرسانەش ناخوێنمەوە کە تۆیان پیرۆز کرد هەرچی ووشەو کتێبیش هەیە دەیسوتێنم تا تۆم بیرچێتەوە هەموو ئەوشتانە لەبیر خۆم دەبەمەوە کە تۆیان پیرۆزکرد، لەو نیشتیمان و شار و جەنگەڵانەش هەڵدێم بوونەتە سایە بۆ تۆ.
سەرۆك حەز دەکەم ئەوەش ڕاست بکەمەوە کاتێك بانگت ئەکەم بە سەرۆك وا هەست مەکە پیرۆزیت لام و ناوت ناهێنم ڕاستی هەرکاتێك ئەمەوێت قسەیەکت پێ بڵێم باوکم ئەڵێت کوڕم بێدەنگ بە و ناوی پیاوە گەورەکان بە خراپی مەهێنە باوکیشم زۆر پیربووە بۆیە ئێستا تێناگات تۆ نەك گەورەنیت بەڵکوو لە بچوکی بچوکوکانی، بۆیە لە ماڵی خۆشمان هەست ئەکەم پەناهەندەم چونکە ناتوانم پڕ بە دڵ سەرزەنشتت بکەم، ئیدی چۆن پیرۆزیەکی نا هەرگیز هیچ شتێك لای من پیرۆز نیە تا تۆ پیرۆزبیت.
سەرۆك نازانم بۆ ناتوانم بۆ ناتوانم وەك هەموو ئەوانەی تۆیان خۆش دەوێت من بتوانم کەمێك لە خۆشەویستی خۆم ببەخشم بە تۆ. من کاتێك مناڵ بووم تۆم بە گەورەیی و شکۆوە دەبینی بەڵام کاتێك من گەورە بووم زانیم گەورە بوونی تۆ درۆیەکی مناڵانەیە و تۆ زۆر بچوکی.
سەرۆك بە ئەندازەی ڕۆژو و هەفتەو مانگ و ساڵەکانی تەمەنم بێزارم لە هەموو ئەوانەی تۆیان دروستکرد و ئێمەیان کوشت.
سەرۆك تۆ لە دایك بوویت و ئەوان مردن تۆ ژیایت و ئێمە مردین تۆ ژیایت و ژیایت و ژیایت و ئێمەش مردین و مردین و مردین.
١٨\٨\٢٠١٥
|