په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٢

نامەیەکی ئاوەڵا بۆ باوک و برا دەبەنگ و مێشک تەپیوەکان!

سەلام عەبدوڵا     

بۆ خاتر خۆت، دان بە (حەقارت) و دووڕوویی خۆت دا بنێ!


تۆ کچ و خوشکی خۆت ناناسی و چاوی خۆت لە ئاست راستییە مرۆیی و سۆزدارەکانیان دەبەستیت و ناتەوێت بیانزانی. ئەگەر راستییەکانت زانی، ئەقڵ لە دەست دەدەی و بە ناوی (شەرەف، ئەخلاق، نامووس، عادات و نەریت - تقالید -، عەیبە و ئاین)وە، بێشەرمانە دار و شەق و تف و چەقۆ و فیشەک لە دژیاندا بەکاردەهێنی.


بەڵام بۆ زانیارییت، تۆ لە بەرامبەریاندا هیچت پێناکرێ، تەنا یەک شت نەبێت: لەبری ئەوەی بە شەو لە باوەشی خۆشەویستەکانیان بن، و تێر تێر ماچبارانی یەکتر بکەن و چێژ لە روح و گیانی یەکتر ببینن، ناچاریان دەکەن بە رۆژ ئەنجامی بدەن و بە شەویش لەو کاتە کە تۆ (ئەقڵە تەپیوەکەت ئاسوودەیە بەوەی خانمەکان دڵسوتاوەکان بە تەنها لە ناو جێگا نووستون، ئەوان رێگەیەکیان دۆزیوەتەوە بۆ یەکتربینین یان گفتوگۆکردن و ئەوەی لێی دەترسی!).


تۆ زۆر ''قارەمان''ی و بە راستی رۆژیانت کردووە بە شەو!


بە رای تۆ: باشتر نییە رێز و حورمەتی کەسایەتییان بگری و وەک برادەر و خۆشەویستترین هاورێ و کەس متمانەیان پێ بەخشن و لە بری شاردنی راستییەکان، ئاگات لە هەست و نەستیان ببێ‌؟


راستە تۆ سمیڵ و بازوت قەبەیە و لە ماڵەوە خاوەن فەرمانی ''کن فیکونی''، بەڵام دڵنیات دەکەمەوە کە لەبەرامبەر هەر شەقە و زللە یان جمین و سووکایەتی، بە نهێنی، بە هەزاران شێوە وەریدەگریتەوە!


کاتێ تۆ لە ناو بازاڕ ریز دەگری تا قسەی سووک و وشەی سێکسیی بە کچی خەڵک دەلێی، بزانە خوشک یان کچەکەت لەگەل خۆشەویست و دۆستەکانیانن لە ژوان یان پەیوەندیی دان و هەر ببیستن یا بزانن کەی دەگەڕێیتەوە، دەڵێن (بە ملشکاویی هاتەوە!).


کاتێ دەبیستم برا یان باوکێک تەلەفۆنی دەستیان دەشکێنێ، پێکەنیم دێت، چونکە سوور دەزانم چەندین رێگەی جۆراوجۆر هەیە کە قەت پەیی پێ نابەن بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە خۆشەویستەکانیان و لێرە باسیان ناکەم نەبا سوودی لێ ببینن. لەوەش سەیرتر: خۆتان لە جۆری، رەنگ هەڵدەقورتێنن و بە ملیمەتر درێژی و کورتی جلوبەرگەکانیان دەپێون!


تۆی گێلەپیاو کاتێ هاتوهاوار و قسەی نەشیاو رەفتاریان لەگەل دەکەن، لە نزیکترین دەرفەت، پەیوەندیی بە هاورێکانیان دەکەن و پێکەوە هەزار نەعلەت و نەفرەتتان لێدەکەن!


لە راستیدا ئەوەی تۆ لێی دەترسی، بە رەفتارە دەبەنگ و تەپیوەکەت، زیادت کردووەو بگرە هەندێ لە کچ و خوشکەکانت لە رقوقینە و بۆ تۆڵەسەندن رێگەی خراپیش دەگرنەبەر!


هاوڕەگەزە سووک و رسواکەم: رەفتار و ئەقڵت ئەوەندە نزمە و کارێکی واتکردووە، خانمەکان نوێژ و رۆژوو دەگرن! ئەی ئەزانی هەمووی بۆ خاتری دوو شت ئەم کارە دەکەن: بۆ ئەوەی تۆ گومانی لێ نەکەی و خودا لە گوناحەکانی ببوورێ!


بە راست تۆ لەم بۆچوونانە تێدەگەی؟! پێی دەزانیت؟ ئەزانی لە دەرەوەی دەسەڵات و ئارەزووی تۆ، کچ و خوشکەکانت وەک خۆت مرۆڤن و ناتوانی عیشق و هەست و ئارەزووەکانیان بکوژی. تۆ زۆرجار گوێت لەم درۆ زەبەلاحە دەبێت (من پەیوەندیم نییە و نامەوێت، چونکە کوڕەکان گاڵتەمان پێدەکەن. من چاوەڕوانی بەختی خۆم دەکەم، ئەگەر کوڕێکی باش هاتە داوام، شوی پێدەکەم و دەچمە ماڵی خۆم)!


تۆش بە بیستی ئەو قسەیە شاکەشەکە دەتگرێ و دەڵێی (وایە دەستخۆش، ئەمە زۆر باشە)، بەڵام خۆت دەست لە ئاژەڵیش هەڵناگری! وا نییە؟!

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک