٢\١١\٢٠١٢
نامەیەکی کراوە بۆ
لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان.
پاش سڵاو و ڕێز..
وەک ئاگادارن ماوەی چەند مانگە چەندان کەمپین بۆ داکۆکی لە ھەردوو
بەندکراو کارزان کەریم و سەید ئەکرەم لە لایەن ئازادیخوازان و
مافخوازان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان بەڕێخراوە. جگە لەوەی ئەو دوو
بەندکراوە، کە تەنھا بە ھۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە
گەندەڵیەکان لە دام و دەزگاکانی ھەرێمدا دەستگیر کراون، بە شێوازێکی
دوور لە ھەر پێوانەیەکی یاسایی ڕفێندراون و چاندین ھەفتە و مانگ بێ
سەروشوێنکراون و لە دیداری پارێزەر و بگرە کەس و کاری خۆشیان بێ بەش
کراون. سەرەنجام بە تۆمەتی ھەڵبەستراو و ناڕاست زیندانی کراون، لەسەروو
ئەو حوکمانەشەوە کە لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتە داتاشراوانەوە بۆیان
بڕدراوەتەوە لە زینداندا بە بێ ھیچ پاساوێکی یاسایی ھێڵراونەتەوە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە باری تەندروستیان لە زینداندا ناجێگیرە و لە
بانگەوازێکدا کە چەند ھەفتە لەمەوبەر بڵاویان کردەوە ڕایانگەیاند کە
ژیانیان لە زینداندا لە مەترسیدایە.
ھەموو ڕووداوەکان و مولابەساتەکانی ئەو دوو کەیسە پێمان دەڵێن کە
پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن لە کوردستان بە شێوەیەکی بێ سنور و
سەرسوڕھێنەر خەوشدار و نایاساییە. سیستەمی سەپاندن و جێبەجێکردنی یاسا
لە کوردستان لە سایەی دامەزراوە ئاسایشی و یاساییەکانی کوردستان
پانتاییەکە بۆ خوانواندنێکی زەقی ستەمکاریی دەسەڵاتی ھەردوو حزبی
باڵادەست. ئەو دوو نمونەیە دوو نوکی کێوێکی گەورە لە ستەمکارین کە
بنکەکەی نوقمی دەریای بێ دەربەستی و سوکایەتیکردنی دەسەڵاتدارێتی
حزبەکانی کوردستانە بە ھەرچی یاسا و مافی سەرەتایی مرۆڤە.
ئێمە بە ناوی ھەموو ئەو کەسایەتیانەی کە ئیمزایان لە کەمپینی ناڕەزایی
بەرانبەر کردەوە سەرکوتگەریەکان لە دژی کارزان کەریم و سەید ئەکرەم
دابوو و بە ناوی ھەموو ئەو ڕێکخراوانەی لە خوارەوە ناویان ھاتووە، لە
ڕێگای ئەم نامەیەوە دەمانەوێت بەڕیزتان بخەینەوە بەردەم
بەرپرسیارێتیەکی بناغەیی. بەرپرسیارێتیەک کە پێشمەرجی مەشروعیەتی ھەر
کەس و لایەنێکە کە ئیدیعای نوێنەرایەتی خەڵک دەکات. ئێوە کە ئەندامی
پەرلەمانن و بڕیار وایە پاسەوانی مافەکانی خەڵک و ھاوڵاتیان بن، لە
ماوەکانی ڕابردوو تا ئەو جێگایەی بەم دوو کەیسە دەگەڕێتەوە ھیچ
بەڵگەیەکتان بۆ ڕەچاوکردنی بەرپرسیارێتی خۆتان نیشان نەداوە.
بەبەرچاوتانەوە ھاوڵاتیان دەڕفێندرێن، بێ سەروشوێن دەکرێن، تۆمەتیان بۆ
ھەڵدەبەسترێت و لە زینداندا بە بێ پاساو ڕادەگیرێن، ھیچ ناڵێن، ھاواری
ئەو زیندانیانە کە دەڵێن مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە لە دەوروبەرتان
دەنگ دەداتەوە، سەرۆکی پەرلەمانتان دەڵێ ئەوانە کێشەی تایبەتی خۆیان
ھەیە و ئێوەش بە نیشانەی ڕەزامەندی لە ھەموو ئەوە بێ دەنگی ھەڵدەبژێرن.
ئایا ناھەقمانە ئەگەر گومان لەوە بکەین ئێوە لێژنەی مافی ھەموو
مرۆڤەکانی کوردستان بن؟ ناھەقە گەر بڵێین لای ئێوەش، ھەروەک
دەسەڵاتداران، مرۆڤ لەسەر بنەمای پەیوەندی و لایەنگری حزبی پێناسە
دەکرێت؟
ئێمە لە کاتێکدا بە بارتەقای ستەمێک کە لە کوردستان پیادەدەکرێت و لای
دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی وەک ئاو خواردنەوەی لێھاتووە، ناڕازیی و
بێزارین، لە بێدەنگی مانادار و پەیامداری ئێوە لەبەرانبەر ئەو ھەموو
پێشێلکاریە توڕە و بریندارین. داواتان لێ دەکەین کە چیتر لە ئاست ئەو
ھەموو پێشیلکاریەدا کە لە کەیسی ئەو دوو بەندکراوەدا کراوە بێ دەنگ
نەبن. پشتیوانی لە خواستەکانی کەمپینەکانی داکۆکی لە مافەکانی کارزان
کەریم و سید ئەکرەم بکەن و بە تایبەت کار بکەن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە و
دادگاییکردنیان بە ئامادەیی نوینەرانی ڕیکخراوە نێودەوڵەتیەکانی مافی
مرۆڤ دووبارە بکرێتەوە. ئاشکرایە کە ئەگەر ناتوانن لە ئاست
بەرپرسیارێتیەکانی خۆتاندا بن وەک ئەندامی پەرلەمان، ڕێگای دروست
ئەوەیە کە دەست لەکاربکێشنەوە تاکو ئۆباڵی ھەموو ئەو بێ ڕێزیەی لەم
وڵاتەدا بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەکرێت ھەڵنەگرن.
ناوی ڕێکخراوەکان:
١. کۆمەڵەی پەرەپێدانی تواناکانی لاوان- ناوەندی ھەولیر
٢. کەمپینی ئازادی بو سەیید ئەکرەم/ بادینان
٣. گروپی ١٧ی شوبات/ ستۆکھۆلم
٤. چەتری ئازادی لە لەندەن
٥. تۆڕی بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی خەڵک - کوردستان – سلیمانی
٦. کەمپینی ئازادی بۆ کارزان کەریم
٧. ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
٨. کەمپینی بەرگرتن بە سنوردارکردنی ئازادی رادەربڕین
٩. کۆمیتەی پشتیوانی لە دواکاراییەکانی خەڵکی کوردستان یۆتۆبۆری /سوید
١٠. کەمپینی بەرگریی لە ئازادیی و خواستەکانی خەڵکی کوردستان –
دانیمارک
١١. کۆمیتەی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی یۆتۆبۆری سوید
١٢. فیدراسیۆنی سەرتاسەری پەنابەرانی عیراقی
١٣. کۆمەڵەی گەلی کوردستان/ سوید
١٤. گۆڤاری باشور / بادینان
١٥. گۆڤاری تروسکە / ھەولیر
١٦. دەزگای ستاندارد- کوردستان
١٧. دەزگای ڕاگەیاندنی ھاوپشتی/ سوید
١٨. ئاڤەندا ئاری بۆ وەشاندن و لێکۆڵینەوە – دھۆک
١٩. دەزگای ناسنامە، فینلەند
٢٠. سایتی مالا من
٢١. سەنتەری نینا بۆ ڕێنوێنی و پارێزگاری ژنان/ سوید
٢٢. ریکخراوی ژنانی کورد و خۆرھەڵاتی ناوەراست - لەندەن
٢٣. رێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان
٢٤. ڕێکخراوی مەدوسا
٢٥. کۆمەڵەی ژنانی کورد لە سوید
٢٦. کۆمەڵەی لاوانی کورد لە یۆتۆبۆری
٢٧. شورای پەنابەرانی عێراقی لە یۆتۆبۆری
٢٨. کۆمەڵەی سکۆنە لە مالمۆ
٢٩. کۆمیتەتی سویژی چاودیری کوردۆساید /چاک
٣٠. کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکان یۆتۆبۆری سوید
٣١. رێکخراوی بون لە بەرلین
٣٢. کومەڵەی سەوزی ئەوروپی کوردستانی - نەرویج
٣٣. کۆمەڵەی کلتوری کوردستان یۆتۆبۆری سوید
٣٤. گەنجانی کورد لە سوید
٣٥. ڕێکخراوی کەلتوری کوردی بەلجیکی – بەلجیکا
٣٦. لقی کوردستانی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عیراقی
٣٧. کۆمەڵەی گەرمیان یۆتۆبۆری سوید
٣٨. گەنجانی کورد- ستۆکھۆڵم
٣٩. کۆمەڵەی ئەکادیمیەکان یۆتۆبۆری سوید
٤٠. کۆمەڵەی مەتین یۆتۆبۆری سوید
بۆ پەیوەندیی: ٠٠٤٦٧٣٧٠٣٨٦١٢
shemalali@yahoo.com
|