په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٦

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی فەرەنسا

سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ لای بارزانی.

 


بۆ / بالۆزخانەی فەرەنسا
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا
سەرۆکی فەرەنسا
ڕای گشتی


بەریز سەرۆکی دەولەتی فەرەنسا (فرانسۆ هۆڵاند).


میوانداری بەریزتان بۆ لای بارزانی چەندین پرسیار دێنێتە پێش.


١) بەرێزتان بۆ جاری دوەمە سەردانی بارزانی دەکەن و ھەروەھا لە ڕابوردودا بانھێشتی پاریسیشتان کردوە ، ئەوە لە کاتێکدا کە بارزانی بە پێی دەستوری پەڕلەمانی ھەرێمی کوردستان ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بەسەر چووەو ئامادەش نیە کورسی دەسەلات تەسلیم بکات. ھەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا دەمێکە خاوەن پەڕلەمان و حکومەت نیە، ھەربۆیە لێرەدا پرسیار دەکەم بەرێزتان سەردانیی کێتان کردوە؟


٢) ماوەی نزیکەی سالێک دەبێت موچەی تەواویی خەلکی ھەرێم نادرێت و سیاسەتی برسی کردن پەیڕەو دەکرێت. بارزانی تەنیا بۆ بەرژەوەندی خێزان و بنەمالەکەی کار دەکات و لەسەر حیسابی خەلکی ولات خۆیان دەولەمەند کردوەو ملیار دۆلارەکانیان ترانسفێری بانقەکانی دەرەوە دەکەن و بەرێزیشتان ئەوە لە من باشتر دەزانن ، ئەوە لە کاتێکدا کە خەلکی ولات برسی و بێ پارە کراوە. ھەمان شت بۆ بنەمالەی تاڵەبانیشە بەلام بارزانیەکان پشکی سەرەکییان بەر دەکەوێت. مافەکانی مرۆڤ لەم ولاتەدا بە رێگای ئەوەی ناونراوە سیستەمی سیاسی پێشیل کراوە. من خۆم لەبەر ڕەخنەو نوسینەکانم لەسەر پارتی بارزانی لە خالی پشکنینی سنوری تورکیاو ھەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگا ھەوالکری پارتیەوە دەرمان خوارد کرام.


٣) بە بەلگەوە بارزانی بازرگانی لەگەل داعشدا کردوەو ناوچەی شەنگالی ئێزیدیەکانی بێ بەرگری تەسلیم بە داعش کردو ئێزیدیەکانی ڕوبەرووی چارەنوسێکی تراژیدی کردەوە کە دواتر داعش کۆمەلکوژی کردن.


ئێستە چەند پرسیارێکی کەش دێنە پێش ، چی وای لە بەرێزتان کرد ئەی سەرۆک ، میوانداری سەرۆکی کلانێکی ئاوھا ئەنجام بدەیت؟ ھۆکارەکەی چیبوو؟ ئایا ئەوە سەردانێکی بە ڕووکەش فەرمیی دەولەتیی بوو ، یان ئەوە لە ڕاستیدا بەند بووە بە بەرژەوەندیی شەخسیەوە چونکە سەرۆکی بەرێز ئیوە دیارە کە خانەنشین دەبیت لەوانەیە تەماحی بازرگانی کردنت ھەبێت بە رێگای ئەوانەوە بۆ نەوت و گازی ولاتەکەمان ئیتر بە ھەر رێگایەک بێت ، بەلام ئەوە سامان و مولکی نەتەوەیە. داخۆ ھۆکاری ئەوە لەچیدا بێت لەو سەردانەتاندا بە ھیچ جۆرێک باستان لە پێشل کردنەکانی مافی مرۆڤ و گەندەلی ئەو دەسەلاتەت نەکرد کە لەم ولاتەی ئێمەدا ئەنجام ئەدرێت لەلایەن دەسەلاتێکی تەقلیدیەوە. کەسێک و لایەنێک ھاوشان لەگەل رژێمی ئەردۆغاندا شەڕو دژایەتی بزتنەوەی رزگاریخوازی کورد بکات لە تورکیاو سوریاش. لە کۆتایدا دەپرسم ھۆکاری ئەوە لە چیدایە تەنیا سەردانی بارزانیەکان دەکەیت بەدەر لە حیزبە گەورە سیاسیەکانی تر لە ھەرێم؟ ھیوادارم ئێوە وەک سەرۆکی دەولەتێکی عەلمانی و دیموکراتی فەرەنسا وەلامێکت ھەبێت بۆ ھەموو ئەو پرسیارو تێبینیانەم و بۆ ڕای گشتی.

 


لەگەل رێزدا
پرۆفیسۆر د. سالار باسیرە
زانستە سیاسیەکان ، ئەلمانیا
٢
\١\٢٠١٧

Dr.salarbasira@hotmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک