١٦\٧\٢٠١٥
نامەیەکی کراوە بۆ
لێژنەی نووسینەوەی دەستوور لە ھەرێمی کوردستان.
ڕۆژی
دو شەممە ١٣ی تەمووزی ٢٠١٥ لێژنەی ئامادەکردنی پرۆژەی دەستووری
کوردستان راگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا ھاتوە لێژنەکە "کە
تیایدا بەسازان کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورە جێگیرکراون"ولەبارەی پرسی
ئایین لەدەستووردا ، "سەرجەم ئەندامانی لێژنەکە ھەر لەسەرەتاەوە کۆک
بون لەسەر رێزگرتنو جێگیرکردنی پێگەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام کە ناسمانی
زۆرینەی خەڵکی کوردستانەو شەریعەتی ئیسلامی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی
یاسادانان لەگەڵ سەرچاوەکانی دیکە جێگیرکراوە".
سەبارەت بەو بریارانەی لێژنەکەتان لەسەر پرسی
ئایین لە دەستووردا داوتانە، ئێمە ئەم چەند خالە دەخەینە بەردەم ئیوە و
رای گشتی خەڵکی لە کوردستان:
١- دەستوور چاڕەنووسی کۆمەڵگەیەک دیاری دەکات و
جێگای یاری پێکردن نیە: ئێوە وەک لێژنەی نووسینەوەی دەستوور
بڕیاربوو کارتان ھەموار کردنەوەی ڕەشنووسی دەستوور بێت بەتایبەت
دەستنیشانکردنی ئەو بۆشایی و کەم وکورتی و مادەدژبەیەکانە
کەلەڕەشنووسدا ھەبوو و دۆزینەوەی رێگەی گونجاو بۆ نووسینەوەیان . بەڵام
لەو بابەتە کە جیگەی گەورەترین و زۆرترین مشت ومڕ بوو لەنێو کۆمەڵگەدا
سەبارەت بە دانانەوەی ئاین و شەریعەتی ئیسلامی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی
یاسا دانان ئێوە ھیچ شتێکتان نەگۆڕی و دەستوورەکەی ئیوە ھیچ جیاوازیەکی
نیە لەگەل ڕەشنووسی دەستوورە کۆنەکەدا. لەکاتێکدا ئێمە وەک ناوەندی
سێکولار لە کوردستان ، ھەروەھا بەدەیان ڕیکخراوی ژنان و مافی مرۆڤ و
لاوان و حزب ولایەنی تر چ بەسەردان و چ بە نامە نووسین و ڕاگەیاندن
داوای لە ئێوە کردوە کە مادەی ٦ ھەمواربکەنەوە. لە کەمپەینی "بەڵێ بۆ
دەستوورێکی سێکولارلە کوردستان" بە دەیان ھەزار ھاوڵاتی لە زۆربەی شار
وشارۆچکەکانی کوردستان ودەرەوەی وڵاتەوە دەنگی ھەڵبڕیوە و داوای
لابردنی ئەم مادەیەی کردوە، ئێوە بە ھیچ جۆریک رەچاوی ئەم دەنگانەتان
نەکردوە. تەنانەت ڕوونکردنەوەیەکیشتان نەداوە سەبارەت بەو داواکاریانە
تا خەڵک بتوانێت گفت و گۆی لەسەر بکات و وا ھەست بکات کە داواکاریەکانی
بە ھەند وەرگیراون لە لایەن ئیوەوە . لە کاتێکدا ئیوە ھەر خێراو لە ژێر
فشاری یەکێتی زانایانی ئیسلامی و ھیزە ئیسلامیەکاندا وەڵامی فەرمیتان
بەوان دایەوە و چ لە ڕێگەی لێدوانی تاک تاکتانەوە و چ لە ڕگەیاندننامەی
لێژنەکەتاندا باستان لەوە کردوە کە زۆربەی برگەکانی مادەی ٦ تان وەک
خۆی ھێشتۆتەوە ، لە کاتێکدا کە ھیچ وەڵامێکی فەرمیتان بە داواکاریەکانی
ناوەندی سێکولار و ئەم ھەمو وڕێکخراوە کۆمەڵی مەدەنی و داوای ھەزاران
کەس نەداوەتەوە . ئیستا ئیمە داوای وەڵام و روونکردنەوەتان لێدەکەین کە
ھۆکاری چیە داواکاریەکەی ئێمەتان جی بە جێ نەکردوە ؟ ھۆکاری چیە ئەو
ھۆشداریانە گوێ لێناگرن کە ئیمە داومانە سەبارەت بەوەی کە مادەی ٦
دەتوانێت ببیتە بنەمای جیاکاری و ھەڵاوارد ن و دەسەلاتدارێتی دینێک و
ئایدۆلۆجیەک بەسەر خەڵکێکی زۆری ئەم کۆمەڵگەیەدا کە سەر بە ھەمان دیین
نیە وەیان دەسەڵاتێکی دینی ناوێت ، وە لە ئەنجامدا دەبێتە ھۆی ستەمکاری
و چەوسانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە!؟ .. ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە لە
ئەستۆی ئێو ە سبەی یەخەتان دەگرێتەوە.
٢- ھەموارکردنەوەی دەستوور ھێشتا مادەی دژ بە
یەکی تێدایە و ئێوەش ئەو مەسەلەیەتان کردۆتە قوربانی سازانی حیزبی:
دوور لەھەر لۆجیکێک ئیوە لە برگەیەکدا دەنووسن "گەل " سەرچاوەی
دەسەلاتە ، و لە برگەیەکی تردا شەریعەتی ئیسلامتان کردۆتە سەرچاوە بۆ
دەستوور ، ئەم دوو بڕگەیە نەک لەگەڵ یەک ناکۆکە ، بەڵکو بۆتە ھۆی
چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک لەسەر ئەو مەترسیانەی دانانی
دینیک بە سەرچاوەی یاسا لەم دەستوورەدا ھەیەتی. ئیوە ھەروەک ئەوەی لە
ناو ئەم کۆمەلگایەدا تەنیا ئیسلامی تێدا بژی ، یان ھەموو خەڵک
ئیسلامیانە بیربکاتەوە، ھاتوون دەستووری مەدەنی لەسەر بنەمای
نوینەرایەتی سەرجەم کۆمەلگا دادەنرێت . لە کاتێکدا لایەنە ئیسلامیەکان
بەپێی ھەلبژاردنەکان تەنیا ١٥%ی دەنگەکانیان ھێناوە لە ھەرێم ، کەواتە
تەنیا نوێنەرایەتی ئەو رێژە کەمە دەکەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە
زۆرینەی خەلکیی لە ھەرێم ئیسلامیەکانی وەک دەسەلاتێکی سیاسی و
سیستەمێکی ئیسلامی لاپەسەند نیە ئەگەرچی خۆی بە موسوڵمان بزانێت . ئایا
مافی ئەو لە %٨٥دەنگەی ھاوڵاتیانی کوردستان کە سیستەمی ئیسلامیان ناوێت
چی لێ ھاتوە؟ . ئایا "یەکێتی و پارتی و گۆڕان" لە ڕیگەی ئیوەوە
لەبەرامبەر چ شتێکدا دەنگی زۆربەی خەڵکی کوردستانیان بە دەستوورێکی
ئیسلامی لەگەڵ ئیسلامیەکاندا گۆڕیوەتەوە !؟ چ شتێک ئێوە ناچار دەکات
بەم مامەڵەیە؟ ئەگەر "یەکێتی و پارتی و گۆڕان" خۆیان خوازیاری شەریعەتی
ئیسلامن وەک سەرچاوەی یاسادانانن ، ئەوە باشترە ڕاستەخۆ ڕایگەیەنن .
بێگومان ئەوکات باس و ئیدعاکردنیان بۆ مافی مەدەنی و مافی مرۆڤ و
ئازادی ویژدان و ھەریمیکی دیموکراسی و ھاولاتیبوون تەواو دەخەنە ژیر
پرسیارەوە.
٣- ھیچ لۆجیکێک بەدی ناکرێت لە بڕیارەکانتاندا:
ئەندامێکی لێژنەکەتان لە ئامارێکدا دەڵێ " لە ئاستی جیھاندا
لەکۆی ١٩٧ وڵاتدا تەنھا ١٢ وڵات ئاینین و١٢٠ وڵات عەلمانین (
سەرچاوە:العلمانیە و سیاسات الدولە تجاە الدین،احمد ت. کورو، ٢٠٠٩). لە
٤٦ وڵاتدا کە زۆرینەی دانیشتوانی خەڵکی موسوڵمانن تەنھا ١١ وڵات خۆیان
بە دەوڵەتی ئاینی دەزانن و ٢٢ وڵاتیان عەلمانین (سەرچاوە : اللجنە
الامریکیە لحریە الادیان الدولیە لە راپۆرتی ٢٠٠٥)".
پرسیار ئەوەیە ئێوە چ کەڵکێکتان لەم ئامار و ئەزموونانەی ووڵاتانی تر
وەرگرتوە !؟ ئایا چ قازانجێکی بۆ خەڵکی کوردستان تێدایە کە دەستووری
ھەرێمی کوردستان لەئاستی جیھاندا لەو ١٢ وڵاتە بچێت کە دینین و لەو ١٢٠
وڵاتە نەچێت کە سێکولارن لە کۆی ١٩٧ وڵات؟ بە پشت بەستن بە کام لۆجیک
ئێوە دەستوورێکتان نووسیوە کە پەیڕەوی لە ٦٪ی جیھان دەکا و
دژایەتی ٦١٪ی دەستووری جیھان دەکا. تەنانەت لەو وڵاتانەی کە
ڕێژەی خەڵکی موسوڵمان زۆرینەیە، بۆچی دەستووری کوردستان دەبێت پەیڕەوی
لە ٢٤٪ ئەم وڵاتانە بکات کە دینین و پەیڕەوی لە ٤٨٪ەکەی
نەکات کە سێکولارن. ئەم ئامارانەی بەردەستان ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەم
لێژنەیەی ئێوە پەیڕەو لە دەستوور و سیستەمی پێشکەوتو و ھاوچەرخ ناکا،
بەڵکو دواکەوتوترین دەستوور و سیستەمی سیاسی ھەڵبژاردوە کە نمونەکانی
سعودیە، ئێران، ئەفغانستان، سودان، عێراق، یەمەن، پاکستان وسۆماڵ و
مۆریتانیا و شێخنشینەکانی کەنداون. لە ھەموو ئەم ولاتانەدا وەک ئەم
ڕەشنووسەی دەستووری کوردستان شەریعەتی ئیسلامی سەرچاوەی سەرەکی
یاسادانانە. ئایا ئێوە چ ئایندە و ماف و ئازادیەک بۆ خەڵکی کوردستان
لەم ھەڵبژاردنەتاندا دەبینینەوە ، جگە لە بەرھەم ھێنانی شەڕی مەزھەبی و
تیرۆر و نائارامی و نەبونی ئازادی یە شەخسی یەکان و بێ مافی سیاسی و
ئابوری و دواکەوتویی کۆمەڵایەتی ؟ ئایا ئەوە بۆ نابینن کە سەرچاوەیەکی
سەرەکی ئەم توندڕەیە ئاینیەی باڵەکانی ئیسلام کە ئەم وڵاتانەی وێران
کردوە لەم سیستەمەی یاسایی و پەروەردەیی دینیانە و دەستوورە
ئیسلامیەکانیانەوە ھاتوە کە زەمینەی بۆ گەشەی بزوتنەوە توندڕەوە
ئیسلامیەکان خۆش کردوە، ئایا دەتانەوێ لەم قۆناغە ھەستیارەی شەڕی دژی
دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا دەستوور و سیستەمێک بھێننە کوردستان کە داعش و
توندڕەوی ئیسلامی لە کوردستاندا گەشە پێ بکا و شەڕی ئێستای عێراق و
سوریا بگوێزینەوە ناو کوردستان؟ سبەی ئێوە بەرپرسیار دەبن لەبەرامبەر
بە خەڵکی کوردستان کە بە خاتری سات و سەودای حیزبی پەیڕەوتان لەو
دەستوور و سیستەمە سێکولارانە نەکرد کە لە ١٢٠ وڵات و ٦١٪ی
جیھان پیادەی دەکەن و مافە جیھانیەکانی مرۆڤیان کردۆتە سەرچاوەی
یاسادانان و ماف و ئازادیەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەڕادەیەک پارێزراوە
کە بەراورد ناکرێ لەگەڵ دەوڵەتە ئیسلامیەکاندا.
٤- بەرپرسیارن لە بەردەوامی دان بە نایەکسانی و
ھەلاواردنی ژنان لە یاسادا: لێژنەی نووسینەوەی دەستوور بەدانانی
شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان ، بە کردەوە کاریگەری
ھەموو بەندەکانی تری ماف و ئازادیەکان و "وەک یەک بون"ی ژن و پیاوی
سڕیوەتەوە ، چونکە شەریعەتی ئیسلام و حوکمە بنەڕەتیەکانی ئیسلام لەگەڵ
بنەماکانی ئازادی بیروڕا و یەکسانی ژن و پیاو لە دادگا و میرات ناکۆکە.
ئێوە بەم بڕیارەتان سەلماندتان کە مەسەلەتان ماف و ئازادیەکانی خەڵک و
نووسینەوەی دەستوورێک نیە کە ئایندەیەکی گەش بۆ ئەم کۆمەڵگەیە دابین
بکات بەڵکو لە پێناو سازانی حیزبیدا ئەم بڕیارەتان داوە ، ھێشتا
ئیسلامیەکان دەیانەوێ ئاخر سەنگەر بە "یەکێتی و پارتی و گۆڕان" لەم
ڕەشنووسەدا چۆڵ بکەن بەوەی کە بڕگەی یەکی مادەی ٦"نابێت ھیچ یاسایەک
دابنرێ کە لەگەڵ حوکمە بنەڕەتیەکانی ئیسلام ناکۆک بێت" بسەپێنن. ئەگەر
شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەی یاسا و ئەم بڕگەیەی مادەی ٦ جێگیرکرا
لەژێر سایەی ئەم سازش و سازانە بزانن کە چی ڕودەدا : دڵشاد گەرمیانی
بەپێی شەریعەتی ئیسلام وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە ؛ ((ۆمَا
اخْتَڵفْتُمْ فِیەِ مِنْ شَیْءٍ فَحُکْمُەُ إِڵی اللَّە)) ئایەتی (١٠)
سورەتی شورا: واتە لەھەر شتێک ڕاجیاییتان ھەبو حوکم و بڕیار و
یەکلاکردنەوەی دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا... ئاشکراشە ئەگەر جگە لە
شەریعەتی ئیسلام سەرچاوەی تری یاسادانان ھەبێت، ئەو کاتە لەگەڵ خودادا
سەرچاوەی تر و خەڵکانێکی تریش دەبن مافی یاسا دانانیان ھەبێت و ببنە
موشەریع و بڕیاری حەڵاڵ و حەرام دەربکەن، ئەمەش پێچەوانەی یەکتاپەرستی
و دروشمی (لا إلە الا اللە)یە، وەک دەفەرموێ: (ولا یشرک فی حکمە احدا)
ئایەتی ٢٦ی سورەتی الکھف.... واتە خودا لە فەرمانڕەوایەتیدا ھیچ کەس
ناکاتە ھاوتاو ھاوبەشی خۆی.".
کەواتە ئەگەر لێژنەی دەستوور ھەموو ئومێدی خۆیان بەم تاڵە پوشەی بڕگەی
٢و٣ی مادەی ٦ "نابێت یاسایەک دەربکرێت کە پێچەوانەی دیموکراسی و ماف و
ئازادیەکانی ناو دەستووربێت" بەستبێتەوە ،ئەوا سبەینێ بەپێی ئەوەی
شەریعەت سەرچاوەی سەرەکیە ،لەکێشەی نێوان حوکمە بنەڕەتیەکانی ئیسلام و
دیموکراسی وماف و ئازادیەکان دا، تەنھا بریارو حوکمی شەریعەتی ئیسلام
یەکلاکەرەوە دەبێت. ھەر دژایەتی کردنێکی ئەم بڕیارەش بەدژایەتی شەریعەت
و دەستوور دادەنێن، چونکە ھەم شەریعەت سەرچاوەی سەرەکیە و ھەم "ھاوبەشی
کردنی خوا لە فەرمانڕەوایەتیدا کفرە ودژی شەریعەتە".کەواتە دەبێت لە
ئێستاوە دەست بەرداری ھەرچی ماف و ئازایەک ھەیە ببین!؟
ماوەتەوە کە ئێمە وەک ناوەندی سێکولار لە کوردستان بە خەڵکی راگەیەنین
کە دەستوور بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە و کاریگەری بۆ ئیستا و نەوەکانی
داھاتوومان دەبێت ، ھەربۆیە تەنھا رێگە بۆ بەرگری کردن لە ماف و
ئازادیەکانی خەڵک ئەوەیە کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر کاروخەباتی
خۆمان بە شێوەیەکی مەدەنیانە لە ریگەی کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ
دەستووریکی سێکولار و مەدەنی ، بەردەوام دەبین بۆ جولاندنی ڕای گشتی
لەدژی ئەم ھەڵوێستەی لێژنەی نووسینەوەی دەستوور و دانانی فشاری زیاتری
مەدەنی بۆ ھەموارکردنەوەی مادەی ٦ و ڕەشنووسی دەستوور و گۆڕینی بە
دەستوورێکی سێکولار کە ماف و ئازادیەکانی خەلکی کوردستان دابین بکا.
ناوەندی سێکولار لە کوردستان
١٥\٧\٢٠١٥
|