په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٥\٢٠٢٣

نامەیەکی کراوە سەبارەت بە

گێڕانەوەی مافی کۆمەڵەی ئۆتیزم و داون سیندرۆم.

 


ئێمە لە ڕێگەی یاداشتێکی ناڕەزایەتی کە کۆمەڵەی ئۆتیزم و داون سیندرۆم لە شاری سلێمانی بڵاویکردۆتەوە و وێنەیەکی بەدەست ئێمە گەیشتووە، ئاگاداربووین لەوەی، دوای ئەوەی کە بۆردی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی بڕیاری داوە بە دروستکردنی سەنتەرێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو بۆ لەخۆگرتن و ڕاهێنان و شیاندنەوەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بەڵام بینای ئەم سەنتەرە لە دوای درووستکردنی لەسەر ئەرکی کۆمپانیای قەیوان وەک پڕۆژەیەکی خێرخوازی کە ساڵی (٢٠١٥) دروستکرا لە بەرواری (٧/٧/٢٠١٩) لەلایەن بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردوە وەرگیراوە، لەجیاتی ئەوەی وەکو بڕیار درابوو بکرێتە سەنتەری ڕاهێنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، کەچی بینایەکە کراوە بە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان بە ناوی قوتابخانەی (برەو).


ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی، لە کاتێکدا پێشوازی لەوە دەکەیەن کە زۆرترین قوتابخانەو باخچەی ساوایان دروستبکرێت و ئەمەش بەکاری حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەزانین، بەڵام دروستکردنی بینایەك بەمەبەستی ئەوەی بکرێتە سەنتەری راهێنانی خاوەن پێداویستی تایبەت و پاشان گۆڕینی و کردنی بە قوتابخانە و باخچەی ساوایان، بە کارێکی ناڕەوا بە مافی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و پابەند نەبوون بە بڕیاری پێشوو دەزانین کە بڕیاربوو بۆ سەنتەری راهێنانی تایبەت بێت... ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەموو لایەك دەزانین کە بوونی سەنتەرێك بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان و منداڵان چەندە گرنگ و پێویستە.

ئێمە لە فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بوونی سەنتەرێکی خزمەتگوزاری و پزیشکی و فێرکاری و بە ستانداردێکی سەردەمی بۆ منداڵان بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی خێزانیان، بە یەکێك لە ئەرکە لەپێشین و گرنگەکانی حکومەت دەزانین و بە هەموو توانامانەوە لە پشتی داواکاریەکانی خێزان و کەسوکار و ڕێکخراوی کۆمەڵەی ئۆتیزم و داون سیندرۆم ڕادەوەستین، لەو ڕوانگەیەشەوە داوا دەکەین ئەو بینایەی کە بۆ ئامانجی خزمەتی ئەو خاوەن پێداویستیانە دروستکراوە بۆیان بگێڕدرێتەوە، یان بەخێرایی جێگایەکی تری شیاو بۆ خزمەتکردن و فێرکردن و سەرگەرمی خاوەن پێداویستی تایبەتی ئۆتیزم و داون سیندرۆم، تەرخان بکرێت.

هاوکات داوا لە تەواوی ئازادیخوازان و ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەیی وڕێکخراوەکانی داکۆیکار لەمافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین کە لەیاداشتی ناڕەزایەتی کۆمەڵەی ئۆتیزم و داون سیندرۆم پشتیوانی بکەن.


دەشتی جەمال
سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٣\٥\٢٠٢٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک