١٥\٧\٢٠١٠
نامەیەکى سەرواڵا
بۆ بەڕێز سەرۆکى (حیزبى کەران).

هیوا رەش
دەمێکە کەڵکەڵەى نووسینى نامەیەکى لەم چەشنە لە مێشکمدا بوو ، وەلێ
داواى بەخشین دەکەم بوارێکى ئەوتۆم بۆ نەڕەخسا بۆتانى بنووسم ، ئێستاش
لە کاتێکدا ، لەم دواییەدا ، دواى نائومێد بوونم لە بازووى بێوەرى
سەرۆک و سکرتێر و سەرکردە سیخوڕپەرستەکان ، ئەوا چەند دێرێکت بۆ
ئەنووسم بەو هیوایەى جەنابت لەوانى دى کردە و خاوەن هەڵوێستتر بیت و
دڵنیاشم هەر وا ئەبیت ، چونکە جەنابت نوێنەرایەتى خەلقەندەیەک دەکەیت
لە سوود بەولاوە زیانێکیان نە بە هاوڕەگەزەکانیان و نە بە
دەوروبەرەکەیان نەگەیاندووە ، بەڵام ئەوانى دى نوێنەرایەتى دز و
پیاوکوژ و گەندەڵ و نایەکسانى و ناعەدالەتى دەکەن .
دواى نزیکەى پەنجا ساڵ لە تێپەڕ بوون بەسەر شۆِرشى ئەم دواییەى گەلى
کورد، خەریکە ناشرین کردنى وێنەى ڕۆڵە بەسزمان و بێوەیەکانى حیزبەکەتان
ناشرین ئەکەن و لە فەرهەنگى زمانى کوردیشدا شاڵاو بۆ ناشرین کردنى
ئەندامان و هەوادارانى حیزبەکەتان دەستى پێ کردووە ، من دەزانم کە
بەڕێزتان نوێنەرى کەرگەلى کوردستان دەکەن ، بە بێ ئەوەى حیزبە
پاکەکەتان ئەندام بووبێت لە بەرەى نیشتمانى نەتەوەیى دیموکراتى ( جوقد
) کە لە نێوان یەکێتى نیشتمانى کوردستان و حیزبى شیوعى و حیزبى
سۆشیالیستى کوردستان و پارتى سۆشیالیستى کورد – پاسۆک – و بەعسییەکانى
سەر بە سوریا ڕاگەیەنرا ، یان بەرەى نیشتمانى دیموکراتى ( جود ) کە لە
نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و حیزبى شیوعى و حیزبى سۆشیالیستى
کوردستان و پارتى سۆشیالیستى کورد – پاسۆک – ڕاگەیەنرا ، وەیان بەرەى
کوردستانى کە پێکهاتبوو لە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى
کوردستان و حیزبى شیوعى و حیزبى سۆشیالیست و پاسۆک و حیزبى
زەحمەتکێشانى کوردستان ، لە هیچ کامێک لەم بەرانە و لە هیچ گەندەڵى و
دزییەک و لە هیچ هەڵبژاردنێکى ساختە بەشدارى نەکردووە و هیچ تاوانێکى
کوشتن و بڕین و خیانەت و جاسوسى و یەکتر کوشتنى لەسەر تۆمار نەکراوە ،
کەچى هەندێک لەو حیزبانە کە مۆڵگە و داڵدەى خیانەتکار و جاسوس و خۆفرۆش
و بێشەرەف و کاسەلێسەکانن ، بێویژدانانە دەیانەوێ خائینەکانى ناو
حیزبەکانیان بۆ ناشرین کردنى یەکتر بە (جاش) بشوبهێنن ، هێندە بەدنمەکن
ئاوڕێک لە ڕابردووى سەردەمى شۆڕش نادەنەوە کە جاش و کەر لەو دەمەدا چۆن
ببوونە فریادڕەسى پێشمەرگە و لە هەموو نەهامەتییەکانیاندا هاوبەش بوون
و تەنانەت گیانیشیان بەخشیوە و ژیانیان لە پێناوى پێشمەرگە و شۆڕشدا
داناوە و زۆرێکیان بریندار و کەمئەندام دەبوون و برسێتى و تینوێتى
بڕستى لێ دەبڕین ، بەڵام ئەوانەى حیزبەکان پێیان دەڵێن جاش و بەبێَ
ئەوەى چاکەى جاش لەبەر چاو بگرن ، ئیش بۆ ئەوە دەکەن لەناو کۆمەڵگاى
کوردیدا ئەو ناوە بە باڵاى خائیناندا ببڕن ، بە مەرجێک خائینان شەرەف و
نیشتمان و نەتەوەیان لە دەربارى بەعسییەکان هەڕاج دەکرد بەڵام
باووباپیرى جاش ( کەر ) بەبەردەوامى لە خزمەتى نەتەوە و نیشتمان و شۆڕش
و پێشمەرگەدا بوون ، شەهید و بریندار و کەلوپەل و ئازوقەیان بۆ
پێشمەرگە دەگواستەوە ، خائینان شەهیدیان دەسووتاند و برینداریان بە
دواى سەیارەدا ڕادەکێشا و هاوڵاتییانى سڤیلیان سەر دەبڕى و پارەیان پێ
وەردەگرت و کەلوپەل و ئازوقەیان تاڵان دەکرد ، بەراوورد لە نێوان جاش و
خائیندا ئاسمان و ڕێسمانە و خواى بانى سەریش ئاگادارە کە کەر و جاش نە
چاوساغیى لەشکرى دوژمنى کردووە و نە هاوکارى کێمیاڕێژان بووە و نە
گوندى ڕوخاندووە و نە پرچى کچانى کوردى بۆ ئەنفال دەسکەنە کردووە و
نەبەشداریى تاوانى شەڕى براکوژى کردووە و نە بە دزینى داهاتى میللەت
تاوانبارە ! هەمیشە دایک و باوکى جاش ( کەران ) نەپساوە لەگەڵ شۆڕشدا
بوون و خائینانیش لەگەڵ دوژمن ، دوو سەنگەرى تەواو دژ بە یەکیان
هەڵبژاردبوو ، کەچى ئێستا ناوى پیرۆزى ئەندامانى حیزبەکەى ئێوە بەو
خائینانەوە ئەلکێنن کە ئێستا ئەندامى حیزبەکانى خۆیانن و بەرپرس و
دەسەڵاتدارن و دیوەخانانەیان بۆ بڕاوەتەوە کە ئامادە بوون لە ئۆغرى
بەعسییەکدا بە ئافرەتى کورد شەوانى سوور ساز بکەن جا ئەگەر ئافرەتەکان
لە خێزانى خۆشیان بووبن ، ئایا جاش ڕەفتارى وا قێزەونى ئەنجام داوە ؟ !
بۆیە لە ڕێگەى ئەم نامەیەوە داوا لە بەڕێزتان دەکەم چى تر ئەم زوڵمە
قبوڵ مەکەن و ڕێگە مەدەن ئەو حیزبانەى ناوى ئەندامەکانى خۆیان زڕاوە
ناوى ئەندامانى حیزبەکەى ئێوەش تێکەڵ بە خۆیان بکەن و ناویان بزڕێنن ،
چونکە بێشەرەفیى قەد لە ئەندامانى حیزبەکەى ئێوە نەوەشاوەتەوە.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|