نامەیەکی کراوە
بۆ بەرپرسانی لیستی گۆڕان و
ڕابەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و جەماوەری گۆڕان.
بابەت: پاکسازی لە جاش و فایلدار و تاوانکاران.
پاش ڕێز و سڵاو..
بەڕێزان ئێمە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ڕۆژانە
گوێبیستی پەیامەکانتان بووین کە دەتان دا بە گوێی جەماوەر، بە تایبەت
ئەو هەموو ڕەخنانەی کە گرتان لە دەسەڵات بەهۆی مامەڵەی خراپی لەگەڵ
کەسوکاری قوربانیان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان.
یەکێک لە هۆی ناڕەزایەتی کەسوکاری قوربانیان داڵدەدانی دەسەڵاتە بۆ جاش
و تاوانکاران، مخابن وەک دەبینین ئێوە بۆ خۆشتان هەمان ڕچەتان گرتە
بەر،وەرگرتنی جاش و تاوانکاران لە ڕیزەکانتان گومانمان لا درووست دەکات
و پەیامەکانتان دەخاتە ژێر پرسیارەوەو خەونی جەماوەری گۆڕانیش زیندە
بەچاڵ دەکات، ئەو جەماوەرەی بە حەماسەوە دەیەویست سزای دەسەڵاتداران
بدات بەهۆی هەڵوێستی لایەنگیری لە تاوانکاران.
بەڕێزان بە پێی زانیاریمان ئەم تۆمەتبارانەی لە خوارەوە ناویان هاتووە
لە گەڵ ئێوەدان :(رەئوف زەڕایەنی، شەهاب حاجی ئەحمەد لە کفری، محەمەد
عەلی چوکانی لە قەڵادزێ، سەردار سالار، عومەر حەمە حوسین لە
دەربەندیخان، خالد خولە سوور، شێخ برایم شێخ نەسە لە شارەزوور و شێخ
تەیب)، ئەمانە تەنها بەشێکن کە ئێمە ناویانمان بیستووە، ژمارەیەکی تریش
لە هاندەران یان ڕاستەوخۆ لە کۆمیتەکانی گۆڕان یان پشتیونتانن.
هاوکات بە پێی زانیارییەکانمان زۆر هەوڵتان داوە بۆ ڕاکێشانی ژمارەیەک
لە جاش و ئەنفالچییەکان بۆ ئەوەی دەنگ بە گۆڕان بدەن، هیواداریشین
هەوڵەکانتان لە گەڵ جاشەکانی زێباری و هەرکی و سورچی دوور بێت لە
ڕاستییەوە کە لە ڕۆژنامە وکەناڵەکانی ڕاگەیاندن بڵاوکرانەوە.
ئێمە باوەڕمان وایە هیچ گۆڕانکارییەک بە تاوانکاران ناکرێت، ئەگەر
دەنگی دنیایان لەگەڵدا بێت، هەر لایەن و دەسەڵاتێک پشت بەهێزو دەنگی
تاوانکاران ببەستێت ناتوانێت پەیامی گۆڕانکاری پێبێت و چارەنووسیان لە
دەسەڵاتداران باشتر نابێت.
داواکاری ئێمە لە ئێوەی بەڕێز ئەوەیە، بە هەمان ڕێگای پارتی دیموکراتی
کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا نەڕۆن و جاش و تاوانکاران لە
ڕیزەکانتان دەربکەن، گوێبیستی ڕەخنەی جەماوەر بن و وەڵامی خەڵک بدەنەوە،
با هەموو لەگەڵ گۆڕانی ڕاستیدا بین بۆ ژیانێکی باشتر، بۆ ئاسودەیی
کەسوکاری قوربانیان.
بۆیە ئێمە ئەم نامەیە تەنها ئاراستەی ئێوە دەکەین، چونکە وەک سێ
چالاکڤانی ئەم بوارە لە ساڵی1992ەوە، سەدان جار هەمان داوامان لە دوو
پارتە دەسەڵاتدارەکە کردوەو ئەنجامیان نەبووە، لە بری وەڵامدانی
نامەکانمان، هەموو جارەکان زیاتر پشتیوانی تاوانکاران بوون، هیوادارین
لە لایەن ئێوەوە وەڵامی پۆزەتیفمان دەستکەوێت، ئومێدمان وایە لە نێوان
دەنگی کەسوکاری قوربانیان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و خەڵکی ناڕازی
و تاوانکاران، بەرەی یەکەم هەڵبژێرن.
سەلام
عەبدوڵا - مستەفای حەسەن گەورە
- عەلی مەحمود محەمەد
24-8-2009
|