نان .
کهژاڵ ئیبراهیم خدر 1 هەر بەتەنیا منم رقم لە نانە یاخود ئێوەش هەر وەکو من خەونێکی سامناک دەبینن وەک خەونی چاوانی ژنە شەهیدێک هەست بزوێن و رەنگاڵەیی بێت ئێوە کامتان شەونمی ئەو ئازارانە دەمژن لەسەر پەڕەی روخساری ئەو ژنە نیشتووە خەون دەبینێ لە سپێدەیەکی تەنیایی دا بە گوشینی پەنجەکانی بە دوو ماچی لێوەکانی ، نانێک دەکڕێ بەو دوو نانە ووشەی دایک لە دەروونی هەردوو کۆرپەکەی خۆی دەسڕێ
2 هەر بەتەنیا منم رقم لە نانە یاخود ئێوەش هەر وەکو من ئەو ساتانەی بە شەقامەکانی بازاڕا تێدەپەڕن تابلۆی کام لە نیگارکێشان هێندەى وێنەی نانی نێو دەستی ئەو کیژۆڵە روومەت تەزیوەی سەر شەقام لە ناخەوە دەت هەژێنێ هێندەی دەمی وشک و برسی پیرەمێردێکی لا کۆڵان ؟ سینەی سوتاوی ژنێکی بەر خۆرەتاو دەستی نزای دەرۆزەکەر دەتگرێنێ
3 من هەر لە منداڵیمەوە فێریان کردم رقم لە نان ببێتەوە کاتێ دایکم، وەک پاسەوان لە دیار ساوەرەکەی سەربان لەبەرامبەر تیشکی خۆرەتاوی هاوین لە بەیانی تا ئێوارە دەیهێشتمەوە کاتێ باوکم هەموو عەقڵی لەگەڵ عەقڵی چۆلەکەیەک دەگۆڕییەوە مرۆڤێکی لە پەڕۆ دروستکراوی بۆ چاوترسێنی چۆلەکە دروست دەکرد کە چۆلەکە دەنیشتەوە لەسەر قاچ و شان و مل نەک تەنیا بە عەقڵی باوکم بەعەقڵی هەموو جوتیاران ،پێ دەکەنی
4 ئێوەش وەک من رقتان لە نان ببێتەوە بەم چاوانەی خۆم بینیم لە رۆژگارێکی زۆر ڕەشدا هەستی جوانی شۆڕە ژنان بەسەر تۆزی پێڵاوی جەلادەکاندا دەنیشتنەوە
5 دەیبینن ئەمە وێنەی کچێکی دەزگیران ئەنفالەو ئەوەش دایکی شەهیدێکە بوونە پەیکەر لە بەردەمی مزگەوتێکدا
6 ئێوە پێم بڵێن من چۆن رقم لە نان نەبێت لەسەر بەردو وردە گیای نێو سەنگەرێکدا سێ جۆگەی سووری خوێن رژابێت یەک بۆن و یەک رەنگیان هەبێت
7 وێنەگرێک گیانی سپارد بە تابلۆیەک کاتێ بینی داڵێک لە دارستانێکدا بەدیار مەرگی منداڵێکەوە وەستاوەو چاوەریێە دوا هەناسەی ژینی بدا گەدەی برسی لەلاشەی ناسک و پیرۆزی ئەو فریشتەیە تێر بکات.
|