په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠٢١

"نانی پیرۆز" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی "دھۆک"ی بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی

 


فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" لە دەرھێنانی ڕەوانشاد "رەحیم زەبیحی" و لە بەرھەمھێنانی "توورەج ئەسڵانی" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" لە ھەشتەمین فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی "دھۆک"ی بەدەستھێنا.

فیلمی دیکۆمێنتی "نانی پیرۆز" (نان مقدس) دوایین بەرھەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد "رەحیم زەبیحی"، لە بەرھەمھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "توورەج ئەسڵانی" و بەرھەمی کۆمپانیای سینەمایی "ماد موڤی"؛ دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گرینگە جیھانییەکان و بەدەستھێنانی چەندین خەڵاتی بەنرخ؛ لە نوێترین و دەیەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا، بە ئامادەبوونی "توورەج ئەسڵانی" بەرھەمھێنەر و "ئیلاھە نەوبەخت" بڵاوکەرەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرھەمە کوردییە، لە بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی" لە ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "دھۆک" و لە دوو سانسی جیاوازدا لە ھۆڵی سینەمایی "دھۆک مۆڵ" لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان نمایشکرا و لە لایەن ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێران و ڕەخنەگرانی سینەمایی و ھەروەھا بینەرانی ئامادەبوو لەم ڕووداوە سینەماییە پێشوازیی لێکرا و توانی خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی" ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی "دھۆک" بەدەستبێنێت.

خاتوو "ئیلاھە نەوبەخت" ئەم خەڵاتەی بە نوێنەرایەتی لە ستافی "نانی پیرۆز" وەکوو بەرھەمھێنەری ھاوبەش وەرگرت و لە وتەیەکی کورتدا گوتی: ڕۆحی ڕەوانشاد "ڕەحیم زەبیحی" شاد بێت و بە سپاس لە فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی "دھۆک"، "نانی پیرۆز" دوای بەشداریی لە فێستیڤاڵە گەورە و گرینگەکانی "ئیدفا"، "ھات داکس" و "زاگڕێب داکس" ئێمە ئەمڕۆ لە دھۆکین. شوێنێک کە پێگە و جێگای نمایشی ئەم فیلمە بوو؛ لەڕاستیدا شوێنێک کە زمانی دایکیی کەسایەتییەکانی "نانی پیرۆز"ە و ئەم بەڵگەفیلمە بەم زمانە خوڵقێندراوە.

گوتیشی: زۆر خۆشحاڵین کە "نانی پیرۆز" خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی "دھۆک"ی وەرگرت و بەختەوەرین لەوەی کە ئەم فێستیڤاڵە، ئەو دەرفەتەی ڕەخساند کە تیایدا ژیانی ڕاستەقینەی کۆڵبەرەکان بخرێتەڕوو و بتوانین دەنگی کۆڵبەرە بێدەنگەکانیش ببیستین.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "بەڵگەفیلمەکانی سینەمای کوردی" لە ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی فیلمی "دھۆک" بریتین بوون لە: "تەلال دێرکی"  دەرھێنەر لە ڕۆژئاوا، خاتوو "باوی یاسین" دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی بەلژیکا و "شەماڵ سەبری" بەرھەمھێنەری سەربەخۆ و بەرپرسی نووسینگەی ئەنستیتۆی ئەڵمانی "گۆتە" لە ھەرێمی کوردستان.

بڵاوکردنەوەی نێودەوڵەتی ئەم بەرھەمە دیکۆمێنتارییە، لە ئەستۆی کۆمپانیای "تسویر گستر الھە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاھە نەوبەخت"ـە.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بە سەرۆکایەتی "ئەمیر عەلی محەمەد تاھیر" و بە دەرھێنانی ھونەری "شەوکەت ئەمین کورکی" بە یادی سینەماکاری ھەرمانی کورد "یەڵماز گۆنای" دەرھێنەری براوەی خەڵاتی گەورەی "چڵە خورمای" فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا (١٩٨٢) و بە مەبەستی پردی پەیوەندی نێوان دەرھێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیھان و ھەروەھا ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە.

ھەشتەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە، بە نمایشی ٩٤ بەرھەم، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، واتە: ٩ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٥ بەڵگەفیلم و ٩ کورتە فیلم، بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، واتە: ٦ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٦ بەڵگەفیلم و ١٢ کورتە فیلم، بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیھان"، واتە: ٨ فیلمی بڵندی سینەمایی، ٤ بەڵگەفیلم و ٧ کورتە فیلم، بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردی"، واتە: ١٧ کورتە فیلم، بەشی "نمایشی تایبەت بە سینەمای ئەفغانستان" ٨ فیلمی بڵندی سینەمایی و بەشی "نمایشی تایبەت بە سینەمای کوردستان" ٤ فیلمی بڵندی سینەمایی لە ڕۆژانی ١٥ تا ٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی بەڵگەفیلمی "نانی پیرۆز"
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک